
نامەی تۆماس ترانسترۆمەر بۆ ڕۆبێرت بلای
ـــــــــــــــــــــــــــــ
١٧ ی نۆڤەمبەری ١٩٦٩
ڕۆبێرت – ی ئازیز
دیسان لێرە دانیشتووم و بە ئامێری تایپەکەم کەوتوومەتەوە تەقوهوڕ. ئێستا کە خۆپیشاندانە گەورەکە تەواو بووە، ئیدی ڕەنگە کاتت هەبێت نامە بخوێنیتەوە و وەڵامیش بدەیتەوە. لە ڕۆژنامەکاندا نووسراوە کە ئێوە لە واشنتۆن ٣٠٠ هەزار کەس بوون. چاکە! هەڵبەت من تەماشاکەرێکی هەر زۆر نیگەران بووم – دەترسام شتێک لە گرێژنە بچێ و ئەوە بەهانەیەک بداتە نیکسۆن* تا هەر هەموو Sturmbrigade ــەکەی بەکاربهێنێ. دەبێ شتێکی زەحمەت بێت کە ٣٠٠ هەزار سێوی ڕزیوت لە بوشکەکەدا هەبن (دەشێ وشەکەم بە هەڵە بەکارهێنابێ – ئاخر لێرە هیچ فەرهەنگێکی زوبانم لەبەردەستدا نییە).
لەم ڕۆژانەدا یۆران سوننیڤی تەلەفۆنی کرد و چەند دێڕە شیعرێکی نوێ و – وەک دەردەکەوت – زۆر بەهێزی تۆی بۆ خوێندمەوە کە خەریکی تەرجەمە کردنییەتی، بەڵام گوتی لە ” بڕگە بوزاییەکان” دا پێویستی بە یارمەتیدانی منە. شیعرەکەم بۆ بنێرە!
لە کۆتایی ئۆکتۆبەردا دوو هەفتە لە ئەوروپای خۆرهەڵات بووم – دوو هەفتە لە هەرە کاتە بە شۆر و شەوقەکانی ژیانم. من لەلایەن ئینستیتیۆی سوێدەوە هەنێردرابووم و ئەرکم ئەوە بوو پێوەندی لە پشت و لەمیانە و لە پاڵ کەناڵە بیرۆکراتە فەرمییەکاندا دروست بکەم. پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەودیو دیواری ئاسنینەوە هەر ئێکجار فەرمییە، ئێمە پرۆگرامێکی ئاڵوگۆڕی کولتووریمان لەگەڵیاندا هەیە، بەڵام زۆرجاران لەبری خەڵکە ڕاستەقینەکە، خەڵکە سیاسییە بیرۆکراتەکە دەگەنە ئێرە. جا بۆیە بۆ ئەم ئیشەش دەستنیشانکرام، چونکە سەرم لە زوبانی ئەڵمانیی دەردەچێ، مارکسی نیم و موحافەزەکاریش نیم، هەروەها لەبەرئەوەش کە نە ئێکجار گەنجم و نە ئێکجار پیر، نە ئێکجار نەناسراوم و نە ئێکجار ناسراو، نە ئێکجار فەرمیم و نە ئێکجاریش سەربەگۆبەنگ و هتد ….. من لەگەڵ شاعیرێکی کۆچبەری هەنگارییدا ئیشم لە وەرگێڕان لە هەنگارییەوە کردووە، لەبەرئەوە نەختێک شارەزای هەنگاریام بە تایبەتییش بۆدابست. لە دوایین دەقیقەدا هەنگارییەکان زانییان من بەڕێگەوەم و کردمییانە ”میوانی فەرمیی یەکێتیی نووسەران”، دەرەنجامی ئەوەش لەلایەن ژنێکی پڕ وزەوە (وەک تەرجومان) پێشوازیی کرام و پێشوەخت بەرنامەیەکی فەرمییم بۆ دانرابوو. هەڵبەت ژنە تەرجومانەکە شتەکانی لە هەندێک لاوە ئاڵۆزکاند، بەڵام دوای نیوەڕۆ ماندوو بوو و کۆڵی دا، ئیدی ئەوسا توانیم بکەومە سۆراخی ئەدرێسە تایبەتەکانی خۆم. شتێکی خۆشە سیکۆلۆگ بیت- هەنگاریا ئاڵۆزە. نزیکەی ٨ کۆمپۆسیتۆر، ١٣ شاعیر، ٣ سەرنووسەر، ٢ وەشانکار، بەڕێوەبەری خانەیەکی کوڕانی لاسار و ٢٠ کەسی ئاسایی و هتد … یم بینین.
یەکێک لەوانەی کە دەمویست بانگهێشتی سوێدی بکەم؛ یانوس پیلینسزکی شاعیر بوو، ئەوەی کە هاوینی ڕابوردوو تۆ لە کۆنفرانسی شیعر لە لەندەن بینیوتە. پیلینسزکی لە ژووری باڵەخانەیەکی ناوەڕاستی بۆدابست – دا دەژی (هەروەک زوربەی خەڵکە هەژارە هەنگارییەکە توانای ئەوەی نییە خاوەن باڵەخانەی خۆی بێت)، ئەو کەسێکی لەبەردڵانە، چەند ئێوارەیەکی لە یادەوەرییدا بەنرخمان پێکەوە بەسەر برد (بەبێ تەرجومان). پێگەی فەرمیی وی لە هەنگاریا لاوازە و بێگومان لە توانایدا نییە مۆڵەتنامەی سەفەر بۆ سوێد وەربگرێت (خۆی کاتۆلیکێکی ئیماندارە و ژنەکەشی بۆ فڕەنسا هەڵهاتووە). پیلینسزکی بە پەرۆشەوە باسی تۆی دەکرد – سەری سووڕمابوو چۆن توانیویەتی پێوەندییەکی هێندە پتەو لەگەڵ ئەمریکاییەکی وەک تۆدا دروست بکا کە یەکەم جار بە جلکە سەیروسەمەرە و ڕەفتارە هەوسارپچڕاوەکانتەوە بینیوتی، زەندەقی لێت چووە. ئەو لەنێوان ساڵانی ١٩٤٨ تا ١٩٥٦ یەک تاقە دێڕی بڵاونەکردووەتەوە. یەکێکی تر لەو شاعیرانەی کە هەر لەو ماوەیەدا ناچار بە بێدەنگیی کراوە ساندۆر ویرۆرس- ـە و ئەویش کەسێکی ترە کە دەمەوێ پێشنیار بکەم بۆ سوێد بانگهێشت بکرێت. من پێنج شیعری ئەوم بۆ بەرنامەیەکی ڕادیۆیی و BL.M وەرگێڕدراون. شتێکی هەست وروژێنە کاتێ بە دیداری ئەم جۆرە کەسانە دەگەیت کە توانیویانە سەروەری مرۆییانەی خۆیان بپارێزن سەرباری ئەوەی ساڵانێکی زۆرە وەک سەگی پاڤلۆڤیی مامەڵە دەکرێن.
بەڵام ئەوڕۆ بارودۆخی هەنگاریا بەراورد بە چیکۆسلۆڤاکیا ئارامە. لە پراگ من چ میوانێکی فەرمیی نەبووم، بەڵام نامەیەکی ڕاسپێریم بۆ سەرۆکی بەشی کاروباری دەرەوەی یەکێتی نووسەران پێبوو. نامەکە ئەو خانمە چیکیییە نووسیبووی کە تۆ ساڵی ڕابردوو لە ماڵەکەی من بە دیداری گەییشتیت. ئەو خانمە لە نامەکەیدا نووسیبووی من شاعیرێکی ناسیاسییم. هەڵبەت ئەوە تەواو ڕاست نییە؛ بەڵام ئەو گوزارشتە وەک ڕاسپێری لە پراگ بەکاردەهێنرێت! سەرۆکی بەشی کاروباری دەرەوەی یەکێتی نووسەران کەسێکی میهرەبان بەڵام تا بڵێی شپڕێو بوو کە لەیەک کاتدا بە پێنج تەلەفۆن قسەی دەکرد و باڵی ڕاستیشی بە سەختی زامدار بوو. وی هەوڵی دەدا گەشبینییەکی فەرمییانە بەرامبەر ئایندە پیشان بدات، بەڵام چاوانی شتێکی تریان دەگوت.
پاشان مەرەخەس کرام و لێم گەڕان کێم پێخۆش بێت بیبینم – و دەی منیش هەروام کرد. سەعاتگەلێکی زۆرم بە وتووێژەوە بەسەر برد، وتووێژم دەکرد و بە ڕەشبینییەکی چڕ و هاوبەش بەرەو ڕوو دەبوومەوە. ڕەشبینی نووسەران، کرێکاران، ئەندامانی حیزبەکان و بازرگانان …. هەمووان کاردانەوەیان بە هەمان شێوە بوو. ئەوانە خەڵکانێکی میهرەبان بوون و دەیانزانی کە نوێنەرایەتی لە سەدا نەوەدونۆی ڕای گشتیی دەکەن و تەواوێکیش دڵنیابوون لەوەی ئەو لە سەدا یەکەی کە ماوە، وەک سەردەمە کۆنەکان ئامادەی ئەنجامدانی تیرۆر و قڕکردنن. ڕەوشەکە ڕێک بە هەمان ئەو جارەی بەر لە سەفەرەکەم کاتێ کە (هوساک**) سنوورەکانی داخست، وابوو. خەڵکی نائومێدانە پەرۆشن جۆرێک پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی تری ئەوروپادا بهێڵنەوە بە جۆرێک کە کتوپڕ هەستم کرد چۆن هەیبەتە گاڵتەجاڕانەکەی ئینستیتیۆی سوێدی، ئاڵوگۆڕی کولتووریی و هەموو شتە هاوچەشنەکانی تر دەڕەوێتەوە. هیوادارم بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە ئایندەدا دەستنیشان بکرێم. سوێد لە ڕەوشێکدایە کە هەلومەرجی ئەوەمان دەداتێ شتێک بکەین. شتێکی زۆر کەم… بەڵام بەهەرحاڵ شتێک.
ماڵ و منداڵ باشن. (…….) دەزانی کارول مانگێک لەمەوبەر نامەیەکی جوانی بۆ مۆنیکا و من نووسیوە؟ زۆر بەوە شادمان بووین و بەردەوام پەرۆشی ئەوەین کە هەمدیس بە دیدارتان بگەینەوە.
سڵاوی گەرم!
تۆماس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
و/ دلاوەر
لە کتیبی AIR MAIL
Brev 1964- 1990
*مەبەست لە ڕیچارد نیکسۆن، سیوحەوتەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. (و)
** هوساک: مەبەست لە گوستاڤ هوساک (١٩١٣- ١٩٩١) سیاسەتمەدار و ڕابەری چیکۆسلۆڤاکیای پێشووە کە لە ساڵی ١٩٦٩ – ١٩٨٧ سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی چیکۆسلۆڤاکیا و لە ساڵی ١٩٧٥ – ١٩٨٩ سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە. (و)