لەمێژە ئەدەب بە گشتی و شیعر بەتایبەتی کاریگاریی ژینگەییان لەسەر هەبووە، ڕۆڵی مرۆڤ و هەوڵی بۆ پاراستنی پەیوەندیی بە سروشتەوە پانتاییەکی زۆری لە خەیاڵی شیعری داگیرکردووە، یاخود بایەخدانی ئەدەب و شیعر بە شوێنەوە، وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی سروشت، جێی خۆی لە دەقی ئەدەبیدا کردووەتەوە، شیعرێکی زۆریش لە مێژوودا، سروشت تێیاندا بووە بە ڕەگەزی سەرەکی پێکهێنەر، بیری نوێی فەلسەفەی ئیکۆلۆژی، کاریگەریی بەسەر دەقی نوێوە هەیە، کە جەختە لەسەر پەرەسەندنی بایەخ بە گیروگرفتی ژینگەیی، ئەوە ڕوونکردنەوەی دەوروبەر و ژینگە و کارەساتەکانێتی بۆ وەگەڕخستنی خەیاڵدانی ئەدەبی.

لەگەڵ جیاکردنەوەی سروشت لە مرۆڤ لە قۆناغەکانی سەرهەڵدانی نوێگەری و پێشکەوتنی زانستیدا (بەتایبەت سەدەی ٧١)، سروشت لە دیدی ڕۆژئاواوە لە پلەیەکی نزمترا دانرا و بەپێی پەرەسەندنی زانستی ڕێگەدرا دەسکاریبکرێت و بۆ خزمەتی مرۆڤ بەکاربهێنرێت. فرانسیس بیکۆن و هەندێک لە فەیلەسووف و زانایانی سەردەمەکە پەرەسەندنە زانستییەکەیان بە هەل زانی بۆ دەستەمۆکردنی سروشت لەپێناوی خزمەتی ئینساندا.

فەلسەفەی ئیکۆلۆژی، بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ بۆچوونی ئیکۆلۆژیای قووڵدان، زۆربوونی کارەساتی ژینگە و بچووککردنەوەی و دروستکردنی سروشتی دەستکرد دەبەنەوە بۆ ئەو بۆچوونە دیکارتییەی کە مرۆڤ و سروشتی لەیەک جیاکردەوە و وەک شتێکی تر جیا لە مرۆڤ سەیری سروشتی کرد، تاکو بە ئارەزووی خۆی دەسەڵاتی بەسەردا بسەپێنێت. هەر بۆیە لێرەوە شیعری ئیکۆلۆژی یەکبوون و یەکگرتنەوە و تەبایی بۆ بونەوەرەکانی نێو جیهان دەگەڕێنێتەوە. ئەتوانرێت وا وەسفی شیعری ئیکۆلۆژی بکرێت، کە هەوڵێکی زەینییە بۆ هەمانهەنگی و گونجان و تەبایی مرۆڤ لەگەڵ جیهاندا وردە وردە وەک وەعیەکی ئینسانیی کۆ، لەو چاڵ و بۆشاییە دەگەین کە لە گەردوون و سروشت جیاماندەکاتەوە.

ئەو کاتە شیعری ئیکۆلۆژی لەچوارچێوەی دەق و بۆچوونی شاعیران دەردەچێت وەک شێوازی سروشتی ڕەفتاری مرۆڤ خۆی دەنوێنێت. هەرچەندە بە جۆرێک لە جۆرەکان نموونەی شیعری ئیکۆلۆژی لە ئەدەبیاتی کۆنیشدا دەبینرێت، بەڵام زیاتر ئەم چەشنە لە باقی شیعری تر بەم خەسڵەتانەی خوارەوە دەناسرێتەوە:

١ – هەستکردن بەوەی دەتڕفێنێت یا تووشی سیحرت دەکات.

٢ – جەختکردن لەسەر لایەنی ڕۆحی، زیاتر لە شتی هەستپێکراو.

٣ – سادەیی حاڵەتی کتوپڕ.

٤ – قووڵییەکی فەلسەفی.

٥ – گونجان و هاوسۆزی لەگەڵ ئەبەدییەتدا (١٢)

هەستکردن بە جوانیی دڵڕفێن، پەیدابوونی حاڵەتی ڕۆشنکردنەوەی قوڵایی ڕۆح، ساکاریی، لە نموونەی شیعری چینی و یابانیی کۆندا بەرچاودەکەون، بۆ نموونە، لە شیعری هایکۆدا پشت بە چڕکردن و ئیحای زۆر دەبەستێت. شیعری ئیکۆلۆژی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان بوونەوەرەکان ڕەچاودەکات، لەسەر هەماهەنگی نێوان سروشت و مرۆڤ بەرزدەبێتەوە، مرۆڤ بۆ خۆی بەشێکە لە سروشت بۆیە دەبێت لەگەڵ شت و بوونەوەرەکانی نێویدا هاوسۆزبێت، لەم سروشتەدا، لە سەروەرێکەوە ببێت بە هاوڵاتییەک و تێیدا هەموو بوونەوەرەکانی تر بپارێزێت. ئەخلاقیشی، تەنها بەوەوە نەوەستێت هەر ڕێزگرتن بێت لە برای خۆی، ئەبێت ببێت بە ئەخلاقێکی زەمینی و سوود بە گشت شت و بوونەوەرەکانی تر بگەیەنێت. وەک ماکفارلین دەڵێت چارەنووسی مرۆڤ و چارەنووسی سروشت جیاناکرێتەوە، یاخود وەک ئەڵدو لپۆڵد بۆی دەچێت، سیستەمی بایەخدەر بە ژینگە مرۆڤ دەکات بە ئەندامێک لەو ئەندامانەی لەناو ژینگەدا دەژین، نەک بە سەروەرێک و سروشت بخاتە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی خۆیەوە(١٢). شاعیری ئیکۆلۆی ئگادارێکی تەواوی ئەم وەعی و بەها و ئەخلاقە ئیکۆلۆژیانەیە و پابەندیشە.

بەهای شیعری ئیکۆلۆژی نە تەنها چەق لە بازنەی مرۆڤدا دەبەستێت و نە تەنها لە بازنەی سروشتدا، بەڵکو تێیدا، پەیوەندیی نێوانیان دەبێت بە سەنتەر و خاڵی سەرەکی. دید و ڕوئیای ئەدەبیی ژینگە، بابەتێکە ێگای بۆچوونی جۆراوجۆری تێدا دەبێتەوە، بۆ نموونە، گۆشەی زانستی بۆ سروشت لەگەڵ گۆشەی ئیکۆلۆژی بۆ ئەدەب، ئیتر ئەمە، بەپێی بۆچوونەکەی ڕەخنەگر ئۆرسولا ک. هاس، نرخە ستاتیکییە ئەدەبییەکە و بەها زانستییەکەی لەمەڕ سروشت و ژینگە، ئەدەب ناکات بە سەنگەری ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتی تەنکەلۆژیا، وەک چۆن تا ڕادەیەک لەسەردەمی ڕۆمانسیدا دەبینرێت. ئەوەی دەبێت بە خەسڵەتی دیاری شیعری ئیکۆلۆژی ئەوەی، کە سروشت تێیدا تووشی مەترسی و ھهڕەشە و کارەسات دەبێتەوە، بەڵام شیعری تر کە سروشت تێیدا بووە بە چەقی سەرەکی، زۆر ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە نەبووەتەوە، بۆ نموونە سروشت لە شیعری ڕۆمانسیدا لە هۆکاری هەڕەشەکردنی ژینگەییەوە دوورە. هەڵبەتە شیعری کوردییش کەشوهەوای ئیکۆلۆژی تێدا دەدۆزرێتەوە، بەتایبەت لە قۆناغە پێشکەوتووەکانیدا، کە تێیدا نوێگەری و هەڕەشەکانی بۆ سەر ژینگە ڕەنگیانداوەتەوە، ڕەنگە زیاتریش خۆڕسکانە بێت، بە دەربڕینێکی ڕوونتر بڵێین، لە پاڵیدا وەعیەک و ڕۆشنبیرییەکی ئیکۆلۆژییانە لای شاعیر نەبێت.

دلاوەر شاعیرێکە بە پلەیەکی نایاب بایەخی بەم کێشە پەیوەندیدارە داوە، ئێمیش شاعیرمان زۆرن لە کۆندا یا لە دەیەی سەدەی ڕابردوو و ئێستادا سروشت بووە بە بابەتی سەرەکی لە لایان، بەڵام هەر تەنها دەربڕینی خۆشەویستی و جوانیی سروشتە، یا پێکهێنانی هاوکێشەیەکی ڕەوانبێژیی نێوان سروشت و ڕوخساری ئافرەتە و هیچی تر، بە واتایەکی تر، خەمە ئیکۆلۆژییە مەترسیدارەکە لەمەڕ سروشت، لایان بەدیناکرێت، بەجۆرێک کە کاریگەریی فەلسەفەی ئیکۆلۆژی بەسەرەوە بێت. لەم ڕووەوە دلاوەر زۆر جیاوازە، بە ئاشكرا خەم و بایەخی ژینگە و کارەساتەکانی و خراپبوونی پەیوەندیی نێوان سروشت و مرۆڤی پێوە دیارە، هەوڵدەدات لەسەر بنەمای پەیوەنییەکی تۆکمە چاکیانبکاتەوە:

 هەموو شت باشە 
گوڵ و بەرد و باڵندە دڵخۆشن 
هەرمێ نیو فەرسەخی دەوێ بۆ پێکەنین 
چ پەلەمان نییە 
دوو پەلک تریفەمان لەپێشەوە ماوە 
نۆرەمان دەگاتێ و 
سوار بەلەمەکە دەبین و دەڕۆین. 
*** 
ڕێکەوتی چۆلەکەکان دەکەم 
چاو بە چواردەور و 
خواروژووری خۆمدا دەگێڕم و 
بە ئاماژەی دەست، تێیان دەگەیەنم: 
شوێنێکی جوان شک دەبەم بۆ خوێندن 
پەلەپەل بە قوڕگێکی پڕ لە تەمەوە 
دەجریوێنن: لەکوێ؟ 
بەچرپە پێیان دەڵێم: 
بابڕۆین پێکەوە... وەرن لەگەڵم 
بۆ حەوشەی پشتەوەی دڵم 

لێرەدا بیرێکی ئیکۆلۆژیانەی قووڵمان بەرچاو دەکەوێت، لەوەدا مرۆڤ بوونەوەرە بێڕۆحە بێعەقڵەکانیش لەیەک بازنە و سستی ئیکۆلۆژیی ژینگەییدا دەنرخێنرێت، بازنەیەک کە تێیدا شاعیر بە دیدێکی دۆستانەی یەکسانەوە، لە گوڵ و بەرد و باڵندە و تریفە ورددەبێتەوە و لەیەک ئاستا دەیانبینێت تاکو شایانی یەکسانی بن، باڵندە ڕۆحدارە، گوڵ و بەرد و پەلکە تریفە بێڕۆحن، شاعیریش بە شایستەی ئەوەیان دەبینێت مافی یەکسانییان لەگەڵ ئەوانی تردا هەبێت، وەک چۆن لەڕووی ئەخلاقی ئینسانییەوە ئەم مافە بە مرۆڤ دراوە (دوو تریفەمان لەپێشەوە ماوە نۆرەمان دەگاتێ) ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئماژەیە بە ڕەزگرتن، قسەکەری ناو دەقەکە خۆی لە دوای دوو پەلکە تریفەوە داناوە و چووەتە ڕیزەکەوە، کە وەک ئەم ڕیزیانگرتووە تاکو بچنە ناو بەلەمەکەوە  و بڕۆن، واتە شاعیر دوو پەلک تریفەی لەپێش خۆیەوە داناوە و خۆیشی لەڕیزدا وەستاوە تاکو سەرەیان بگاتێ. ئەمە تەواو داواکردنێکی ئیکۆلۆژییانەیە، وەک داواکاریی هەموو پابەندێکی ژینگەیی، کە وەک چۆن جوانیی و ڕێکخستن و مافی بۆ ئینسان دەوێت، بۆ ئەندامەکانی تری ناو گەردوونیشی دەوێت، هەر لە باڵندە و ئاژەڵەوە تا بەرد.  
ڕێزگرتن و وەستان لەدوای پەلکە تریفەوە، کە ئەندامێکی سروشتە، داواکردن و ڕێزگرتنە لە ماف و بوونی هەموو بوونەوەرانی ناو دنیا. یاخود بردنی چۆلەکە بۆ ناو حەوشەی پشتەوەی دڵ تاکو بخوێنن، دیسانەوە لێدانە لە ژێی ئیکۆلۆژی ئینسانییانەی جوان. لە دیدێکی ژینگەخوازانەوە، گێڕەرەوەی دەقەکە، کە جێگرەوەی شاعیرە، نە بەلای دەسەڵات و سەنتەریزمی مرۆڤدا دەمانبات، نە بەلای سەنتەریزمی سروشتا، بەو دەلیلەی شاعیر لە پانتایی دڵی خۆیدا جێگەی خوێندن و فێرکردن بۆ چۆلەکەیش فەراهەمدەکات، ئەمەیش بەخشینی مافێکی ئینسانییە (خوێندن و فێربوون) بە بوونەوەرێکی گیانداری وەک چۆلەکە، کە یەکێکە لە ئەندامانی نێو سروشت. 

بە تامی بەرسیلە بوغز سوێند دەدەم 
زۆر بۆی دانەچێ... ژیان کورتە 
تەوقەیەکی گەرم لەگەڵ خەیاڵدا دەکەم 
سڵاوێکی شیرین دەنێرم بۆ مێروولە 
ئافەرینێکی قشت بۆ هەزارپێ 
هەر بژییەکی ڕانگاوڕەنگ بۆ ڕێحان 
پیرۆزباییەکی تەڕ لە حاجیلە 
سەرەخۆشییەکی گەورە لە پڵنگ 
لە شیعری (کە تۆدێیت ڕەنگی بەیانیم ێ دەنیشێت!)  

کە دڵت لام نییە 
مێروولەکان لە خۆم کۆدەکەمەوە و  
بە زوبانێکی شیرین پێیاندەڵێم: 
تۆ دڵت لام نییە 
بۆ بەردێک دەنووشتێمەوە و پێی دەڵێم: 
هاوڕێم لێت ناشارمەوە 
ئەو دڵی لام نییە 
بە ڕاکرد دوای کیسەڵێکی غەمگین دەکەوم و  
لەدوورەوە بە دەنگی بەرز بانگی دەکەم 
هۆو.. هۆو.. کیسەڵی برام دەزانم پەلەتە، 
بەڵام دەبوو شتێک هەیە بیزانیت 
خاوەخاو ئاوڕ دەداتەوە و دەڵێ: ها چییە؟ 
لە شیعری (دڵت لام بێت)  

لەو چەند بڕگەیەی سەرەوە و دەیەها بڕگە و شیعری تردا، دلاوەر لەسەر نزیکبوونەوە و تەبایی و لابردنی بەرژەوەندیی نێوان ئینسان و بوونەوەرەکانی دنیا دەوەستێت و لێیان ورددەبێتەوە، لە هەوڵی ئەخلاقێکی گەردوونیدایە کە لە جوغزی مرۆڤ دەردەچێت، بۆ ئەوەی ماف و ڕێز و متمانە هەر تەنها لەناو کۆمەڵگەی ئینسانیدا نەبێت، بەڵکو بگاتە ڕێز و متمانەی بوونەوەرەکانی نێو زەوی بە گشتی.  ناردنی سڵاوی شیرین لە مرۆڤەوە بۆ مێروولە، ئافەرینکردن لە هەزارپێ تا پیرۆزباییکردن لە حاجیلە و ڕێحان، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە مرۆڤ تاکێکە، بەشێکە لە سروشتەکە، ئەو کردارە مرۆڤانەی، کە شاعیر بە شەوازی شیعرییانە وێنایان دەکات (تەوقە و سڵاوناردن بۆ مێروولە و ڕێحان) وەعێکی ئیکۆلۆژیانەی مەبەستدارە بۆ دەرخستنی تێکەڵاوبوونی سروشت و مرۆڤ، بەتایبەتی کە لە کۆتایی بڕگەکەدا دەگاتە سەرخۆشیکردن لە پڵنگ، کە ئەندامێکی نێو سروشتە و بەهۆی هێز و دەسەڵاتییەوە، تەبعی نەک لە مرۆڤ، بەڵکو لە سروشتی هاوڕێیانی نێو دارستانیش جاوازە. 
لە بڕگەی دەقی دووەمدا مێروولە و کیسەڵ و کۆتر دەبن بە مەئوایەکی دەروونی بۆ شاعیر تاکو لەلایان نهێنییەکانی خۆی بدرکێنێت، پاشئەوەی مرۆڤ لە دەقەکەدا ئمادە نابێت گوێی لێ بگرێت. دلاوەر هەمیشە بیری لای کۆکردنەوەی ئەندامانی نێو سروشتە گەورەکەیە، ئەو عەقڵ و دەسەڵاتی تەنکەلۆژیی ئینسان ناکات بە هۆی جیاوازی و بەرگری لەبەردەم بەدیهێنانی یەکسانی و خۆشەویستیی بێ بەرژەوەندییانەی نێوانیان. 
لەو وێنانەدا، سروشت وەک چوارچێوەیەک، بەمەبەستی لێکچوونێکی ڕەوانبێژی بەکاربراوە، لەوە دەرچووە چوارچێوە بێت و بۆ غەرەزێکی دەرەکی ئمادەکرابێت، بەڵکو بوونەوەرەکانی نێوی کارا و بەهادارن، ئمادە و کردەن. ئەبینین کیسەڵ بووە بە قسەبۆکراوێک بانگدەکرێت تاکو یارمەتی ئەویتر بدات، کەواتە بکەرە، ئەیوتریان کۆترە بەڵام ڕەمز و ئامرازی لێکچوون نییە بۆ ئاشتی بەڵکو وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ بەکاربراوە، توانای داڵدەدانی هەیە، یا پڵنگ خەمبارە، جەوهەردارە، لەلایەن مرۆڤەوە سەرخۆشیی لێدەکرێت. 

بە ئەرز گەرمم 
نزیکم لە گەرد و شێ و گڵ 
سەهمم هەیە لە ماڵباتی باران و تەرزە و تەم 
من تازە، 
بمەوێ و نەمەوێ 
حیسابم لەسەر مێژووی سنەوبەر و 
هەواو لم و 
لەسەر میراتی موزیک و لەرە و سەروا
 تاپۆم 
دڵم بە وەشە دەگەڕێ 
ئەرکی من چنینی هەور 
ڕێسانی باران 
داتاشینی پەیکەرە لە تەم 
من بەرپرسیارم لە گرتنەوەی ئەکسیری وشە 
بۆ دڵدانەوەی نەهەنگ و 
بۆ تەسەلادانەوەی مرۆڤ و مێروو 
بە هەتاو ... گەرمم 
وەک مارێکی بە شەختەی پاییزانێکی درەنگ سڕ 
قەف قەف کاژ فڕێ دەدەم، 
دەفیشکێنم و خۆم لە خۆڵ و 
لە وردە زیخ و 
لە هەتاو هەڵدەسووم 

دڵم بە هەتاو دەگەڕێ 
بە چاوانێکی کراوەوە 
گوێ ڕادەدێرم بۆ دونیا 
بەشی شەمشەمەکوێرە دەنۆڕم 
بەشی سیمۆرغ بۆن بە ئەرزەوە 
دەکەم
لە شیعری (گەر نەختێ خۆم هەڵبڕم...)  

تۆ بۆت هەیە بێیت 
کۆتر و پەپوولە و شەمشەمە وردبینەکان 
لەقلەقە حەکیم و زیکزیکە قسەزلەکان 
هەر هەموو هەژدیها و فیل و نەهەنگ و تیمساحەکان 
هەر هەموو مێروولە و هەنگ و کرم و 
خاڵخاڵۆکەکانیش لەگەڵتا بێن 
هاتن بۆ هەمووان نییە 
بەڵام تۆ بۆت هەیە بێیت 
پاشا و سوڵتان و ئەمیر و بارۆن و 
ژەناڕاڵەکان بۆیان نییە بێن 
زاهید و شاعیر و قەدیس و گەڕیدە 
بریندارەکان... دێن 
لە شیعری (هاتن بۆ هەمووان نییە)  

لە بڕگەی یەکەمدا شاعیر هەر تەنها ئینتیمای بۆ کۆمەڵگەیەکی ئینسانیی نییە، بەڵکو پاڵی بە گەردوونەوە، بە هەموو زەمینەوە داوە، لە زەمینیشدا هەر کۆمەڵگەی بەشەر نا، بەڵکو بە هەموو بوونەوەرەکانییەوە، عاقڵ و بێعەقڵ و گیاندار و بێگیان. ئەوەی ئەم گوتارە گەردوونییە لە گوتارە ئینسانییەکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە بە گوتار و پەیوەندیی ئینسانەوە ناوەستێت، کە ڕەنگ و ڕەگەز و چین ڕەنگیان تێدا ڕشتووە، ئەم فراوانترە، ڕەحمەت و شەفەقەتی زیاتری پێوەدیارە، بەڕادەیەک شاعیر لە ڕستەکاندا نەسەبی خۆی دەباتە سەر سنەوبەر و مێژووی سنەوبەر، وەک پەیوەندییش تێکەڵاوی شێ و گەرد و گڵ و باران بووە.  لەمە زیاتر سۆز و خۆشەویستینواندنی دلاوەرە، بەرامبەر بە بوونەوەرە دڵڕەقەکانی تری نێو زەوی، ئەو ئەندامانەی کە لە زەمین و عورفی مرۆڤدا خراپ و زیانبەخشن، وەک فیل، مێروولە، مار، شەمشەمەکوێرە، نەهەنگ: 

بەرپرسیارم لە گرتنەوەی ئەکسیری وشە  
بۆ دڵدانەوەی نەهەنگ و 
بۆ تەسەلادانەوەی مرۆڤ و مێروو  

قسەکەری نێو دەقەکە، کە جێگرەوەی شاعیرە، دان بەوەدا دەنێت، کە بەرپرسیارە لە دڵدانەوەی نەهەنگ، کەلە فەرهەنگی زماندا وا پێناسەکراوە، گیانلەبەرێکی بێزار و زیانبەخشە، ئەم وا دەبینێت ئەرکێتی تا ڕادەی بەرپرسیارێتی، دڵی نەهەنگ و مرۆڤ و مێروولە بداتەوە، بە مانایەکی تر بەرپرسیارە لە زامنکردنی بوونی یەکسانی و ژیان بۆ هەرسێکیان. لەمانەیش زیاتر جوانیبەخشین بە مار و هەزارپێ و هەژدیها کە لە زەینی ئێمەدا لە جوانیی خاڵین، کەچیی دلاوەر، جگە لە پابەندبوونی بە ڕێزگرتن لە دیدی ئیکۆلۆژی و ئینتیمادەربڕینی بۆ کۆمەڵگە زەمینییەکە، لە جیهانە شیعرییەکەیدا، جوانییان پێدەبەخشێت.

 یەکێک لە گرفتەکانی بۆچوونی تیۆری لای شاعیرانی ئێمە ئەوەیە، کە تەنها جوانییان لە شتی جواندا بینیوە، وەک گوڵ، مانگ، ئەستێرە، درەخت، وێکچوونی ڕەوانبێژییان پێ دروستکردووە، کەم، ئێجگار کەم، بەلای ئەوەدا چوون لەناوچەی ناشریندا جوانیی بدۆزنەوە، کەمجار ئاژەڵێکی ناشرین یا بوونەوەرێکی ناشیرینیان بۆ جوانیخولقاندن پێ تەوزیفکراوە. دلاوەر لە جیهانی شیعریی خۆیدا شتە ناشرینەکانیش جوان دەکات، خۆی بە مار دەشوبهێنێت، ئەو کردار و سیفەتانە دەداتە پاڵ خۆی کە مار دەیانکات، کاژفڕێدان، فیشکە، یاخود دۆستایەتی لەگەڵ شەمشەمەکوێرە و لەقلەق و زیکزیکە و تۆمارکرکدنیان لە ڕیزی چینێکدا کە دژی پاشا و سوڵتان دەوەستێت. 

دلاوەر لە هەندێک دیمەن و دەقیدا وەک شاعرێکی سەر بە گرووپی ئیکۆلۆژیای قووڵ و کراوە دەردەکەوێت، نرخ بۆ بێگیان و ئەو گیاندارانەیش دادەنێت کە ناشرین و زیانبەخشن، ئەمەیش لەپاڵ پاراستنی بەها و نرخی شیعرییەتدا. هەر لە بواری ئیکۆلۆژیدا، لەو شیعرە هەرە جوانانەی کە لە جیهاندا دەربارە مار خوێندبێتمەوە، شیعرێکی لۆرەنسە، دەقێکە تاڕادەیەک درێژە، تەواو ئیکۆلۆژیانەیە. لە ڕۆژێکی گەرمدا قسەکەری شیعرەکە مەسینەیەکی هەڵگرتووە و بە پلیکانەدا دێتەخوارێ، بۆ لای حەوزی ئاوەکەی کە لەژێر درەختێکدایە، دەبینێت مارێک پێش ئەم لەسەر ئاوەکەیە و خەریکی ئاوخواردنەوەیە، دیمەنی جوانی ئاوخواردنەوەی مارەکە سەرنجی ڕادەکێشێت، نایەوێت لێی تێکبدات، چونکە میوانی حەوزی ماڵەکەیەتی، بەڵام پەروەردە ئینسانییە نەفرەتلێکراوەکەی هانیدەدات بەپێچەوانەوە ڕەفتاری لەگەڵ بکات: 

دەنگی پەروەردەکردنەکەم پێی وتم: 
ئەبێت بکوژرێت 
چونکە ماری ڕەش بێتاوانە 
زەردیش ژەهراوی 
دەنگەکانی ناخم دەیانوت: 
ئەگەر پیاویت ئێستا دارێک هەڵدەگریت و دەیکوژیت 
بەڵام پێویستە دانی پێدابنێم زۆر زۆر خۆشمویست 
چەند دڵخۆش و بەختەوەر بووم، چونکە هێمنانە وەک میوانێک هات 
تاکو لە ئاوی حەوزەکەم بخواتەوە 

شیعرەکە درێژە  ناکرێت لێرەدا هەمووی تۆمار بکەم، لە کۆتاییدا گێڕەرەوەی ناو دەقەکە هەست بە بەختەوەری و شەرەفێکی گەورە دەکات چونکە دەنگی پەروەردە گشتییەکە بەسەر ویژدانی زاتیی خۆیدا زاڵنەبوو، بەختەوەریی ساتە ڕوحییەکەی، کە لە ئەنجامی دیمەنی جوانی مارەکە وەدەستی هێنابوو، نەشئەی جوانی و سەرسوڕمانی بۆ بەدیهێنا. شیعرەکەی لۆرەنس، زاڵکردنی دید ئیكۆلۆژییەکەیە، لە جۆری ئیکۆلۆژیی تۆخ، کە تا زامنکردنی ژیان و سەلامەتی بۆ ئەو بوونەوەرانەیش دەچێت کە بە زیانبەخش ناسراون. ئەگەر شاعیرانی چین و ژاپۆن لە شیعری ژینگە و سروشتدا، چڕکردنەوەیان بۆ شەوازیان هەڵبژاردبێت، ئەوە شاعیری تری جیهان هەیە، نەفەسی درێژی بۆ ئەم جۆرە شیعرە هەڵبژاردووە. شاعیری بەناوبانگی ئەمریکی (واڵت ویتمان) یەکێکە لەو شاعیرانە، لە چەند شیعرێکیدا وەک یەکێک لە شوێنکەوتووانی ئیکۆلۆژیای قووڵ دەردەکەوێت. 

باوەڕم وایە لاسکە گیایەک لە تیشکی ئەستێر کەمتر نییە مێروولەیش مەخلوقێکی کامڵ و تەواوە بەری تووتڕکی هەڵزناو باڵەخانەکانی ئسمان دەڕازێنێتەوە بچووکترین جومگەی دەستیشم هەموو ئامێرەکان دەبزوێنێت باوەڕدێنم ئەو مانگایەی کە سەری شۆڕکردووەتەوە و کاوێژ دەکات هەموو پەیکەرەکان دەبەزێنێت. ئەم شیعرەی واڵت ویتمان لەسەر دوو بنەما بەرز بووەتەوە، یەکەمیان (دانپیانان) کە وشەی دەسپێک دەریدەخات و لەسەرەتای دێڕدا دووبارەدەبێتەوە (باوەڕم وایە، یا باوەڕدەهێنم کە) وسەی باوەڕهێنانەکە، بە ئشکرا دەریدەخات شاعری ئیکۆلۆژییانە بیردەکاتەوە و لەگەڵ یەکسانیی ئەندامانی خێزانی نێو سروشتدایە. بنەمای دووەم بەکارهێنانی شێوازی (کەمتر نییە) کە پێچەوانەی شێوازی (باشترە، یا چاکترە، یا زۆرترە) بەکارهێنانی ئەمەیش لەلایەن شاعیرەوە، بۆ ئاشکراکردنی یەکسانیی کۆمەڵگە سروشتییەکەیە، کە نرخی بە جەوهەرەکەی دەپێورێت نەک بە قەوارە و ڕێژەی گەیاندنی سوود بە کۆمەڵگەی بەشەری. شیعرەکە هەوڵێکە بۆ لادانی زەینی ئاشنامان بەرامبەر بەو شتە بچووکانەی کە ڕۆژانە عادەتمان پێوەگرتوون و بەو عادەتگرتنەیش وزەی ستاتیکییان ناخوێنینەوە. لە دیدی ڕۆژانەماندا مێروولە نرخی نییە و بچووکە، لاسکی گیا لە تیشکی ئەستێرە کەمترە، چونکە تەنها جەستەی بچووکیان دەبینین، نەک نرخی جەوهەریان. ویتمان هێزی گەورە لە جومگەیەکی بچووکی دەستدا دەبینێت تا تەحەدای ئامێری گەورە بکات، کە بەرهەمی پێشکەوتنی پیشەسازییە. یاخود دەبینین ویتمان لە مانگادا، کە ئەندامێکی سروشتە هێزێک بەدیدەکات لە پەیکەر گەورەترە، کە دەستکردی ئینسانە، چ پەیکەری خواوەند بێت یان پەیکەری مرۆڤ، ئەمە ئماژەدانە بە گەورەیی و مەزنیی ئەوانە، لەو تەرتیبەتا کە تێیدا مرۆڤ سەروەرە و ئەمەیش لە زەینماندا چەسپاوە و ڕۆژانە کاری پێدەکەین، بەڵام شاعیر ئەم بۆچوونە ئاشنا و باوە تێکدەشکێنێت چونکە ئەو مانگایە دێنێتە ئاستیان کە کاوێژ دەکات، کەواتە ویتمان بەیەک چاو سەیری هەموویان دەکات، چونکە هەموویان لە باوەشی سروشت و زەویدا نرخی خۆیان هەیە. ئەم دەقەی واڵت ویتمان یا مارەکەی لۆرەنس لە بەیاننامەیەکی ئیکۆلۆژیانەی پێشوەخت دەچن، بەڵام بە زمانی شیعری. 

لە کۆتاییدا دەڵێین، ئێمە بیست و دوو ساڵ پێش ئێستا، لە دوو وتاری کورتدا بە عەرەبی و کوردی، بیروبۆچوونی ڕەخنەیی خۆمان لەبارەی شیعری ئەوسای دلاوەرەوە ڕوونکردووەتەوە، لێرەیشدا بە مەبەستی پتەوکردنی ئەم باسەی ئێستامان چەند دێڕێکی ئامادە دەکەین: 
١- ڕەنگە خوێنەر بتوانێت ئەوە دەستنیشانبکات  شیعری ئێستای دلاوەر لە ئایندەدا بەرەو کوێ پەلدەهاوێت و چ ڕێڕەوێکی تەکنینی بۆ خۆی دیاریدەکات. 
٢- خەون و خەیاڵی منداڵانە ڕەهەندێکی ئەفسانەئاسا بە وشە و پەیوەندی نێوان ڕستەکان دەبەخشێت و لە ئاست و بازنەی حاڵەتی ئاسایی خۆیان دەریاندەکات. هەر شاعیرێک بەم دیدە منداڵییە بڕوانێت، وەک منداڵێک وایە تازە هاتبێتەگۆ و جیهانیش تاقیگەیەک بێت و وردەوردە کەشفیبکات. 
٣- دلاوەر دوور لە هەراوهوریا و غەڵبەغەڵب لە پەیوەندییە شاراوەکان ورددەبێتەوە و بیر و ناخ و خەیاڵی باڵندە و درەخت و ڕووەکە فەرامۆشکراوەکان دەخوێنێتەوە، شیعری وای هەیە وەک پێڕست وایە بۆ کردار و ڕامانی بوونەوەران. 

ئێستاش پێمانوایە دلاوەر قەرەداغی لە ماوەی ئەم بیست و دوو ساڵەدا وەک شاعیرێکی داهێنەر، ئەو هێڵانەی سەرەوەی فراوانتر و دەوڵەمەندتر کردووە و دەیکات، هەر لەوکاتەوە زانیوێتی جی دەڵێت و بە ج شێوەیەک و بە چ بەرنامەیەکی شیعرییانە دایاندەڕێژێت. لە ئەزموونی خۆیدا بە ئاگاییەوە توانیوێتی ئاسۆی شیعریی فراوانتر بکات و لە زەینی خوێنەردا بیچەسپێنێت. هەر لە کۆمەڵە شیعری (پەیکەرێک لە باران)ـەوە دیدی منداڵی و هەستی ئەفسانەیی و سێبەری خەوناوی، بۆ جیهانە دەوڵەمەندەکی سیستمی شیعریی و پاڵنەری داهێنان بوون. ئەم دید و خەمە ئیکۆلۆژیانەیش کە لە ئەزموونەکەیدا دەبینرێن، هەر لە یەکەم هەوڵی شیعرییەوە بناخەیان بۆ دانراوە. 
دلاوەر وەک شاعیرێکی بەئاگا لە نهێنیی هونەرەکەی، زانیوێتی جۆن دەستپێدەکات، لەم جیهانە جەنجاڵەی نوێگەری و پاشنوێگەریدا چی دەڵێت. سوودی سروشت و ئینسان و شیعری ئیکۆلۆژی بۆ ئەزموونی دلاوەر لەوەدا ڕەنگدەداتەوە، کە خەم و مەودایەکی گەردوونی بە جیهانەکەی دەبەخشێت و لە ئایدیۆلۆجیا دووریدەخاتەوە، چونکە ئیکۆلۆژیا بۆخۆی مەودایەکی گەردوونیی هەیە و لە کێشە و خەمی کۆمەڵگای ئینسان زیاتر دەمانبات. 

سلێمانی ٢٠١٨