
«هەورێکی پانتۆڵ لەپێ»
جەودەت هۆشيار
و/دلاوەر
شیعرە بەنێوبانگەکەی ڤلادیمێر مایاکوڤسکی؛ «هەورێکی پانتۆڵ لەپێ»، لە یەکەم پاکنووسیدا ناونیشانێکی تەواو جیاوازی هەبوو: ناوی «پەیامبەری سیازدەیەم» بوو. مایاکۆڤسکی ساڵی ١٩١٤ شیعرەکەی لە قۆناخێکدا نووسیوە کە ئەزموونە شیعرییەکەی ڕووەو زمانێکی نوێ، ڕاچڵەکێنەر و یاخی هەنگاوی دەنا، کە خۆشەویستی و تووڕەیی و ناڕەزایەتی و شۆڕشی دژ بە قاڵبە ئەدەبیی و کۆمەڵایەتییەکان تێدا کۆ کردبووەوە.
کاتێکیش مایاکۆڤسکی بۆ دەزگای سانسۆر ڕۆیشت تا ڕەزامەندی بۆ بڵاوکردنەوەی شیعرەکەی وەربگرێ، وەڵامی بەرپرسی سانسۆر توند و ڕاشکاوانە بوو. بۆ ڕەتکردنەوەی ئەوەی لە دەقەکەدا خوێندبوویەوە، پێی گوتبوو؛
– چییە شێت بووی؟ دەتەوێ حوکمی کاری زۆرەملێت بەسەردا بدرێ؟
مایاکۆڤسکیش بە گاڵتەجاڕییە ناسراوەکەی خۆی وەڵامی داوەتەوە:
– بەهەرحاڵ، حەزم لەوەیان نییە!
مایاکۆڤسکی هیچ چارەیەکی تری نەبوو جگە لە قاییل بوون بە دەستوەردانی سانسۆر. ئیدی شەش لاپەڕەی تەواو لە شیعرەکە بە ناونیشانەکەشییەوە؛ «پەیامبەری سیازدەیەم» لادەبرێ، کە بە گاڵتەجاڕانە و گومانوروژێن لە کەشە سیاسی و کولتوورییەکە لە قەڵەم دەدرێ.
سانسۆر لەو شیعرەدا پارادۆکسێکی سەیر لە نێوان ئەوەی ناوی نابوو لیریک و زمانە زبرە ڕاچڵەکێنەرەکەیدا کە شاعیر بەکاری هێنابوو، دەبینێ. دەگوترێ بەرپرسەکەی سانسۆر بە سەرسووڕمانەوە لە مایاکۆڤسکی پرسیوە:
– چۆن دەتوانیت لیریک لەگەڵ هەموو ئەو بێشەرمییەدا کۆ بکەیتەوە؟
مایاکۆڤسکیش بە ڕۆحە گاڵتەجاڕانە و سەرچڵەکەیەوە وەڵامی داوەتەوە:
– ئێ باشە، حەز دەکەی خۆم دەکەم بە شێت، حەزیش ئەکەی بێئەندازە خۆم ناسک دەکەم، ئاخر من پیاوێک نیم، من «هەورێکی پانتۆڵ لەپێم!»
ئیتر بەو تەرزە ناونیشانی شیعرەکە وای لێ دێ و دواتر دەبێتە یەکێ لە هەرە بەنێوبانگترین ناونیشانەکان لە مێژووی شیعری نوێی ڕووسییدا: «هەورێکی پانتۆڵ لەپێ».
خودی ناونیشانەکەش تەنها وێنەیەکی شیعری دەگمەن یان ناماقووڵ نییە، بەڵکو لەسەر پارادۆکسێکی دەستئەنقەست لەنێوان دوو دونیای دوور لەیەکدا ڕۆ نراوە. «هەور» کە ئاسمان و بەرزایی و خەیاڵ و ئازادی و تەنکیی و خەونمان وەبیر دێنێتەوە، هەرچی «پانتۆڵ» یشە دەمانباتەوە بۆ زەوی و لەش و ماددە و ژیانی ڕۆژانە؛ بە هەموو زبری و وردەکارییە واقیعییەکانیانەوە.
لەمیانەی یەکانگیربوونی هەردوو وشەکەش، مایاکۆڤسکی ڕۆح و لەش، خەون و واقیع، پیرۆز و ڕۆژانەیی، ناسکیی و توندیی لە یەک ڕووبەڕووبوونەوەدا دادەنێ. ئاخر ئەو شاعیرێکە دەیەوێ بفڕێ، بەڵام عاشقانە و خەونبینانە بە ئەرزەوە شەتەک دراوە، لە هەمانکاتیشدا تووڕە و یاخییە، خودان دەنگێکی لیریکە، بەڵام ئەوە ڕەت دەکاتەوە بە زمانی تەقلیدییانەی شیعر بئاخفێ.
لەبەرئەوە دەکرێ بە تەرزێک لە «هەور» بنۆڕدرێ کە وێنەی شاعیر خۆیەتی: ڕۆحی وی خەون بە فڕینەوە دەبینێ، لەشێکیش کە لە دنیایەکی ماددی توندوتیژدا دەژی. بەڵام «پانتۆڵ» شۆکێکی گاڵتەجاڕانەی دەستئەنقەست بە وێنەکە دەبەخشێ و شیعرەکە لە ئاسمانی میتافیزیقاوە بۆ خەونی ڕۆژانە دادەگرێ. ئەم پارادۆکسەش لە جەوهەریدا یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی شیعری مایاکۆڤسکییە کە دەیویست وا لە شیعر بکات بتوانێ لە یەک کاتدا بقیژێنێ و ناڕەزایەتی دەرببڕێ و عاشقیش ببێ.
شیعرەکەش لە کرۆکیدا نەک هەر شیعرێکی تەقلیدی خۆشەویستی نییە، بەڵکو گەشتێکی سۆزەکیی و فیکرییە کە بە خۆشەویستی و ئایین و هونەر و کۆمەڵ و کۆمەڵگە و شۆڕشدا تێدەپەڕێ. مایاکۆڤسکی ئەزموونی ژیانی کەسەکی خۆی کردووەتە ماکێک بۆ شیعرێکی خاوەن دەنگێکی جەماوەری، جیاکاری تەقلیدی نێوان شاعیر و ژیانی و، نێوان جوانیی و ناڕەزایەتی ئەفەرۆز دەکا.
هەربۆیە ناونیشانی «هەورێکی پانتۆڵ لەپێ» یەکێکە لە ناونیشانە هەرە سەرسووڕهێنەکانی شیعری ڕووسی: ناونیشانێکە کە دژەکان لە یەک وێنەدا کۆ دەکاتەوە، تا سنوورێکی دووریش خودی کەسێتی شیعریی مایاکۆڤسکی کورت دەکاتەوە: شاعیرێک کە خەون بە ئاسمانەوە دەبینێ، بەڵام لەنێوجەرگەی زەویدا دەنووسێ، شاعیرێک لە قووڵایی خۆیدا ڕۆمانسی، لە دەنگیدا تووڕە، شاعیرێک کە دەیەوێ گۆرانی بڵێ، بەڵام بە هاوارەوە نەبێ ناتوانێ بیچڕێ