ڕانانێکی شایستە و پوختی کاک جەلال مەعروف، بە سوپاسەوە بۆ ڕۆمانی

“تەنها دارهەنارەکە خۆی”

ــــــــــــــــــــــــ

(کە کتێبێک دەکەمەوە، یان هەر کە پێ دەخەمە کتێبخانەیەکەوە، ڕاستەوخۆ بیرم بۆ ئەوە دەچێ، بۆچی تا ئێستا بۆنی کتێب نەکراوەتە شووشەوە)

کارلۆس رویز زافۆن

(لە وڵاتی میسۆپۆتامیا وەک ئەوەی نوێڵێکی زەبەلاح هەبێت، هەر ڕژێمێکی تازە لە ڕژێمی پێشووی بڕفێنێ! تا درێژە بە وێرانکاری بدات و گۆڕی قووڵتر و قووڵتر هەڵکەنێت)

سینان ئەنتوون

(سینان ئەنتوون یەکێکە لە باشترین ڕۆماننووسەکانی ئەم سەردەمە)

ئەلبیرتۆ مانگوێل/ ڕەخنەگر، ڕۆماننووس و ڕۆمانناس

کتێب ئاوێنەیە، بە تایبەت ئەدەبیات، لەناو ئەدەبیاتیشدا ڕۆمان، چونکە خوێنەر ئەو کەسانەی تێدا دەدۆزێتەوە کە بە شوێنیاندا دەگەڕێت، ئەو کەسانەی لە ڕۆحی نووسەرەکەدا هەڵگیراون. مارکییز دەڵێ؛ هیچ شتێک لە نووسین بە قەڵەمێکی باش باشتر نییە. لەناو لێشاوی کتێبە خراپەکانی ئەم ڕۆژگارەشدا، بەختی باش بۆ خوێنەر ئەوەیە کتێبێکی باش بخوێنێتەوە، چونکە خوێندنەوەی کتێبی خراپ تووشی نەخۆشیمان دەکات، نەخۆشی ئالوودەبوون بە خوێندنەوەی کتێبی خراپەوە، (عەتا محەمەد).

زۆر نین ئەو نووسەرانەی عەشق بۆ ژیان وایان لێ دەکات بە قووڵیی بیر لە مردن بکەنەوە، دروستتر بڵێم، بیر لە مراندن بکەنەوە، مراندنێک کە هاندەرە دوژمنکار و ڕقاوییەکەی ناخمان وروژێنەر و هەڵسووڕێنەریەتی، مراندنێک ڕەگ و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی، پیاوان هەر لە ئەزەڵەوە، لە هابیل و قابیلەوە یەکترکوژن. بەڵام ئەوەی مایەی دڵارامییە ئەوەیە، ئەو هەموو نەفرەتەی مرۆڤـ ــپیاو لە یەکتری هەرگیز سەری نەگرتووە و سەریش ناگرێت! گەر سەری بگرتایە دەمێک بوو نە پیاوێکی ژیر و خاس، نە ژنێکی خانومان لەم دنیایەدا نەمابوون.

ئەوە قەدەرە یا مێژوویەکی هەڕەمەکی و تووندوتیژ کە هەموو شتێک لەڕەگەوە هەڵدەکێشی و ڕایدەماڵێت.. تەنها دارهەنارەکە خۆی، دارهەنارێکی بێنازە و ساڵەهایە ئاوی مردووشۆریی دەخواتەوە! شایەتی گێڕانەوەی مردووشۆرییەکی شیعەکانە لە بەغــدا، مردووشۆرییەک لە باوانەوە، پشتا و پشت، وەک میرات بۆ پەیکەرتاشێکی عاشق بە کارە هونەرییەکانی (جیاکۆمیتیی) ماوەتەوە.

کوشتار و مراندنی بەردەوامی جەنگەکانی سەدام و شەڕە تائیفییەکان وا لە پەیکەرتاشەکە دەکەن بیر لە هەڵاتن بکاتەوە. هەڵاتن لە وڵاتێک کەس نازانێت خەڵکەکەی کەی لە سەربڕینی یەکتر ماندوو دەبن و دەوەستن.

نووسەری ئەم ڕۆمانە (سینان ئەنتوون) لەو نووسەرانەیە، خەم لە کارەکانییەوە دەپێچێت. ڕۆمانی «تەنها دارهەنارەکە خۆی» ڕۆمانێکی بێ گرێوگۆڵ و سەرسامکەر و سەرنجڕاکێشە، حەز دەکەیت لە یەک دانیشتندا بیخوێنیتەوە. ڕۆمانێکە بۆ تێگەیاندن نووسراوە، هەروەک پاموک دەڵێ؛ ڕۆمانی باش ئەو ڕۆمانەیە بۆ تێگەیاندن دەنووسرێت نەک دادگاییکردن.

دەستخۆشی زۆرم بۆ کاک(دلاوەر قەرەداغی) بۆ وەرگێڕانە شاعیریانەکەی. تا ماوەیەکی دوور و درێژ بۆن و بەرامەی کەسایەتییەکانی ناو ئەم ڕۆمانە، جودی، حەمودی، ئەمووری، مامۆستا ڕائید، ڕیــیــم و غـــەیــدا بە سەری پەنجەکانمەوە دەمێننەوە…

چەند دێڕێک لە ڕۆمانەکە:

(( لە دووایین ساڵانی خوێندنی ئامادەییدا، پێم لە سەردانی مەزارگەی ئیمام موسا بڕیبوو، لە هەموو کەش و سرووتەکانیشی دوورکەوتبوومەوە و باوەڕم پێیان نەمابوو. دایکم کە بە زێدەڕۆیی لە گوێڕادێران لە باسم کەربەلایی ڕایهێنابووم، ڕۆژێک عەباکەی بەسەریدا داو گوتی؛

جودی، من بۆ کازم دەڕۆم، ئەمڕۆ یادی ئیمام موسایە و مەلا باسم کەربەلاییش لەوێیە و دەلاوێتەوە.

پێم گوت، چاوەڕێ بکە، پێکەوە دەڕۆین.

وتی؛ بە ڕاست!؟

شەقامەکانی کازمییە لە هەموو سووچ و قوژبنێکەوە جمەیان دەهات لە زیارەتکار. هەردوو گومبەز و چوار منارە ئاڵتوونییەکە بە کاریگەری زنجیرە ڕووناکییەکان کە وەک پرد بە دەوریدا درێژبوبوونەوە، لە دوورەوە بریقەیان دەهات، پرشنگی پەخشبووی لەناو مەرقەدەکەوە ئاسمانەکەی سەری لێوڕێژ لە ڕووناکی کردبوو.

هاودەمی سوژدەی درێژ و فرمێسکی زۆر، باسم کەربەلایی لە بەردەم مایکرۆفۆندا ڕاوەستا و سڵاوی لە زیارەتکاران کرد. کاغەزێکی لە گیرفانی دەهێنا و بە دەنگێک کە دڵی دیل دەکرد ودزەی دەکردە ناخەوە، کەوتە خوێندن:

ئەم غەریبەیە خەڵکی کوێیە؟

کوا کەسوکارەکەی؟ بۆ کوێ چوون؟

ناوبەناو هەمووانی هان دەدا بگرین ” بگری بۆ ئیمامەکەت بگری، بگری بێ پەروا بۆی بگری “

وێنە و هەست و سۆز لە هەردوو کومەزەکەی ناوەوەمدا، لە سەر و لە دڵمدا تێکچڕژابوون. هەموو ئەو پەیکەرانەی دامنەتاشیبوون، هەموو ئەو وێنانەی وەک هێڵکاری لە سەرمدا مابوونەوە بەیەکداچووبوون، ڕییم و مەمکی کە نەشتەرگەری بە هۆی شێرپەنجەوە لە ڕەگەوە هەڵیکێشابوو و لە گەڵیشیدا پەیوەندییەکەشمانی هەڵکێشابوو، غەیدا و لەشی کە وەک کۆتر بۆ دوور لێم فڕی، باوکم و ئەمووری و حەمودی، دەموچاوی ئەو لاشانەی کە شۆردبوومن و کفنم کردبوون و بەرەو گۆڕ ڕەوانەم کردبوون، فرمێسکم بە خووڕ دایکرد، دەموچاوم داپۆشیی و لەو دەلاقەیەدا مامەوە کە دەمتوانی تیایدا بەبێ ڕاڤە و بەبێ شەرم بگریم. ئازار و برین سییان بۆ دروست بوو کە دەکرا هەناسەی پێ بدەن. گوتم:

ببوورە ئەی موسای کوڕی جەعفەر، من لە نێو زیارەتکارەکانتدا غەوارەم، وەک خۆت غەوارەم، بۆ تۆ ناگریم، بۆ خۆم دەگریــــم ))