
شیعری مەها عوادە
وەرگێڕانی دلاوەر قەرداغی
تابلۆ سامان دارتاش
دەستی بێ جووڵەیە،
چما هەر ئێستا
لە دەستهێنان بە شتەکاندا پشووی دابێ.
دەستم لەنێو دەستیدایە…
هەستی پێ دەکەم وەک ئەوەی
دەستم نەخشەی وڵاتێک بخوێنێتەوە
کە دوور دەکەوێتەوە..
لە دەمارەکانیدا بە دوای ڕووبارێکدا دەگەڕێم
دەڕژێتە دڵەوە،
بە دوای ڕاڕەوێکی گڵدا ئەگەڕێم
لێدانی دڵ فریو ئەدا کە ئاوڕ بداتەوە،
کە لێ بدا،
وەک لێدان لە دەرگای ماڵە کۆنەکەمان.
بە سەرکەوتنێکی کپەوە،
سستەرەکە پێڵوو هەڵدەبڕێ
ڕووناکییەک بیلبیلە خافڵگیر دەکا
کە پەنا بۆ تاریکایی خۆی دەبا،
چیدی لە بەیانییەکانماندا شتێک نابینێ
شایستەی ئەوە بێ مرۆڤ سەرنجی بدا.
لەودیو شووشەکەوە،
دارلیمۆیەک گەڵایەکی تەڕوتازە بۆ هەوا فڕێ دەدا.
بە لایەنگیرییەکی بریندارکەرەوە، حەقی بەسەر ژنێکەوە نییە
کە بەدیار هەناسەکانی باوکییەوە
پاسەوانیی دەکا.
ترشەڵۆکێک لە گەروودا،
ئارامییەک کە تەواو بەشی ئەوە دەکا،
مردن لە سووچێکدا لێی دانیشێ و
کاوەخۆ خەریکی دان و ستانی خۆی بێ.
ئەگەر وەئاگا بێتەوە و لێم بپرسێ:
چما هیچ گۆڕاوە؟
بە دەنگێکی هێور وەڵامی ئەدەمەوە:
نا، باوکە…
جگە لە گەڵایەک کە نەختێ گەورە بووە،
بەردێکیش کە نیو میلیمەتر ترازاوە و
دڵم،
دڵیشم کە بە دوای بەردەرگایەکی نوێدا دەگەڕێ،
تا کەڕەتێکی تر
ئەم ژیانە کێشانە بکا.
ـــــــــــــــــــــ
مەها عەوادە