Maha awad_3

لە تاریکایی ئەنگوستەچاوی ژێرەوەڕا، کە ڕەگەکان لەژێر نینۆکمدا دەنرکێنن، خۆڵ لەگەڵ خوێنمدا ئاشت دەبێتەوە، تا قوڕە ناتەواوەکەم تەکووز بکا. لەوێ تۆ دەدۆزمەوە: سووکەڵە وەک شوێنپێ… ئازاد لە قورسایی حەکایەت، چاوانیشت بەتاڵ لەو ترسە دێرینەی کە لە من هەتە. لە ترسی ئەوەی کە نەبا خوێنت لێ بهێنم دوای ئەوەی هەموو شت لە مندا بریندارت دەکا لەبەر…


لە تاریکایی ئەنگوستەچاوی ژێرەوەڕا،

کە ڕەگەکان لەژێر نینۆکمدا دەنرکێنن،

خۆڵ لەگەڵ خوێنمدا ئاشت دەبێتەوە،

تا قوڕە ناتەواوەکەم تەکووز بکا.

لەوێ تۆ دەدۆزمەوە:

سووکەڵە وەک شوێنپێ…

ئازاد لە قورسایی حەکایەت،

چاوانیشت بەتاڵ لەو ترسە دێرینەی

کە لە من هەتە.

لە ترسی ئەوەی کە نەبا خوێنت لێ بهێنم

دوای ئەوەی هەموو شت لە مندا بریندارت دەکا

لەبەر تۆ دڕک لە پشتم دادەماڵم

پەلە تیژەکانم دەقرتێنم.

هەڵت دەگرمەوە

لە قوڵکەی دڵێکی نوێدا داتدەنێم

پاک پاک لە تەڵەزمی ئەو وشانە دەتشۆم

کە پێیان هەلاهەلام کردیت

دڵێک کە تووڕەیی بە لایدا نەچووە

لەگەڵ ژنێکدا کە لە مەرکانەی زمانی تۆ چنراوە

بەشداریت لە خواردنەوەی جەنگ لە ددانی مارێکدا پێ دەکەم.

ئێستا بەرامبەرم دانیشتوویت

خاترجەم لە بێدەنگیی خۆتدا

نازانیت لە خۆت بەتاڵم کردوویتەتەوە

گۆڕیومیت بەو ڤێرژنەت کە ناتۆقێ؛

ئەو ڤێرژنەی کە تەنانەت ئەگەر بیشیکوژم

هەر خۆشی دەوێم.

___________

مەها عەواودە

و/ دلاوەر

فۆتۆ: لە واڵای کاک خەسرەو حەمەکەریم


Previous

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

Related Posts