
دەڵێ: «لە گۆشەگیرییەکەیدا سەردانیم دەکرد.»
مەها عەواودە …. وەرگێڕانی دلاوەر قەرەداغی
درۆ دەکا!
گۆشەگیریی سەردان ناکرێ. گۆشەگیریی ژوورێکی بێ دەرگایە. ئەو کەسەی لافی ئەوە لێ بدا چووەتە ناوی، ئەوا ئەو کەسە یان دزە، یاخود شاعیرێکی درەنگ هاتووە. بەڵام مردن بە یەک جار هەموو دەرگاکان دەکاتەوە. مردن ئەندازیارێکی قێزەونە: خەڵکانی غەوارە دەکاتە گێڕەرەوە، ڕەوتەنیی دەکاتە میراتگر و دردۆنگ دەکاتە دەمڕاست. شاعیری گۆشەگیر لە یەک ساتدا حەفتا ڕەفیقی گیانیبەگیانی بۆ پەیدا دەبن، هەر یەکەیان کلیلی ئەو ماڵەی پێیە کە هەرگیز دووپێی تێ نەچووە.
جارێکیان نووسی: «من لە زمانمدا موسافیرم، ناگەم». بەڵام ئێستا گەیاندوویانە. ئێستا دەگاتە هەموو کۆنفرانسێک، دەگاتە هەموو فێستیڤاڵێک، دەگاتە هەموو ئێوارەکۆڕێک کە ئەو ئامادەیان نەبووە. لە وتووێژگەلێکدا ئاماژەی پێ دەدرێ کە بەشداری تیایاندا نەکردووە. بانگهێشتی هاوڕێیەتیگەلێک دەکرێ کە تێیان نەچووە. ئەو هێندە بووەتە نادیار کە بەس بێ تا لە هەموو جێگەیەکدا ببێتە دیار.
نادیاران نیعمەتن لە ئاسمانەوە، مردووانیش هاوڕێگەلێکن کە قەرەبوو ناکرێن. دەستیان لە تەوقەکردنی لینج ناکێشنەوە، پەنجەرە بەڕووی ئەو باخچانەدا داناخەن کە زۆرەکی بە ناویانەوە دەچێنرێن، دەست نانێن بە ڕووی دیاری زۆر درەنگ هاتووەوە.
لە ئامادەیی نادیارییدا، شتەکان زیاتر بەرجەستەترن. ئەو دەرگایەی کە بە وریاییەوە بە کەلایی دەهێڵرێتەوە، بە تەواوی دەردەکێشرێ، تا وێنەیەک لە قاوشەکەدا بگیرێت. ئەو پیاوەش کە دەمێکە پارێزگاری بە مەودایەکی بێچەندوچوونەوە کردبوو، زەردەخەنەکانی وەک قەڵغانی خۆپاراستن بۆ بەرپەرچدانەوەی مشەخۆران دابەش دەکرد، لە بێدەنگییە ئەبەدییەکەیدا دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ هەڵبەستنی نزیکایەتییەک کە هەرگیز ڕووی نەدابوو، دۆزییەوە.
بەو چەشنە دیارنەبوون بە زیرەکیی باخەوانێکی فێڵباز چێ دەکرێ؛ کورسییە چۆڵەکان بۆ دەعوەتگەلێک دەبرێن کە شوێنی ئەمان نین. نهێنییەکان یەکلایەنە دەچێنرێن، درەختەکان لە حەوشەی ماڵەوەوە بۆ باخچەکانی دونیا بار دەکرێن، لەبەر هیچ نا، تەنها بۆ ئەوەی زیندووان لە سای سێبەری مردووەکەدا بحەوێنەوە، ئەمیش تەنها پێویستی بە مردنەکەی خۆی بوو تا دیمەنەکە کامڵ ببێ.
چەند خۆش و سەرسووڕهێنە میوانداری پیاوێک بکەی کە هاواری کردووە: «من نامۆم بە هەموو ئەو شتانەی لە زمانی منەوە هێنراون»، تا خۆشی بێ و ترشی بێ مانەوەیەکی ناچاریی لە دەقەکەتدا پێ ببەخشیت، پاشان تەواو تەواو لە جێگەکەیدا ڕاوەستیت و چاوەڕێی چەپڵە بکەی.
بەو چەشنە پێویستە یادەوەرییەکانی هاوڕێی درەنگکەوتوو کۆتایی پێ بهێنرێ: بە وێنەیەک کۆتایی بێت کە هەردووکیان کۆ بکاتەوە. ئەو و نادیارەکە. لە وێنەکەدا؛ نادیار بۆ دوور دەنۆڕێ و هاوڕێش تەماشای کامێرا دەکا.
_______________