فرانسیسکۆس قەدیسی من، رۆمانێک لە گریان و ئەڤین
عومەر سەیید
“ئیتر بەسە فرمێسک و شیوەن، من حەزم لە هەناسەهەڵکێشان نییە، بە روخساری مۆن خەمین دەبم، من پەرۆشم بۆ بیستنی پێکەنین لەسەر ئەرز! دەی برا ئیرێنیۆ بلوێرەکەت کۆک بکە، گۆرانییەک بچڕە تا خودا دڵی گەرم بێ!” رۆمانگەلێکی زۆر هەن پڕن لە مەرگ و خوێن. بەڵام هیچ رۆمانێک نییە هێندەی ئەم رۆمانەی نیکۆس کازانتزاکیس، پڕ بێت لە گریان و فیغان و فرمێسک، لە بانگەشە بۆ ئەڤین، بۆ رۆحانییەت و خۆ پاککردنەوە لە شت و ماتریاڵ و هەواوهەوەس. کۆی رۆمانەکە بریتییە لە دەستنووسێک کە تیایدا خوێنەر بە ژیان و دنیابینی ئەم قەدیسە خۆنەویستە ئاشنا دەکات. ئەو قەدیسە راستەقینەی کە لە نێوان ساڵانی١١٨١ بۆ ١٢٢٦ دا ژیاوە و بە یەکێک لە قەدیسەکانی کەنیسەی کاسۆلۆکی ئەژمار دەکرێت. دەقەکە لەسەر دنیابینی و پەیامە مرۆڤانەکەیەتی. هەر بۆیە سادە و روون لە رێگای گێڕانەوەیەکی ئاسایی، بارگاوی و تەژی لە وێنە و دیالۆگ و ئایدیای قووڵ و فراوانەوە، پێ بە پێ لەگەڵ خۆیدا دەتبات. گێڕانەوەی رۆمانەکە لە لایەن لێوی سواڵکەر و هاوسەفەر و موریدی قەدیسەوەیە. گێڕانەوەیەکی سادە، بەڵام کاریگەر و سەرنجڕاکێش و شاعیرانە، پڕ لە کۆجیتۆ و دێڕی قووڵ و بارگاوی بە قووڵایی ناخی ئینسان کە جارێک دەتبات بەرەو هیوا، جارێکیش بەرەو نا ئومێدی. لە هەندێ بەش و شوێندا، رووداو خاوخلیچکە و لە هەندێ شۆێنیشدا خێرا و زەمەنی چڕ. بە گشتی لە رێگەی رۆمانەکەوە، بەر دوو کەسایەتی دەکەوین. فرانسیسکۆسی قەدیس کە بانگەشە بۆ دنیای رۆحانی و عیرفانی دەکات. بۆ ئەڤین و خۆشەویستی باڵندە و ئاژەڵەکان. قەدیسێک کە دەیەوێت لە رێگای عەزاب و ئازاردانی قوڕی جەستەوە، لە رێگەی پشتکردنە لەزەت و ویستە مادییەکانەوە، بگاتە خودا. ئەوی تریان لێوی شوێنکەوەتەیە، کە کەسایەتییەکە زیاتر بابەتی و ئینسانییە و دەخوازێ هاوگونجاندنێک بخاتە نێوان جەستە و رۆحەوە. ئیدی ململانێی و دژیەکی دەکەوێتە نێوان دوو دنیابینییەوە، نێوان حەقیقەتی مرۆڤ و مەجازەوە، نێوان سیما و دەمامکەوە، نێوان فرانسیسکۆی دژە جەستە و هەواداری ئازار و عەزابەوە و لێوی موریدییەوە کە دەیەوێت هاوسەنگی مرۆڤانەی خۆی بپارێزێت. لە جەوهەردا، ئەوەی لای من لەم رۆمانەدا گرنگە و جێی هەڵوێستە لەسەر کردنە، دیوە ئاینییەکەی نییە. ئەوەی لە ئاینی ئیسلامیشدا خۆی لەو دەروێش و خودا پەرستانە دەبینێتەوە کە پشت دەکەنە دنیا و لە نێو ئەشکەوتەکاندا ژیان بە خوداپەرستییەوە دەبەنە سەر تا دەمرن. بەڵکو ئەوی جوان و مرۆدۆستانەیە، ئەو بانگەشە و پەیامەیە کە بۆ ئەڤین و هاوگونجاندنەیە بۆ سۆز و خۆشەویستی بۆ هەموو بوونەوەرانی سەر ئەم هەسارەیە، بینینی خودایە لە رێگای ئاشتی و عشقەوە. هاوشێوەی مەولانا و ئایدیا و دنیابینی عاشقانەی تەسەوف و عیرفانەوە کە هەمیشە دەرگایەک بووە بە رووی مرۆڤایەتی و خۆشەویستی. هەڵبەت کارێکی قورسە، قسەکردن لەسەر ئەدەب و فەلسەفەی ئەم نووسەرە مەزنە، لەسەر دنیابینییە عیرفانی و رۆحانییەکەی، ئەم نووسینەی من تەنها ئاوڕدانەوە و سەرنج خستنە سەر ئەو لایەنە ژیان دۆستانەی دەقەکەیە کە بانگەشەیەکی ئاشکرایە بۆ مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستدا، تا کەمێک لەو دنیا مادی و خۆپەرستی و غەرق بوونەی لە جەستە و سەروەت و سامەنە بێتە دەرەوە و وەک مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ ناخی خۆی و ئەڤینداری. هەوڵێکی ئەو پیاوە مەزنەیە، بۆ وەسەرپێ خستنەوەی مرۆڤایەتی بۆ رێگای ئایدیا و بەهای باڵا. بۆ فەزیلەت و ئاشتیخوازی. لە دنیایەکدا کە رۆژ دوای رۆژ، وێرانتر و پڕ لە جەنگ و نامۆبوون دەبێت و هەنگاو بەرە و هەڵدێر دەنێت. کۆتا پەیامی ئەم رۆمانەی کازانتزاکیس دەیەوێ بڵێت، مرۆڤ بە ئەڤین و بەزەیی دەگاتە پلەی نەمریی، ئەوەتا لە دوا دێڕدا و پاش مردنی فرانسیسکۆی قەدیس، لە ڕێگای چۆلەکەیەکی گچکەوە، دەگەڕێتەوە ناو ژیان. “ئەوە تۆیت باوکە فرانسیسکۆس، ئەوە تۆیت کە جلکی چۆلەکەت پۆشیوە!” سوپاس شاعیری بەڕێز و وەرگێڕی بە سەلیقە، سوپاس دلاوەر قەرەداغی کە بەردەوام ئەم شاکارە مەزنانەی جیهان بە زمانی کوردی دەخەیتە بەردەستمان. بەشێکی گرنگ و جوانی کتێبەکە، سیحری وەرگێڕان و زمانە جوانەکەیەتی.
* عومەر سەیید
