!…هیچ شتێک، ماندووم

بەختیار حەمەسوور

سەبارەت بە کتێبی “مارتیرۆلپگیا”

ڕۆژانەیاداشتەکانی ئاندرێی تارکۆڤسکی

وەرگێڕانی لە سویدییەوە: دلاوەر قەرەداغی

بە دوایین ساڵی ژیانت دەست پێ بکەم کە لەم کتێبەدا ڕۆژ بە ڕۆژیت یادداشت کردووە، یان بگەڕێمەوە سەرەتای سەرەتا؟ تۆ بە درێژایی ٩١٥ لاپەڕە، بچووکترین و وردترین ڕووداوەکانت نووسیوەتەوە و ڕەنگە بەو نیازە کە پاش مەرگت، قسەیەکت هێشتا لەگەڵ ئێمە و دنیا هەبێت و بزانین ژیانی داهێنەرێک چەند تاڵ و خەمگین بووە؟ نازانم. بەڵام دەنگی کۆکە و لاوازیت لەسەر تەختی خەستەخانە و ڕۆژانی وەرگرتنی چارەسەری کیمیاوی و خەوتنی هەر شەوەت بە زەبری حەپ لە دوایین ساڵی تەمەندا، دیمەنێکە لە ژیانی خۆت و هەر لەم –یادداشتانەدا سیناریۆکەیت داڕشتووە

ئەم کتێبە تۆماری ژیانی کەسێکە بە وەستان لەسەر بچووکترین ڕووداوەکان، کەسێک لە جەرگەی ژیاندا ڕەنج دەکێشێ و زەحمەتی دەبینێ و پەرێشانە. لە خۆی دەدوێیت، لە ژینگە و دەوروبەرەکەی، لەو ژیانەی تا هەناسەی تێیدا کێشا لەژیر باری قەرز و خۆزگەی خانوویەکدا، کە چەند جار هێڵکارییەکەی هەر لەم یادداشتانەدا کێشاوە، گوزەراند. دەبێت بنووسم: گوزەراند»، چونکە ئەوە تەنیا گوزەراندنە نەک ژیان

سەروەختی خوێندنەوەی ئەم کتێبە، هاوڕێیەک نامەی نارد کە چی دەخوێنمەوە، وێنەی بەرگی کتێبەکەتم بۆ نارد. بۆی نووسیم کە چەند ئەو کتێبەی لا خۆشەویستە، چەند تامەزرۆ بووە وەربگێڕدرێت، نووسی: «ڕاستگۆترین کتێب ئەو کتێبانەن کە بۆ بڵاوکردنەوە نەنووسراون، ڕێک وەک ئەم کتێبەی تارکۆڤسکی

لەم کتێبەدا هەموو ئەو شتانەت داناون و نووسیون کە لە هیچ کتێبێکدا جێیان نابێتەوە: یادداشتی پچڕ پچڕ، نامەی نەنێردراو، کوتەڕۆژنامە کە ستوون یان وتار یان نووسینێک دەربارەی فیلمەکانتی تێدایە، گرێبەست، تەلەگرام، پسووڵەی باج و لیستی قەرز، بیرۆکەی سیناریۆ، پاراگراف و دێڕ لە سەدان نووسەر و سەدان کتێب کە سەروەختی خوێندنەوە بە دڵت بوون و پێت خۆشبووە لەم دەفتەرەدا بیاننووسیتەوە و نووسیوتنەوە، وتاری لیژنەی داوەران و نامە بۆ کاربەدەستان و هاوڕێکانت، دەستخەتە جوانەکەت و هێڵکارییەکانت، بێزاری و وەڕزییەکانت، شەڕەکانت: «شەو، لەگەڵ ئۆلگای دەمەوەردا بەشەڕ هاتم و بەهۆی ئەوەوە لەگەڵ لاریساشدا. من هەموو قسەبەیەکترگوتنەکان دەنووسم تا دۆکیۆمێنتی بکەم. ئەگەر نا ئەوا کەس باوەڕم پێ ناکا (بە لاریساشەوە) کاتێک دەڵێم ژیان بەم هەموو شەڕەوە مەحاڵە

بە بارێکی تردا، دەکرێت بڵێم ئەمە کتێبی نووسینەوەی خەونەکانی تۆیە، ئەو خەونانەی بەدی نەهاتن و لە سەرتدا دەخولانەوە، ئەو خەونانەی تووشی خەوزڕاندیان کردیت؛ وەک ئەو خەونەی لە مۆسکۆ، لە کەشێکی خۆفناک و مەرگاویدا بە ستالینەوە بینیت. ئەو خەونەی بە باوکتەوە بینیت: «شەو خەوم بە باوکمەوە بینی لەگەڵ پاستەرناکدا قسەی دەکرد. خەونێکی ناخۆش بوو. دەبێ تەلەفۆن بۆ مۆسکۆ بکەم.» خەونێک کە هەر دەڵێت گرتەیەکە لە یەکێک لە فیلمەکانت: «شەو خراپ خەوتم ـ خەونم بە کچگەلێکی ڕووتەوە بینی کە تەواو خۆیان لە قوڕ ساوی بوو

…دەیان خەونی تر

لێت ناشارمەوە، کە گەیشتمە ئەم ڕۆژانەیادداشتەت: «یەک عانە لە ماڵماندا نییە. دوێنێ ژنێک لە مۆسینێرگۆوە هات و داوای پارەی کارەبای دەکرد. سبەینێ ڕۆژی لەدایکبوونمە ـ لاریسا بە هەرچوارلادا تەلەفۆنی بۆ ئاشنا و ڕۆشنایانمان کرد کە بۆ بۆنەی یادەکە نەیەن؛ چونکە هەڵوەشاتەوە.» تەنیا یەک مۆمم لە ماڵەوە شک دەبرد، چووم و هێنام و بۆتم داگیرسان، بە یادی تۆ و بە هەناسەی تۆ، فووم لێ کرد و چەپڵەم لێ دا

تۆ لەسەر تەختی نەخۆشخانە بووی، کە لە «کان» فیلمەکەت خەڵاتەکەی بردەوە. لەوە بێهێزتر بووی پێبکەنیت، لەوە شەکەتتر بوویت پێکێک هەڵدەی… لە دەرەوە، لە ڕۆژنامە و تیڤییەکاندا، باسی تۆ و فیلمەکەت بوو، تۆ لە ئەبەدییەتدا بووی

ڕۆژانەیادداشتێک، کە پێشتر نووسیبووت، قسەی تۆ بوو بۆ ئەو چرکەساتە

«هیچ شتێک. ماندووم»