خوێندنەوەی قەسیدەی ڕووتوقوت وەک ئاو
ئازاد سوبحی
لە عەرەبییەوە حسەین لەتیف
دلاوەر لەو دەنگە نوێیانەیە قەسیدەکانی سەرنجی ڕەخنە بە لای خۆیاندا ڕادەکێشن. من لێرەدا هەوڵ دەدەم خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ قەسیدەکە بکەم، بە مەبەستی ئاشکراکردنی ئەوانەی دەقەکە لە ڕوخساردا ئەیەوێت بیانڵێت و لە دووتوێی زمانەکەیدا شاردویەتییەوە، ئەو نهێنی و ئاماژانەی لەناو جیهانبینیی دەقە شیعرییەکە خستوونییەتییە ڕوو. هەندێک چەمکی فرۆیدم بەکارهێناوە دەربارەی گوتاری من، بۆ ئەوەش سوودم لە خوێندنەوەی کتێبێکی نوێی جۆرج تەرابیشی بینیوە بە ناوی (ڕۆشنبیرانی عەرەب و کەلەپوور، شیکردنەوەی دەروونی بۆ عوسابی دەستەجەمعی). ئەو دەقە شیعرییەی دەمانەوێت خوێندنەوەی بۆ بکەین ڕوانینێک دەخاتە ڕوو نزیکە یان نزیک دەبێتەوە لە ڕوانینێکی منداڵانە بۆ جیهان و ڕابوردوو. لە وتارەکەدا هەندێک چەمکی زەمەنیم بەکارهێناوە بەو پێیەی قەسیدەکە لە بنەڕەتدا گرفتارە بەدەست ئاستەنگی خۆشاردنەوە لە ڕابردوودا و کرانەوە بە سەریدا تا ئاستی تواندنەوە تیایدا، بەتەریبیی هێڵێکی تر، ئەوەش وەستانێکی نیگەرانانەیە بەرانبەر بە منی داخراو و نادیار و داماڵراو لێی بەهۆی ئەو گرێیەوە ڕابردوو بۆی دروست کردووە بەو سیفەتەی یۆتۆپیا شیاوی نوێبوونەوە و ژیانەوەیە٠
نووسین و منداڵی دوو دەربڕینن لەسەر ئاستی زەمەن لەیەکتر دووردەکەونەوە، دوورکەوتنەوەیەک تا ئەو ئاستەی ڕێگا بە بوونی ئاماژەیەکی لاواز نادات بۆ نزیکبوونەوە لێیان، بەڵام لەسەر ئاستی ڕوانین و بەرکەوتن لەگەڵ دەرەوەدا، نووسین و منداڵی لەمیانەی خاڵگەلێکی یەکتربڕ و دیاریکراودا لێکتر نزیک دەبنەوە. لێرەدا مەبەستم لە مناڵی ئەو قۆناغە زەمەنی و تەمەنییە نییە کە دوای لەدایکبوون دەستپێدەکات، چونکە مناڵی وەک ڕوانینێکی سەرسامانە بەرانبەر بە جیهان، پشت بە پاشخان نابەستێت، بەڵکو لەخۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، ڕوانینێکی تەواو نوێ و هەمیشە نوێبووەوەیە. ئاماژەی سەرسامی و پرسیارگەلێک هەڵدەگرێت و لە چوارچێوەی پەیوەندییە سیمبوڵی و لێکچووەکاندا نەبێت شتەکان نابینێت، کەواتە منداڵی ڕوانینێکی کارایە بە ئاراستەی شتەکان و لەهەمانکاتدا بەیەکداچوون لەگەڵیاندا هەیە و مانای وایە بەرگری لە تایبەتمەندیی ئەو ڕەگەزانە دەکات کە بەشێکی گرنگ و جەوهەری لەو ڕوانینە (منداڵی) بۆ جیهان پێکدەهێنن و وەک (بوونەوەرێکی نامۆ) هەڵوێستە بەرانبەر دەرەوە دەکات٠
منداڵی خاوەن ئامرازێکی تایبەتییە بۆ بەرکەوتن لەگەڵ جیهانێکدا کە پشت بە ڕەمزاندنی جیهانەکە دەبەستێت بە گوێرەی خەیاڵێک کە تایبەتە بە فراوانکردنی ڕووبەری خاوەندارێتی. ڕوانینی منداڵی بە پلەی یەكەم پشت نەبەستنە بە بەرهەست و بابەتی لە لۆجیكدا، بەڵكو بزووتنە لە ناو لۆجیكی منی تاقانەدا. بەو شێوەیە نووسین و منداڵی بەیەك ئاراستەی دژ لە خودەوە بەرەو بابەت دەجوڵێن. هەروەها لە ناوەوەش بۆ دەرەوە. نووسین هەوڵی گۆڕێنی جیهان/ بابەت دەدات بۆ كەرەستیەك شیاوی ئەوە بێت بكەوێتە ژێر دەسەاڵتی خەیاڵەوە، خەیاڵی نووسین خەیاڵێكی سەركێشە »وەك مناڵ«، لە خاڵێكی دیاریكراودا ناوەستێت مەگەر دەسەاڵتی بەسەردا بگرێت و ئامانجی دروستكردنی جیهانێكی جیاواز بێت لە جیهانی هەبو ، بەوەش لەیەك كاتدا پرۆسەی ناولێنان و تێپەڕاندنی ئەو جیهانە دادەمەزرێت. نووسین: منداڵی، بزاوتێكی ئاشكراكارییە و لە ناسكی شتەكان و سەرەتا شاراوەكانییەوە دەست پێدەكات و هەمیشە بە سەرسامی لەبەردەم ئەوەدا دەمێنێتەوە كە ئاشكرای دەكات و دەیبینێت بەبێ پشتبەستن بە جێگیر و زانراوەكان. بە دەربڕینێكی تر نووسین/ منداڵی لە دوو خاڵی جەوهەریدا وەكو یەكن، یەكەمیان: كردەیەكە لە (من)ەوە سەرچاوە دەگرێت و هەوڵی بەرجەستەكردن و بەدیهێنانی منێتیی سەربەخۆ دەدات، ئەوەش بەهۆی زاڵبوون بەسەر (دەوروبەردا). دووەمیشیان گۆڕینی جیهان و ڕەگەزو پێكهاتەكانێتیلە مەنتیقی واقیعی بابەتییەوە بۆ مەنتیقی خەیاڵ و گۆڕینی جیهان لە كەرەستەوە بۆ ڕەمز و لە بابەتەوە بۆ ئایدیا. لە ڕەمزاندنی شتەكاندا خەیاڵی مناڵ لە خەیاڵی شاعیر و نووسەر نزیكدەبێتەوە… باوك: سەركردە، دایك: نیشتمان…هتد. پرۆسەیەكە لە دروستكردنی مانای دووەم لەمانای ئەسڵی نزیك دەبێتەوە. ناونیشانی قەسیدەكە «رووتوقووت وەك ئاو»ە، ناوی (ئاو) پێشتر لە دەقەكەدا هاتووە، بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی پێشینە. لە سەرەتادا دەبێتە ڕستەیەكی تایتڵی، ئاو ناوەو رووت ئاوەڵناوە، ناونیشانی قەسیدەكە لە ناوێك و ئاوەڵناوێك پێكدێت، لێرەدا ئاوەڵناوەكە ئاوەو رووتی و روونی و پاكێتی لە تایبەتمەندییەكانێتی، هەر تایبەتمەندییەك لەمانە توانای دەرخستنی ئەوی تری هەیە، رۆشتنی ئاو شتەكان رادەماڵێت و لەوێشەوە ڕوونی ئاو دەردەكەوێت و لەمیانەیەوە شتەكان بەشێوەیەكی روون و لە ناو بزووتنێكی بەردەوام لە ئاودا دەردەكەون. ئەم بزووتنە وا لە ئاو دەكات چێژ لە سیفەتی هەمیشەیی و خودی خۆی ببینێت، بەاڵم ئەو سیفەتە كە رووتبوونەوەیە لە سیفەتە بنەڕەتییەكانی ئاوە، لەوێدا ئاوێك نییە ڕێگا بە رووپۆشێكی دەرەكی بدات، ئاو خۆی لەیەك كاتدا جەستە و ڕووپۆشە، ئەو ناوەوەیە بۆ گشت دەرەوەیەك (لە میانەی بزووتنەكەدا) بزووتنێك ئاو خۆی دیاریدەكات,كەواتە ناونیشانی قەسیدەكە بەمجۆرە دەبێت: ناو: ئاو، ئاوەڵناو: ڕووت. دلاوەر قەرەداغیی شاعیر وشەیەكی تری بەكارهێناوە بۆ پێكەوە بەستنەوەی سیفەتەكە بە مەوسوف یان ئاوەڵناوەكەوە ئەویش (وەك)ە، بۆچی نووسەر بەتەنها بەئاوەڵناوەوە نەوەستاوە، ناوی)ئاو(یشی بۆ زیادكردووە؟ پێم وایە لەوەدا چوونیەكییەك و پەسەندكردنێك هەیە، چوونیەكییەكە لە وەكیەكیی هەردوو مەدلوولی ئاو و رووتیدا دەردەكەوێت بەو سیفەتەی هەردووكیان یەك واتا بەیان دەكەن ئەویش داماڵین و دەركەوتنە بە روونی، بەاڵم پەسەندكارییەكە لەوەدایە پەی دەبەین بەوەی سیفەتی(ڕووتی) بەس نییە بۆ چڕكردنەوەی واتا و بەرجەستەكردنی، مەگەر لە ڕێگای پاشخانێكی دەوڵەمەندو لەجێگەی ئاماژەەیەك بێت بۆ پاڵپشتێكی دەلالی و جەوهەری. ئەوەش ناوی(ئاو)ە. ئەم پرۆسەیە ئاماژە دەكات بۆ ئەوەی ئاو لەخودی رووتی زیاتر ڕووتە. سەرەڕای ئەوەش ئاو بەسروشتی خۆی ڕووتە، بەڵام هۆكارێكی گرنگە بۆ ڕووتكردنەوەو پاككردنەوە و داماڵین. سیفەتی ڕووتبوونەوە ئاماژەیەكی داخراو دەدات بەخۆی و واتایەكی باوی هەیە. بەڵام ناوی (ئاو) هەڵگری سیفەت و تایبەتمەندیی دەلالی و ئەفسانەیی ئەفرێنەرانەیە. دەقە شیعرییەكە بە خودێكی قسەكەر دەستپێدەكات و وتراوی دەقەكە پشتئەستور و دەوڵەمەند دەكات. لە سەرەتای خوێندنەوەكەوە هەست بەتەنهایی ئەم خودە دەكەین لە ڕێگەی ئەو موفرەدات و وشانەوە دەریدەبرێت جگە لەتەنهاییەكی قوڵ و توند گوزارشت لە هیچی تر ناكەن، لەوەشدا دەربرینی راستەوخۆو چر لەبارەی خودی تەنیا و لەبیركراو لەئارادایە. لەبەشی یەكەمی قەسیدەكەدا، ئەو خودە لەمیانەی وتراوی رەمزی و لێكچوویی چڕەوە لە رێگەی لاڵانەوەیەكەوە دەدوێت، سیانزە وشەو موفرەدە كە سروشبەخشی مانەوەو تەنیایین لەسەر زمانی راناوی قسەكەرەوە بەكار دەبات، ئەو بەكاربردنەش لەمیانەی ڕستەگەلێكی ناباو و كتوپڕی دایە لە دروستبوونی وێنەی شیعریدا. لە سەرەتای قەسیدەكەدا لێكچونێكی زۆر هەیە وەك (ڕووخانی ئێوارەكان)و خود لە لەناوچوونیدا (لە بەفرێكی نامۆی ترسناك) دەچێت,پاش ئەوەش (باڵندەكانی ئێواران) دێن وەك لێكچوونێكی حاڵەتی تەنیایی، بەڵام لێكچوونێكی زۆر دەلالی و بەهێز، دەركەوتنی خودە لە شێوەی پیرێكی تەنیادا)پاشتریش لەسەر تێكەڵبوونی زەمەنی دەلالی بەسەر پیریدا دەدوێم).
لەبەشی یەكەمی قەسیدەكەدا منی قسەكەر بە شێوەیەكی گشتی موفرەدەكانی و لەیەكچوونە دەلالییەكانی لەسەر تەنیایی ئامادەبێت. پاش ئەوە من ئەوی تر دەدوێنێت لە (ئەسپە جوانەكەم)و(ئەسپە گلاوەكەم)دا دەردەكەوێت، تەنها لەمیانەی دواندنەوە پەی بەوە دەبەین ئەو خودەی جیهانێكی لەتەنیایی چنیوە جگە لە دلاوەر قەرەداغیی شاعیر خۆی كەسی تر نییە، لە كاتی دواندنی ئەسپەكەیدا حەقیقەتی خۆی ئاشكرادەكات و دەمامكەكەی فرێدەدات. لێرەشدا گالنی سوارەكە دەبینین كە شاعیر خۆیەتی. داننان بە گلان و داننان بە نووسینی شیعردا سمبولییەتی ئەسپەكە دروست دەكەن كە لە گرێی سوارەكەوە پاش گالنی سەرچاوە دەگرێت، پاشتر لەسەر ئەمەش قسەدەكەین. تا ئێستا ستراتیژیەتی قەسیدەكە لەسەر بنەمای وتراوی خود بونیاد نراوە، بەاڵم پاش ئەوە راناوی قسەكەر لەمنەوە دەگۆڕێت بۆ ئێمە، لە گوتاری تاكەوە بۆ گوتاری گروپ، بۆ دواندنی گروپێكی تر و هەروەها لێرەوە (شوێن) دەردەكەوێت وەك لەم دێرەدا دیارە (ژوورێك بە پانتایی قەسیدەیەك) وەهەمان كاتدا دوو عاشق لەفۆرمی جووت (موسەننا) دا دەردەكەون. لێرەدا تێبینیی بەكاربردنی هەموو راناوەكان لە تاك و جووت و كۆ دەكەین، دوو عاشق لە ئاو دەچن، عەشق دەكەن و هەمیشە دەگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەكە. رووتوقوت وەك ئاو. لە ئامادەبوونی دوو عاشقەكەدا دەق جەخت لەسەر دەسەڵاتی شوێن و هێزی ناونیشان دەكات (ڕووتوقوت وەك ئاو). قەسیدەكە دەڵێت (دوو غەریب رووتوقوتوەك ئاو/ هەمیشە بە بێدەنگی لە خەمی ئێمەدا بوون/ ئەو ژوورە ناوەندی گەردوون بوو).ئەمئامادەكردنەی دوو غەریبەیە و ئەو گۆڕینە لەمنەوە بۆ (ئێمە) گۆڕانێك نین لە نەخشەی هەرەمی قەسیدەكەدا، چونكە گۆڕان و ئاڵوگۆڕەكە بەرستراتیژیەتی دەقەكە ناكەون. دەستەواژەی )ئێمە(لەگەڵ دەستەواژەی (من) لە قەسیدەكەدا وەك یەكە لەبەر هۆیەكی سادە ئەویش ئەوەیە هەردوو دەستەواژەكە لە گوتاری خودەوە سەرچاوە دەگرن، هەردووكیان نموونەیەك لە نموونەكان لەو گوتاردەدا پێكدەهێنن. بەاڵم چۆن لێكچون لەنێوان دوو دەستەواژەی جیاوازدا (من/ ئێمە) دروست دەكرێت؟ بۆ وەاڵمی ئەو پرسیارە شیاوە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بنەڕەتی دەستەواژەكان لە قەسیدەكەدا لەسەر ئاستی دەلالی. لە قەسیدەكەدا خودێك گوتاری تایبەتی خۆی لەڕێگای چەمكی یەكبوون و جیابوونەوە لە رابردوو دەخاتە ڕوو. ئەم خودە لە پەیوەندییەكی دوانەییدا جارێك بەهۆی راناوی(من)، جارێكی تر بەهۆی راناوی (ئێمە)وە دروست دەبێت، ئەوانەش دەگەڕێنەوە بۆ چییەتی و پاشخانی هاوبەش كە بریتییە لە زەمەنی منداڵی، یاخود گوتاری منداڵی. لە ژێر چەتری ئەم گوتارەدا میتافیزیكای منداڵی ئامادە دەبێت، میتافیزیكا لەسەر ئەفسانەیەك لە ئەفسانەكانی خودی منداڵی بونیادنراوەو لە دەوری منێتیی رەها چەقدەبەستێت، كاتێك ئەفسانەكانی ئەم خودە دەتەقێتەوە پەردەی لەسەر هەڵدەدرێتەوە، ئیدی پەنا دەبات بۆ كۆكردنەوەی هەموو راناوەكانی تاك و كۆ بۆ پارچەپارچەكردنی لەناو یۆتۆپیای منێتیدا، كە لەهەموو وێنە و راناوەكان و یادگارییەكان پێكدێت و دەگەڕێتەوە بۆ وێناكردنی منداڵی بۆ جیهان، لە قەسیدەكەدا ئاماژەگەلی روون بۆ ڕابردوو هەیە، بەڵكو ستراتیژیەتی زەمەنی دەق لەسەر جیاكردنەوەی نێوان رابردوو و گوتارەكەی لە ئێستادا كە بۆشاییەك یان شۆكی گەڕانەوە پێكدەهێنێت و دەگات بە وەها عوسابێك كە ئێستای قبوڵناكرێت.
فرۆید پێی وایە عوسابی كەسێكە واقیع/ ئێستا قبووڵ ناكات واقیع لە دەقەكەدا (ئێستا)یەكی مەوجود و هەبووە كە قبووڵ ناكرێت، لە ئەنجامی ئەم شۆكەوە منی ئایدیاڵی لە بەدیهێنانی نموونەیەكەدا لەسەر بنەمای چێژ شكست دەهێنێت، تا ناچاردەبێت دانی پێدا بنێت كە بە ئایدیاڵكردنی من لە بەرژەوەندیی منی واقیعیدا شكستی هێناوە.ئەم موفرەدەو وشە ئاماژەدارانە لە قەسیدەكەدا لە حاڵەتی رەهایی و سەرسامیدا زۆرترن. ئەم حاڵەتانە لە جیهانی منداڵییەوە كە وێنەی فیردەوسییانە لە بارەی خۆیەوە نمایش دەكات سەرچاوە دەگرن. لێرەدا مەبەستم لەوە نییە بڵێم شاعیر دەیەوێـت وێنەیەك لەبارەی ژیانی رابردووی خۆی و منداڵیی خۆی نمایش بكات، ئەگەر واش بێت، بەڵكو مەبەستمە ئاماژە بۆ زەمەنێك لە قەسیدەكەدا بكەم دەگەڕێتەوە بۆ جیهانبینییەكی منداڵی و دەبێت بە (منداڵیی زەمەن، یان منداڵیی ئەزموون، یان منداڵیی ژیان). كەواتە لەوێدا ڕوانینێك جەخت لەسەر پوكانەوەو تیاچوونی جیهان دەكات، لە كاتێكدا ڕوانینەكە خۆی دەیەوێت لەو جیهانەدا بژێت و جیهانەكە لە شێوەی جیهانێكی ئەفسوناوی و ئایداڵیدا بخاتە روو. بەشی دووەمی قەسیدەكە زۆر بە روونی دەستپێدەكات لە ئاستی گەڕانەوەی ڕابردوو و پێشنیاركردنەوەی وەك ئیشكالییەتێك. ئەو خودەی لە بەشی دووەمی قەسیدەكەدا دادو بێدادیەتی لەدەست گرێی تەنیایی و تەنیا مانەوە، لەهەناوی گوتارێكی كۆدا دەردەكەوێت بەبێ ئەوەی گوتارەكە گوتارێكی سیاسی بێت، لە بەشی دووەمی قەسیدەكەدا (من) دەگۆڕێت بۆ دەستەواژەیەكی جەماعی بۆ چڕكردنەوەی سروتی منێتی و پێدانی رەهەندێكی كۆمەاڵیەتی بە (من). ئەم گردبوونەوەو كۆبوونەوەیە دووبارە رەنگرێژكردنی سنووری منی (تەنیا)یە، بەاڵم فراوانكردنی ئەم سنوورانە بەشێوەیەكی گشتی و هەمووەكی دەبێت، بەاڵم ناوەرۆكی گوتارەكە لە هەردوو دۆخەكەدا دەمێنێتەوە. نیوەی دووەمی قەسیدەكە بە (ماڵئاواییكردن لە رابردوو و ئامادەكردنەوەی) دەست پێدەكات و وشە و ئامرازی نیشانە و بانگەوازی دووپاتبووەوەی لەگەڵدایە. وشەكانی ماڵئاوایی لەم بەشەی قەسیدەكەدا نۆ جار دووبارە دەبنەوە، لەكاتێكدا ئامرازە نیشانەییەكان بیست جار دووپات دەبنەوە تاڕادەیەك ئەم بڕە زۆرەی بانگەواز و ئیشارەت رووبەڕووی رەمزییەت و وێنەی شیعری چڕدەبێتەوەو )تەوەری من و تەوەری پاش من( لە دوو خاڵی بەرانبەردا چەق دەبەستێت، كە ئەوانیش زەمەنی واقیع (ئامادە) و زەمەنی پێش الماقبل-ن، ئەم پۆلێنكردنە بۆ ئێستای (نادیار– غائب) و پێش (ئامادە) جیاكارییەكی هەڵگەڕاوە لە ڕێكخستنی كاتەكان و خوددا دروستدەكات. هیچ خودێك لە قەسیدەكەدا نییە جگە لە خودی منداڵی. گەڕاندنەوەی وێنەیی و خەیاڵییانە هیچ نییە جگە لە جەختكردنەوەیەكی توند لەسەر دەسەاڵتی گەڕاوە. پرۆسەی گەڕانەوەش شێوەیەكی باش یان خراپ وەردەگرێت، بەاڵم قەسیدەكە جەخت لە رەهایی وێنەی گەڕاوە دەكاتەوە، بەڵكو دەیكات بەخودێكی حازر. هەر بۆیەش پەنای بردۆتە بەر ئامادەكردنەوەی (من) و رەمزەكانی و ئەفسانەكانی لەگەڵ ئەفسانەكانی پێش تێكەڵدەبنەوە. بەوشێوەیە واقیع لەگەڵ چێژدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە. واقیع لەگەڵ ئایدیاڵ رووبەڕوو دەبێتەوە، بەیەكدا دەچن، كەواتە لە بنەڕەتدا گرفتێكی سەرەكی لە قەسیدەكەدا هەیە، كە ئەویش ئەوەیە بەدەست چێژی ئامادەكردنی ئەسڵ و ئایدیاڵەوە دەناڵێنێت. ئەسڵ زەمەنی منداڵی یان منداڵی زەمەنە؟ پرۆسەی ماڵئاواییكردنەكە لەگەڵ زەمەندا روودەدات، هەروەك قەسیدەكە بەیانی كردووە (ڕۆژە جوانەكان، ساتە ڕەنگاوڕەنگەكان، شەوەكان، وەرزەكان، گۆرانییەكان، ئێوارەكان….هتد). بەاڵم ئەوە چ زەمەنێكە دەق ماڵئاوایی لێدەكات و دەیگەڕێنێتەوە بەم هەموو هێزەوە؟ ئەوە زەمەنی رەها و زەمەنی ئەسڵە. لێرەدا گرفتی عوسابی سەرهەڵدەدات. فیلیپ ریف لەو بارەیەوە دەڵێت: )عوساب دەستەپاچەیی مرۆڤە لە رزگاربوونی لەدەستی رابردوو و قورساییەكانی مێژوو(. لێرەوە منێتی گوتاری گشتگیری خۆی دەردەبڕێت، كە گوتارێكی بونیادنراوە لەسەر نەگەڕانەوە بۆ مێژوو، كەسی عوسابی خاوەنی گوتارێكی پەیوەستدارە بەمنەوە، بە رابردوو و مێژووەوە. من لێرەدا لەبەردەم خاڵێكی دیاریكراودا وەستاوە، خاڵێكی ترسناك( بێگومان هەردەبێت من بگەڕێمەوە بۆ ئەسڵ و رەهایی شاراوە لە منداڵی و لە منێتیدا، پرۆسەی ئایدیالیزەكردن بەهۆی رەمزێكەوە تەواو دەبێت كە لە رابردوو و لە منەوە سەرچاوە دەگرێت. كەواتە نموونەیەكی تر لە پشت بزووتنە واقیعێكەو هەیە و پێویستە پێوە پەیوەست بكرێت بەر لە هاتنی زەمەنی منداڵی و پیری و هێزییەوە، مەرج نییە ئامادەبوونەكەی وەهمی بێت، ئیشكالییەتەكە لە زەمەنی منداڵیدا شاردراوەیە، پێناچێت ئەو زەمەنە لە رەهاو ئایدیاڵ یان لە جەوهەری هەر پرۆسەیەكی وەها پێك بێت. دەستەواژەی ناكۆتایی لە قەسیدەكەدا، لە چەند ئاوەڵناوێكدا دووبارە دەبێتەوە وەك: (شێتی، رەها، چێژ، بێ كۆتایی، تینوێتی…هتد). هەموو ئەمانە سیفاتی جواڵو و ناجێگیرن، قەسیدەكەش كۆكارییەكە لە نێوان ئەو رستانەدا كە لە وشە لێكدوورەكان پێكهاتوون، بەڵام ڕەگەزی زاڵ ئاوە، ئاو و سیفەتەكانی ئامادەبوونێكی ئاشكرایان هەیە، سەرەڕای ئەو بایەخەی جوڵەكە لەبەرانبەر بێدەنگیدا هەیەتی، قەسیدەكە دەڵێت: (هەموو شتێك ئاوی بوو/ هەموو شتێكمان بە ڕەنگی ئاوی دەبینی) لێرەدا ئاو ئەسڵ و سەرەتایە، ئەم سیفەتە ئاو دەكات بە رەگەزێكی ئەفسانەیی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕهگەزێكی گرنگە لە داهێناندا. شوێن ئامادەبوونی نییە لە قەسیدەكەدا چەند جارێكی كەم نەبێت، ئەویش لە ناوكۆیی زەمەندا ئاماژەی بۆ دەكرێت، پشتبەستن بە فەرمان و بە سیفەت لە تایبەتمەندییەكانی دەقەكەن، زیاتر لە (٠٩) فرمان بەكارهاتووە، (٦٥)یان فرمانی رابردوون و جەخت لەسەر كارایی رابردوو دەكەنەوە، هەروەها گوزارشتی شوێنی هەیە و زیاتر لە جارێك دووبارە دەبنەوە وەك(ئەو ژوورە ناوەندی گەردوون بوو) و هەمیشە لێرە هەمیشە. شوێن تەوەری مانای رەگداكوتین نییە (لێرە)دا، بەڵكو لە یادەوەریی (ئێرە)دایە، ئاماژەیەكە بۆ شوێنێك كە (لەوێ) لە رابردوودا ئامادەیە، دواین رستەی شیعری لە دەقەكەدا (ئەم ژوورە بۆنی ئەستێرەی لێ دەهات) رستەیەكە لە فرمانێكی رابردوو و ئاماژەیەكی شوێنی ئێستا پێكهاتووە، فرمانەكە دابەشبوونی كات دیاری دەكات، لەكاتێكدا شوێن دابەش دەبێت بۆ شوێن لە ئێستادا و شوێنێكی تر كە بۆنی ئەستێرەی لێ دەهات. قەسیدەكە لەسەر سەنتراڵی گوتاری منێتی بونیادنراوە، گوتارێك لەگەڵ خۆیدا نەبێت نادوێت، گفتوگۆ و بانگەوازەكان لە دەقەكەدا سنوری من تێناپەڕێنێت كە بەردەوامە لەسەر دروستكردنی پرد لە نێوان خۆی و شتەكانیدا و ئەو بوونەوەرانەشی لەسەر لێواری لەناوچووندان، قەسیدەكە دەڵێت: ئەسپی گلاوی جوانم بحیلێنە تا چاوتكەم منیش شیعر دەنووسم تابمبیستیت ئەم داوایە كە لە فرمانی داخوازی (بحیلێنە)دا دەردەكەوێت خودئامادە دەكات بۆ پارسەنگیكردن لە نێوان حیلەی ئەسپ و شیعرنووسیندا، بەڵام ئەسپەكە ناجوڵێت و یۆتۆپیایەكی منێتی لە ئاردایە قەرەبووی لەدەستچوونی هێزی ئەسپەكە دەكاتەوە، لە ڕێگهی نووسینی شیعرەوە بەتاڵكردنەوەی ئەو هێزە تەواو دەبێت. ساتی فرمانەكە كە هەموو فرمانەكانی تر لە دەوری دەخولێنەوە لە قەسیدەكەدا لە میانەی چەمكی(سات)ێكی زەمەنیدا داڕێژراون، بە گوێرەی تێگەیشتنی »رۆبنا« بۆ زەمەن بارتەقاییەك لە نێوان (سات_لەحزە) و فرماندا هەیە، بەو شێوەیەش رابردوو دەبێت بە خاوەنی سیفەتێكی كارایی. تەماشاكردنی رابردوو پاشەكشە دەكات بۆ تەماشاكردنی ئێستا، بۆ ئەوەی رابردوو بگەرێتەوە و بیكات بە یۆتۆپیا و لە ئایندەی بكشێنێتەوە یان بۆ ئەوەی یۆتۆپیا بكات بە منداڵێك شیاوی ئەوە بێت زەمەن بە گوێرەی روانینی ئەو فۆرمەلە بكات، بەوەش چەمكی كارایی لە رابردووەوە بۆ ئایندە دەگۆڕێت بۆ رووماڵكردنی گریمانەكانی فرمان. كەواتە ئێمە لەبەردەم زەمەن و زەمەنی گەڕاوەداین، لەبەردەم وێنەیەك و وێنەیەكی گەڕاوەداین، میری ورنوك دەڵێت: »وێنەی فیردەوس وێنەیەكە لە رابردوو وەرمانگرتووە، بەڵام لێكچووەكەی لە زەینی ئێمەدایە نەك خۆی، چونكە گوزارشت لە زانیارییە تایبەتییەكانی ئێمە لەبارەی وێنەكەوە دەكات«. دوو وێنە، یەكیان لە رابردوودا و ئەویتر لە زەیندایە، ئەگەر گێڕاوەكە (المروی) تێپەرببێت و گێرانەوەكەی لە ئێستادا تەواو ببێت، بەو پێیەی لە دیمەنێكی گێراوەدا دەخرێتە روو، ئەوا زیهنێك هەیە بۆ بەهێزكرنی گێڕاوەكە و گەڕاندنەوەی، خۆ ئەگەر گێڕاوەكە مێژوو بێت، ئەوا مێژوونووس ئەوە دەگێڕێتەوە كە ڕوویداوە.
بەڵام شاعیر ئەوە دەگێڕێتەوە كە شیمانەی روودانی دەكرێت، هەروەك ئەرستۆش وای وتووە. لە قەسیدەكەدا وێنەی واقیع تێكەڵ بە وێنەی ئایدیاڵ دەبێت، بەڵكو وێنەیەكی جیا لە ئایدیاڵ نییە، لەگەڵ ئەوەشدا قەسیدەكە جەخت لەسەر تێكشكاندنی ئەو ئایدیاڵەو سڕینەوەی وێنەكانی دەكات، سەرەڕای ئەوەی وێنەی ئامادە وێنەیەكی جیاوازیش بێت كە لە ئەنجامی یەكجار بینینی گێڕاوەو نەگێڕاوە دروست دەبێت، لە نێوان هێمادارەكان و بێ هێماكاندا، لە نێوان حازرو رابردوودا، پاش ئەو بەیەكگەیشتنە ئایدیاڵ هەڵدەبژێردرێت. ئەم پرۆسەیە جگە لە قەڵەمبازێك لە پرەنسیپەكانی واقیعەوە بۆ پڕەنسیپەكانی چێژ و نۆژەنكردنەوەی یۆتۆپیای منداڵی وەك تاكە هەڵبژاردنێك هیچی تر بەرهەم ناهێنێت، چونكە ئەو هەڵبژاردنە كۆتایی بە سەرسامی و رەهاو ناكۆتا دەهێنێت و وا دەكات منی ئایدیاڵی لەناو ئەو گوتارەدا بژێت، كە ئەسڵ بەنەمری دەهێڵێتەوە.