ئەزموونی دلاوەر و شیعری ئیکۆلۆژی
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی
ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی ئەزموونی فراوانی دلاوەر قەرەداغی، کە شایانی ئەوەیە بە میتۆدی جۆراوجۆر تیشکی ڕەخنەیی بخرێتە سەر. بە پێویستی دەزانین لە سەرتادا باسی نهێنیی کەرەستە و دیدی شیعری لەلای بکەین، پاشان لە گێڕانەوە و هونەری دووبارەبوونەوە بدوێین، کە توخمی زاڵن لە هونەری نووسینی ئەمدا، بە چڕییش لە چەند شتێک دەدوێین، کە وەک خەسڵەتی ئەمیان لێهاتووە، ئەوانیش، دیدی منداڵی و هەستی ئەفسانەیی و سێبەری خەوناوین. دواتر دەچینە سەر شیعری ئیکۆلۆژی و کاریگەریی ژینگە. بۆ ڕوونکردنەوەی شیعری ئیکۆلۆژی، لە پێشدا تیشک دەخەینە سەر ڕەخنەی ئیکۆلۆژی، بە پێویستیشی دەزانین لە میانەی ئەمانەدا ئاماژە بە گرووپی سەوز و ڕەوتەکانی ئیکۆلۆژی بدەین، وەک ئیکۆلۆژیای قووڵ و میانڕەو و ڕادیکاڵ وفێمێنیزمی ئیکۆلۆژی. هەروەها دەرکەوتنی دلاوەر وەک شاعیری ئیکۆلۆژی و گرنگیی ئەم ئەزموونە بۆ شیعری کوردی. بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە، جگە لە لایەنە ئەدەبییەکە، لە جۆرەکانی ئیکۆلۆژیا و بەرنامەی کارەکانیان وەستاوین، بۆ ئەوەی لە کاتی باسکردنی لایەنە ئەدەبییەکەدا بەرچاومان ڕوونبێت. ڕەخنەی ئیکۆلۆژیش بۆ خۆی ڕەخنەیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیریشە. بۆیە لەو دەقانەیشدا کە لەم نووسینەدا ڕوونیاندەکەینەوە بەدوای ئەو نەسەقە شاراوانەیشدا دەگەڕێین کە ڕەخنەی ڕۆشنبیری لێیان ورددەبێتەوە دیارە ئێمە لە بەشێکی ئەم باسەدا، لە جۆری مامەڵەکردنی دلاوەر دەدوێین لەگەڵ سروشتدا و ڕوونی دەکەینەوە کە ئەو مەلی بە لای فەلسەفەی خۆشەویستیی سروشتدایە، کەم ئێجگار کەم وێنەی تووڕەییە و هەڵچوونی سروشت دەکێشێت، ئەمەیش بە دید و ڕوایای شاعیرەوە پەیوەستە، ئاشکرایە سروشتیش هەندێک جار وەک مرۆڤ تووڕەدەبێت و ڕەنگە لە دەرفەتێکی تردا بێینە سەر ئەو بابەتە٠ دلاوەر قەرەداغی یەکێکە لە پێشەنگەکانی نەوە و قۆناغ و نوێگەریی سێیەمی شیعری کوردی، کە ئێمە لە چەند لێکۆڵینەوەیەکدا، بە ساڵانی دوای ڕاپەڕین و ڕووداوە یەکبەدوایەکهاتووەکانیدا دەستنیشانمان کردووە، بەلایەنە پرشنگدار و تاریکەکانییەوە، لە بەرهەمی ئەو نەوەیەدا، کە تێیدا ڕووبەری شیعری کوردی کراوەتر بوو و تێمە و تەکنیک و فەزای جیاوازتری بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە ڕەنگدانەوەی مۆتیڤی جیاواز لە دیدی عەدەم و ئاوابووندا بە زەقی ڕەنگیدایەوە. دلاوەر وەک ئەدیب و ڕۆشنبیر و شانۆکار لە هەشتاکاندا دەرکەوت. بەڵام پێمانوایە، ئەو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی قۆناغی سێیەم و تا ئێستایش بە گوڕوتینەوە بەرەو پێشەوە دەچێت و پەرە بە ئەزموونی شیعری خۆی دەدات. ئەو یەکێکە لەو پێشەنگە کەمانەی کە لە پێشەوەدایە و بەرەو دۆزینەوەی دید و فەزای غەوناوی دەچێت، کە زیاتر خۆی لە چوارچێوەیەکی ئۆنتۆلۆجیدا دەدۆزێتەوە، ئۆنتۆلۆجیا بە مانای جیهان و چەمکێکی فەلسەفی ڕووت نا، بەڵکو ئاونگاوی بە پرسیاری شیعرییانەی ماناکانی وجوود و بەردەوامبوون و تەنیایی و گەڕان لە دووی (گەیشتن و نەگەیشتن) کە لەزەتی بەردەوام بە خوێندنەوەی ئەزموونەکەی دەبەخشێت. ئەو کە لە نیشتیمان و ئافرەت و شتی تر دەدوێت، نایەتە سەر ئەو بەرنامەیەی هەواڵمان لەبارەی نیشتیمانەوە بداتێ، یا وەسفی جوانی ڕوخساری ئافرەت بکات، بەڵکو ئەمانە دەبێ بە وەسیلەیەک بۆ ئەوەی لە پاڵیاندا شت و پەیوەندیی شاراوە و نهێنی دەرکەون٠ دیدی منداڵی و هەستی ئەفسانەیی و سێبەری خەوناوی لای دلاوەر بایەخێکی زۆریان پێدراوە، بگرە بوون بە بنەمای ئەزموونێکی شیعریی جوان. منداڵیی پانتاییەکی زۆری لە شیعرەکانی دیاریکردووە، ئەمەیش بەو مانایە نا کە بۆ سەردەمی منداڵیی بگەڕێتەوە و لەوێوە باسی ژیانی جارانی خۆی بکات و خۆشی و ناخۆشییەکانی بەسەربکاتەوە. ڕاستە ئەم لایەنەی فەرامۆش نەکردووە و جارجار لە دیمەنی شیعریدا بەدیدەکرێت و یادگەی ئەو سەردەمە لە چەند وێنەیەکدا بەندەکات، بەڵام ئێمە لێرەدا مەبەستمان لە دیدی منداڵیی، بینینی جیهان و خود و ئەوانی تر و دەوروبەر و سروشتە، بە خەیاڵی منداڵانە، ئەم دیدە منداڵانەیەی، کە پێویستە شاعیری داهێنەر هەیبێت، ئەگینا سنوورێکی تەسکی دەبێت، بەشی دامەزراندن و دۆزینەوەی جوانیی ناکات و دەکەوێتە داوی مەنتیقی واقیعی ڕووتەوە، سەرسووڕمان هەم لە دەقەکەدا و هەم لای شاعیر و وەرگریش نایەتە دی٠ ڕوئیا و دیدی منداڵانە بەردەوامیی بە ئەزموونی شاعیر دەدەن و تەمەنی درێژ بە ستایلێکی شیعری دەبەخشن، لە زاتی ئاشنا و سروشتی ئاشنا بەدووری دەگرن٠ ڕوئیای منداڵانە بۆ شاعیری داهێنەر ئیمتیازە و لە شیعری ڕووتەڵەدا ئەزموونی گەورە دروستدەکات، داهێنەر لەوی تر جیادەکاتەوە٠ دلاوەر قەرەداغی بەو دیدە و لەو ڕوئیایەوە دەڕوانێتە دنیا و بوونی ئەم خەیاڵە سەرکەشە منداڵانە لای ئەم، ئاسۆیەکی ئەفسانەیی پێ دەبەخشێت، سێبەرەکەی لە وشە و ڕستە و وێنەدا ڕەنگدەداتەوە و لە بازنەی ئاشنا و باو دووریاندەخاتەوە٠ هەستی ئەفسانەییش هێزی لەبننەهاتوو بە شیعر دەبەخشێت، ئەمیش لە پاڵ هەستی منداڵی و خەوندا دەبن بە سێکوچکەیەک بۆ بەردەوامیی شاعیر و پاراوکردنی ئەزموونی بەردەوامی٠ لێرەدا پێویستە هەڵوەستەیەک لەبارەی هەستی ئەفسانەییەوە بکەین، تاکو لەگەڵ ئەفسانە، وەک ژانر و بابەت جیابکرێتەوە٠ ئێمە کە لێرەدا باسی ئەفسانە دەکەین، مەبەستمان ئەوە نییە لە دەقێکی شیعریدا ئەفسانەیەکی دیاریکراو بەکاربەرین، وەک لە چەندین نمونەی شاعیراندا دەبینرێت، یا ئەوەتا بینیومانە سەرتاپای ئەفسانەیەک لە بەرهەمێکدا داڕێژراوەتەوە، یا سوود لە بەشێکی بینراوە، ئەمە کارێکی شیاوە، بەڵام جیایە لە (هەستی ئەفسانەیی) کە لێرەدا باسمانکردووە، مەبەستیشمان لێی، ئەو دیدە سەرەتاییە بەپیتەیە، کە پڕە لە خەیاڵ وەک دیدە منداڵانەکە و دیدی خەوناوی، وا دەکات کە دنیا بە تازەیی ببینین، لە بەرامبەر دەورەبەردا بەشێوەیەک بوەستین پڕمان بکات لە سەرسوڕمان. لەم بارەوە دەڵێین، جیاوازییەکە لەوەدایە، ئەم هەستە ئەفسانەییە لای هەموو شا؛یرێک نییە، چونکە خەسڵەتێکە شاعیری چاکی لەوانی تر پێ جیادەکرێتەوە، بۆ نموونە شاعیرێک دێت لە پانتایی دەقێکدا، ئەفسانەیەک دادەبەزێنێت، بەڵام مەرج نییە بەمە ببێت بە خاوەنی هەستی ئەفسانەیی، بەو شێوەیەی کە لە سەرەوە باسمانکرد. ئەم سێ خەسڵەتەی سەرەوە، واتە، دیدی منداڵانە، دیدی خەوناوی، هەستی ئەفسانەیی، بۆ داهێنان و جیاکاری و بەردەوامبوونی شیعریی گەش سە کوچکەن، دەبن بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی شیعریی. هێزی ئەم سێکوچکەیە لای دلاوەر ئاشکرایە، وەک تێما زۆربەی دەقەکانی لە جیهانی منداڵییەوە دوورن، یا خەون و ئەفسانە وەک بابەت و تێما، نەبوون بە بەشێک لە شیعری، کەچیی دیدە منداڵاناکە و سیما و خەسڵەتی خەون و هەستە ئەفسانییەکە هەر بە زەقی بە شێواز و جیهانەکەیەوە دیارن. من کاتێک شیعری دلاوەر دەخوێنمەوە، هەستەکەم لەناو جیهانی منداڵاندام و گەڕاومەتەوە بۆ نێو ئەو زەمەنە ئاڵە، تاوەکو وەکو ئەوان بەتازەیی شتەکان ببینم، بۆ چەند ساتێک دیدی منداڵانەیان لێ بخوازم، بەڵکو بە خەیاڵ و سەرسوڕمانی ئەوانەوە، دەوروبەری خۆم ببینم، سەرسوڕمانی منداڵێک کە بۆ یەکەم جار شتێک دەبینێت، پێشتر نەیبینیوە، ئەمەیشم لەو ساتانەدا بۆ دێتەدی، کە شیعرێکی لەم جۆرەی، لای ئەم، دەمفڕێنێت و سرووتێکی تایبەتیم بۆ ئەسازێنێت. ڕەنگە ڕۆژانە دەیان جار بۆ زەمەن و جیهانی منداڵیمان بگەڕێینەوە بێئەوەی تووشی ئەو سەرسوڕمانە ببین، کە ئەو دیدە منداڵانەی شیعری دلاوەر بۆمان ئامادە دەکات. تاکو بازنەی ئولفەت و شتی ئاشنامان بۆ بشکێنێت. یاخود کە شیعری دلاوەر دەخوێنمەوە، دەڵێی دەچمە نێو دارستانێک خەون و تۆڕێک لە پەیوەندیی بەیەکاچووی خەونانەوە، نێو چەندین فەزای خەوناوی، نێو خەونگەلێک کە لە واقیع دانەبڕاون، بەڵام پێویست بەوەدەکات کۆیانبکەینەوە و سەرلەنوێ لێکیانبدەینەوە، تاکو ئاماژە و دەلالەتی ترمان دەستبکەون. کە لە خوێندنەوەی شیعرەکانی دلاوەر دەبمەوە، لە بازنەی خەونەکان دێمە دەرەوە. کە شیعری دلاوەر دەخوێنمەوە دەچمە ناو تۆڕێک پەیوەندیی زمانەوانیی هێمنەوە، لەناو جیهانێکی بێدەنگدا بەندمدەکات، هێورمدەکاتەوە، لە توندوتیژی و ئاڵۆزی دوورمدەخاتەوە، قسەی ئەو شاعیرە ئەمریکییەم بیردەخاتەوە (ئاورین ڕیچ) کە دەڵێت: شیعر جۆرێکە لە چارەسەرکردن، بەڵام بە بۆنوبەرامەی وشە، بەپێچەوانەیشەوە، کە بەرهەمی هەندێک لە شاعیرانی ساڵانی شەست و حەفتا دەخوێنمەوە، تووشی هەڵچوون و تووڕەیی دەبم، خۆ ئەگەر بیانووی هەندێک ئەوە بێت، کە ئەوانە دوو نەوە و دوو زەمەنی جیاوازن، شاعیرانی نەوەی پێشووتر لەناو گرمەی تۆپ و فڕۆکەدا گەورەبوون، پەروەردەیەکی شۆڕشگێڕانەیان هەبووە، بەڵێ ئەمە تا ڕادەیەک ڕاستیی تێدایە، بەڵام خۆ ئەمیش لەم زەمەنەدا قاڵبووی هەراوهوریا و تەقوهوڕی شەڕی ناوخۆ بووە، ئەمانە لای ئەمیش ڕەنگیانداوەتەوە، هەر بە زمانە هێمنەکە چارەسەریکردوون، تەنانەت وێنەی هەستپێکراویشی بەدیوی ناوەوەدا دەمانبات. ئیتر ئەمە سیحر و کاریگەریی شیعری ڕوئیایە، کە لە بینینی ئاسایی دەردەچێت، زەمەن و شوێن تێکەڵدەکات، ڕەنگی هەستی ئەفسانەیی بەسەر ڕۆژانە شتیشدا دەڕژێت، شتی زاتی دەکات بە گشتی، گشتییش بە زاتی ڕەنگڕێژدەکات، بۆ ئەوەی مۆرکی کەسێتیی شاعیری پێوەدیاربێت، سنووری بینین جێدەهێڵێت تا بگاتە سنووری خەون و دید و ڕوئیا.