لێدوانی بەختیار عەلی
دەنگێک سەر بەو نەوەیەی کە لە پێش ڕاپەڕینەوە دەستمان بە کاری ئەدەبیات کرد، بەڵام بە گشتی لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕەنگ و ڕوخساری ئەزموونەکەمان دەرکەوت بۆیە لە ڕاستیدا دەکرێت، لە ڕووی مەجازییەوە کۆی ئەزموونەکە بە ئەزموونی نەوەی دوای ڕاپەڕین ناوزەد بکرێت… لێرەدا حەزدەکەم هەندێک تێبینی بچووک لەسەر شیعری دلاوەر بڵێم، سەرەتا لەسەر تەکنیکی شیعر قسە دەکەم.
شیعری دلاوەر یەکێکە لەو شیعرانەی کە زۆر ڕوونە، وشەی ئەو بە ئەندازەیەکی سەیر ڕوونن، هەڵگری تەنکی و شەفافییەتێکن کە بە دەگمەن لە شیعری شاعیرانی تردا دەیبینین، مەبەستم لە ڕوونی ئەوەیە کە کیمیای ڕستەکانی ئەو کارێک دەکەن جیهانی پشت شیعرەکە، فەزای وێنەکان، ئەو هەستەی کە دروستیدەکەن، پێکڕا بە ڕوونی ببینرێن. لەکاتێکدا لە زوربەی شیعری کوردیدا وشە جۆرێک لە تەم دروست دەکات، چەشنە دیوارێک دەخولقێنێت کە بڕینی زەحمەتە، بەڵام جگە لەم ئاستە شەفافە کە تێیدا ڕەنگی جیهان بە ڕوونی دیارە، ئاستێکی تر هەیە کە ئاستی مانایە، لێرەدا ئەزموونی دلاوەر شتێک نییە مرۆڤ تێیدا باس لە ڕۆشنییەکی سەتحی یان موباشیرییەتێک بکات، سەفافییەتی نیگارەکان، ئەو وێنانەی کە زوو دەگەنە یادەوەری بە دیوێکی تردا هاوڕێی مانایەکن کە ئاسان ناگیرێت. مانا شتێک نییە لێرەدا بە هەمان ئاسانی بفڕێت و بگیرێت، شەفافییەتی نیگارەکان پتر بەرەو ئەوەمان دەبات کە لە مانادا نوقم بین و دوورتر و دوورتر لە هەر تێگەیشتنێکی ڕووکەش بۆی بگەڕێین. کۆکردنەوەی ئەم دوو نەقیزە، کۆکردنەوەی ئەم دوو ئاستە، شەفافییەت لە وێنەدا و قووڵی لە مانادا ئەاموونێکی زۆر زەحمەتە کە پێموایە دلاوەر بە سەرکەوتوویی توانیویەتی هەردووکیان کۆبکاتەوە…
ئەوەی لە شیعری دلاوەردا زۆر جوانە و قابیلی ئەوەیە زۆر قسەی لەسەر بکرێت ئەوەیە کە پێیدەڵێم بازدانی سریاڵی لە ناو قەسیدەکاندا. هەمیشە شتێک هەیە، کۆمەڵێک موفرەدات هەیە سەر بە ژیانی ڕۆژانەیە، هەموو ئەو موفرەدە ئاساییانە کە بە بەربڵاوی لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاردێن، موفرەداتی ناو کۆڵان، ناو ماڵ، دونیای بەر پەنجەرەکان، دونیای بەردەرگاکان، دوکانی سەر سوچەکان… هەموو ئەم شتانە لە شیعرەکانی دلاوەردا دووبارە دەبنەوە و ئمادەییان هەیە، هەموو ئەم موفرەدە سادانە دێن، جیهانە ڕوونەکەمان بۆ دەخولقێنن، بەڵام لە ناو ڕەوتی شیعرەکەدا هەمیشە بڕینێک هەیە، فڕینێک هەیە بۆ ئەودیو ئەو واقیعە سادەیە کە دواجار بە جیهانێکەوە گرێمان دەدات کە ڕەهەندەکانی زۆر دوورترە، زۆر قووڵترە لەوەی کە وێنەکە یەکەمین جار دەمانداتێ. ئەم ئاستە تەکنیکییە، ئەم بازە سوریالییە، ئەم دەربازبوونە لەناکاوەی سادەیی لە سادەیی خۆی، ئەم ڕاکردنەی واقیع لە واقیعییەتی خۆی، ئەم سەرهەڵدانەی نیگاری سوریال لە نیگاری سادە، ئەم خۆڕاپسکانەی شتە ڕۆژانەکان لە سیاقی تەنگی خۆیان بەو جۆرە و بەو ستراکتورە، لە شەیعری کوردیدا دەتوانم بڵێم تەنها لای دلاوەر بەو شێوەیە بەرجەستە بووە، تەنیا لای ئەو بەو ئاستە قووڵ و جوان و شەفافە دەرکەوتۆتەوە… لە هەموو شیعرێکدا دلاوەر وەک کەسێکی سادە دەردەکەوێت کە لەناکاو جووتێک باڵی سوریالی لێ دەڕوێت. منیش کەسێکم حەزم لەو جۆرە تێکستانەیە کە بە ئیقاعێکی هێمن دەسپێدەکەن و لە ناکاو جووتێک باڵی سوریالییان لێ دەڕوێت.
لە شیعری دلاوەردا هەمیشە موسافیرێکیش هەیە کە ناگاتە جێ، هەموو شیعرەکان کەسێک هەیە سەفەر دەکات، ئەم دۆخەی لای دلاوەر لە زۆر فۆرم و لە زۆر مەجاز و لە زۆر چیرۆکی نهێنیی ناو شیعرەکاندا دووبارە دەبێتەوە. کەسێکە نە دەزانین لە کوێوە سەفەر دەکات و نە دەشزانین بەرەو کو دەڕوات، یانی حاڵەتی سەفەرێکی هەمیشەیی هەیە بێ ئەوەی ئەم سەفەرە نە سەرەتای دیار بێت و نە کۆتایی، ئەم جۆرە دۆخە بە دیدی من زۆر جار ڕۆمان دەتوانێت دەرەقەتی بێت، مەبەستم دۆخی ئەو موسافیرە ئەبەدییەیە، کە دەشێت وێنەیەکی مەجازی بێت بۆ کۆی دۆخی مرۆڤی هاوچەرخ، یان بۆ کۆی دۆخی مرۆڤی کورد، کە موسافیرێکە لە دۆخی سەفەرێکی هەمیشەییدایە و ناوەستێت و قەتیش ناگاتە جێ. ئەم حاڵەتە بە قووڵی لە شیعری دلاوەردا ڕەنگی داوەتەوە. ئایا ئەم ڕەنگدانەوەیە هەستیارانایە یان تەجرەبەیەکی نەستییە ناتوانم ئەوە دەستنیشان بکەم، بەڵام لە شیعری ئەودا هەمیشە لە ناو تەمێکی تەنکدا موسافیرێک دەبینم کە سەفەر دەکات و ناگاتە جێ.
لەوەش گرینگتر، لە شیعری دلاوەردا نائومێدییەک هەیە کە هەرگیز نابێت بە تووڕەبوون، جیاوازی شیعری دلاوەر لەگەڵ زۆربەی زۆری شاعیرانی ترماندا ئەوەیە، بۆ نموونە کاتێک ئێمە باسی نائومێدییەکان دەکەین، لە ئاستێکدا هەموو ئەو حەسرەت و خەیبەیە دەبێت بە تووڕەبوونێکی توند، یانی بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبێتە زمانێکی توندوتیژ، تەنانەت لە ئەزموونی ئەدەبی مندا هەمیشە ساتێکی حەسرەت و نەگەیشتن خەیبە هەیە، کە دەبێتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند لەگەڵ دنیادا. لە شیعرەکانی دلاوەردا ئەو بازدانە تووڕەیە نییە، هەمیشە ئەو دۆخە وەکو خەیبە ئەمێنێتەوە، وەک حەسرەتێک کە لەناو خۆیدا نائومێدیی خۆی دەژی، هەر لێرەشەوە لە شیعری دلاوەردا شتێکی تریش هەیە کە من وەکو خۆی دەیبینمەوە، غەمێک هەیە، کە هەمیشە وەک غەم دەمێنێتەوە، لە زوربەی جاردا کە ئێمە لە شیعردا باسی غەم دەکەین، بۆ ئەو غەمە بە دوای تەفسیرێکدا دەگەڕێین یان بە دوای دەروازەیەکدا دەگەڕێین لێی دەرچین. بەڵام لای دلاوەر غەم وەکو خۆی دەمێنێتەوە، غەم هەیە و لەناو دێڕەکاندا نیشتووە، غەم هەیە و گرینگ نییە هۆکەی چییە، غەم هەیە و شیعرەکە ئەوەندەی سەرقاڵی گەیاندنی ئەو حوزنەیە سەرقاڵی تەفسیرکردنی نییە، سەرقاڵی ئەوە نییە مانای ئایدیۆلۆژی بۆ بدۆزێتەوە، سەرقاڵی ئەوە نییە مانای سیاسی بداتێ، سەرقاڵی ئەوە نییە بیبەستێتەوە بە هەندێک ئەزموونی بچووکی ژیانی تایبەتی خۆیەوە، بە پێچەوانەوە غەمێکی هەمیشەیی و گەردوونییە، دۆخێکە پەیوەندی بە بوونی مرۆڤەوە هەیە وەکو مرۆڤ. دلاوەر پیاوێکە ڕازییە بە خەمی خۆی و لەگەڵیدا دەژی و دەیگوازێتەوە بۆ بەرامبەرەکەی، بێ ئەوەی سەرقاڵی تیوریزەکردن یان ناونانی بێت، بە ئەوەی سەرقاڵی هەڵهاتن لێی یان دیکۆرکردنی بێ، حوزن بە فۆرمی خۆی دێت، بە سادەیی و بە ئۆرجینالییەتی خۆیەوە دێت. دلاوەر لە یەکێک لە دێڕەکانیدا باسی یەکێک لە هەوڵەکانی خۆی دەکات وەک مرۆڤێکی هەلاهەلا خۆی کۆبکاتەوە، ڕەنگە ئەم دێڕە کە لەناو دێڕەکاندا لە هەرشتێک زیاتر تەعبیر لە دۆخی دلاوەر بکات، شاعیرێک لە ڕەگای وشەوە هەلاهەلابوونی خۆی کۆدەکاتەوە. هەلاهەلابوونێکی گەورەیە، کە لە شیعردا قەشەنگ کۆکراوەتەوە و لە وشە و نیگاردا قەشەنگ نووسراوەتەوە٠
ئەم نووسینە لە پێشەکیی کتێبی گەڕەکی شاعیراندا هەیە –