ڕێبەری شیعری ئیکۆلۆجیی کوردی
حەمەسەعید حەسەن
بە زمانێکی نوێ، بە زمانێکی ڕوون و تەنک، شیعری قووڵ بەرهەم دەهێنێت، شیعرێک کە وەرچەرخان و ڕچەشکاندنە لە ئەدەبی کوردیدا، شیعرێک کە لاساییکردنەوەی هیچ شاعیرێکی پێش خۆی نییە. بە شێوازێکی تایبەت و تازە مامەڵە لەگەڵ زماندا دەکات، شێوازێک کە خوێنەر چاوەڕێی ناکات و زوو زوو تووشی شۆک دەبێت. شیعر بەو فۆرم و بەو ناوەڕۆکەی ئەو پێی دەنووسێت، لە خۆیەوە دەست پێ دەکات، ئاخر سەر بە هیچ نەوەیەکی پێشوو نییە و لە هیچ شاعیرێکی نەوەی دوای ڕاپەڕینیش ناچێت، شاعیرێکە بێ باوکی شیعری، ئەگەر وەجاغی شاعیرێکی پێش خۆی ڕۆشن کردبێتەوە، پێ دەچێت ئەو شاعیرە سۆهراب سپێهری (١٩٢٨ - ١٩٨٠) بێت. با ئاوەکە لێڵ نەکەین ئاخر ڕەنگە تۆزێک لە خوارترەوە کۆترێک لێی بخواتەوە یان دەروێشێک نانێکی پێ تەڕ بکات یان لە ئاوەدانییەک کیژێک گۆزەیەکی لێ پڕ بکات. سۆهراب سپێهری لێرە و لەوێ باران، دووراودوور هەتاو، نزیکەی هەموو ئەو شیعرانەی (دلاوەر قەرەداغی)ین کە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ و ٢٠١٨دا نووسیونی و بریتییە لە ١٠ کۆشیعر. کەیفم بەو پێشەکییانە نایەت بۆ دیوان یان ڕۆمان دەنووسرێن، ئەزموونی دلاوەر و شیعری ئیکۆلۆژی، توێژینەوەیەکی عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجییە ، دلاوەر قەرەداغی چاکی کردووە وەک پێشەکی لەگەڵ (کۆبەرهەمە) شیعرییەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە، ئاخر عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی هەم قووڵ بە ئەزموونی شیعریی دلاوەر قەرەداغیدا ڕۆ چووە و هەم یەکەمین باسکاری کوردیشە، دەربارەی شیعری ئیکۆلۆژی قسەی کردبێت. عەین حێ بێ یادی بەخێر و ڕۆحی پاکژی ئاسوودە، شاعیرێکی گەورەی نەوەی یەکەمی تازەکردنەوەی شیعری کوردی بوو، عەین تێ بێ (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی) باشی بۆ چووە، کە دلاوەر قەردەاغیی بە یەکێک لە پێشەنگە هەرە چالاکەکانی نەوەی سێیەمی نوێکردنەوەی شیعری کوردی لە قەڵەم داوە. عەین تێ بێ بێجگە لە لایەنی ئیکۆلۆژیی شیعری دلاوەر قەرەداغی، بایەخی بە گەلێک لایەنی دیکەی شیعرەکانی داوە، وەک: گێڕانەوە، دووبارەبوونەوە، دیدی منداڵی، خەون و ئەفسانە. ڕەخنەگر کەسێکە ئەو نهێنییانە دەدرکێنێت کە خوێنەری وریایش هەستیان پێ ناکات، عەین تێ بێ بە هەق لەو چەشنە ڕەخنەگرانەیە. شیعری دلاوەر قەرەداغی هەڵاتنە لە واقیعێکی تاریک، بە مەبەستی ڕۆنانی دونیایەکی گەش، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی مانای قووڵ لە لایەنە سادەکانی ژیانی ڕۆژانەدا. ئەو بۆ ئەوە شیعری بازنەیی نانووسێت، تا پێمان بڵێت: بەختەوەری وەهمە و خەمۆکی حەقیقەتە، بۆ ئەوەی دەنووسێت تا جەخت لەسەر بەردەوامیی ژیان بکاتەوە. نیتشە مەبەستی لە (دووبارەبوونەوەی هەتاهەتایی) ئەوەبوو، ئینسان نەک هەر لەگەڵ ئەو ژیانەدا ڕادێت کە بریتییە لە دووبارەبوونەوەی بەردەوام، بەڵکوو چێژیشی لێ وەردەگرێت. نیتشە دەیگوت: (هیچ لە گۆڕینی بەها و نەریت و ڕەوشت دژوارتر نییە، ئاخر مێژوویەکی دێرینیان هەیە، قووڵ ڕەگیان داکوتاوە و جێپێیان قایمە.) ئەم بۆچوونە بۆ شێوازی نووسینی شیعریش دروستە، بایەخی ئەزموونی دلاوەر قەرەداغی لەوەدایە، شوێنپێی شیعری پێش خۆی هەڵنەگرتووە، خۆی لەبن هەژموونی کەلەپووری شیعری کوردی دەرباز کردووە و بە بڕوا بەخۆبوونێکی کەموێنە و پتەوەوە، ڕێیەکی جیاوازی هەڵبژاردووە. ناپاکیی جوان، یان تاقە ناپاکییەک کە ناکەوێتە خانەی تاوانەوە، ئەو ناپاکییەیە، شاعیرلە کەلەپووری شیعری نەتەوەی خۆی دەکات، شاعیری وا گیایەکە لەسەر بنجی شیعری باب و باپیرانی ناڕوێتەوە. دلاوەر قەرەداغی نە ڕەوانبێژیی کلاسیكی کوردیی ڕەچاو کردووە، نە لە هەواری شیعری باوی نوێی کوردیدا بارگەی خستووە، ئاخر بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی، مامەڵەی لەگەڵ وشەدا کردووە و زمانی شیعریی تایبەت بە خۆی داهێناوە. شیعرەکانی نە لە دروشم نزیک دەبنەوە، نە لە دوای چاکسازی وێڵن، نە هاواری زۆرینەن، بەڵکوو دەنگی خودی شاعیرن، شاعیرێکی ئیکۆلۆجیی غەریب بە کەلەپووری خۆی. بۆ ئەوەی شیعرێک بنووسین جیاواز لە شیعری ئەوانی دیکە، پێویستمان بەوەیە خاوەنی دونیابینییەک بین، جیاواز لە دونیابینیی ئەوانی تر، دونیابینیی دلاوەر قەرەداغی جیاوازە لە دونیابینیی نەوەکانی پێش خۆی و نەوەی خۆیشی، بۆیە توانیویەتی شیعرێکی جیاواز بنووسێت. بۆ بەردێک دەنووشتێمەوە و پێی دەڵێم: هاوڕێم لێت ناشارمەوە ئەو دڵی لام نییە، کۆتری خوشکم چی بێ لە تۆ نهێنی بێ یار دڵی لام نییە. دلاوەر قەرەداغی، لێرە و لەوێ باران، دووراودوور هەتاو ل٦٤٢ کەس نییە کاریگەریی ئەوانی دیکەی لەسەر نەبێت، بەڵام لای کەم دوو جۆر کاریگەری هەیە، یان ئەوەتا ناتوانین لەو کەسەی تێبپەڕێنین کە پێی سەرسامین، یان بەجێی دەهێڵین، وەک چۆن مارکس هەرچەندە بە هیگڵ سەرسام بوو، بەڵام بەجێی هێشت، دلاوەر قەرەداغی لە جۆری دووەمە، کاریگەریی ئەم یان ئەو شاعیری بێگانەی لەسەرە، بەڵام شوێنپێی کەسی هەڵنەگرتووە، ڕێیەکی نوێی دۆزیوەتەوە. وەک چۆن عەبدوڵڵا گۆران قامووسێکی شیعریی تایبەت بە خۆی هەبوو، دلاوەریش قامووسێکی تایبەت بە خۆی داهێناوە کە نزیکە لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵکەوە و بڕوای بەوە نییە، ئەم گوتەیە شیعرییە و ئەوەی دیکە نا. مەرج نییە نوێکردنەوەی شیعر بە کاریگەریی شاعیرێکی هاوزمانی خۆت بێت، بۆدلێر بە کاریگەریی ئەدگار ئالان پۆی ئەمریکایی، شیعری فەرەنسی نوێ کردەوە، تی ئێس ئەلیەت بە کۆمەکی بۆدلێر، شیعری ئەمریکی نۆژەن کردەوە. شێوازی نووسینی دلاوەر قەرەداغییش لە شێوازی نووسینی سۆهراب سپێهریی ئێرانی و واڵت وایتمانی ئەمریکاییەوە نزیکە، نەک لە شێوازی نووسینی ئەم یان ئەو شاعیری کوردەوە. منداڵێ باوەشێ گیای هێنا و پێی گوتم گیا چییە؟ باشە چی پێ بڵێم کە منیش هەر هێندەی ئەوی لێ بزانم! واڵت وایتمان (١٨١٩ - ١٨٩٢) دلاوەر قەرەداغی یەکێکە لەو ئەدیبە دەگمەنانەی بە نووسین دەژی، نووسین توانای درێژەدان بە ژیانی پێ دەبەخشێت، ژیانێک کە لە نووسیندا چڕ دەبێتەوە، ئەوە بۆیە هەر لە نووسینی کۆشیعرێک دەبێتەوە، دەست بە نووسینی یەکێکی دیکە دەکات، هەر لە وەرگێڕانی شانۆنامەیەک دەبێتەوە، دەست بە وەرگێڕانی ڕۆمانێک دەکات. دەتوانین بەبێ دوودڵی بڵێین، نووسین لەکنی، ئەو بەلەمەیە لە مردن ڕزگاری دەکات. خۆ ئەوە لە خۆڕایی نییە، ڕیلکە گوتوویەتی: شیعر مەنووسە، ئیللا وەختێک نەبێت، ئەگەر نەتنووسی، بمریت. کەواتە ئەوە نووسینی شیعرە، شاعیر لە مردن ڕزگار دەکات. دەشێت شاعیر بەر لەوەی بمرێت، لە داهێنان بکەوێت، بەڵام مەحاڵە دڵی بە ژیانی بێ داهێنان خۆش بێت. نووسین پێویستی بە وزەیەکی زۆرە، ئەمە نیوەی ڕاستییەکە، نیوەی دووەمی ئەوەیە، وزەیەکی زۆریش بە نووسەر دەبەخشێت. نووسین هەر (نیگەرانی) نییە و بەس، کارگەیەکیشە (دڵنیایی) بەرهەم دەهێنێیت، ئەگەرنا دلاوەر قەرەداغی دوای هەر کتێبێک، ئیشی لەسەر کتێبێکی دیکە نەدەکرد. تی ئێس ئەلیەت پێی وابوو: شیعر ئامرازێک نییە، بۆ گەییشتن بە ئامانجێک، شیعر نە هونەرێکی کەسەکییە، نە دەربڕی هەستی شاعیرەکەیەتی، شاعیر کەرەسە شیعرییەکان پەیدا دەکات، بەڵام کە دەست بە نووسین دەکات، ئەو کەسە نییە کە کەرەسە شیعرییەکانی پەیدا کردووە، ئاخر سەروەختی داهێنان لە پێستی کەسایەتیی خۆی دێتە دەرەوە. هەرچەندە دروشمبازی و ڕاستەوخۆیی بە شیعری دلاوەر قەرەداغییەوە دیار نییە، بەڵام لەو شاعیرانەیش نییە کە ئەلیەت باسیان دەکات. تی ئێس ئەلیەت دەڵێت: (ڕیتمی شیعر لە لێدانی هەمەجییانەی تەپڵ دەچێت لە دارستاندا.) لە شیعری دلاوەر قەرەداغیدا کێش و سەروا نییە، پشتی بە کورتبڕی و بە موسیکی وشە و ڕستەکان بەستووە. ئیشم زۆرە دەبێ بیرم بێ بەیانییەکی هەتاو دانەومەوە و بە ئەسپایی لە دواوە دەست بکێشم بە شانی کرمدا، بۆ ئەوەی متمانەی بە خۆی لەق نەبێ بە ڕاناوی کۆ بانگی بکەم و بە گوێیدا بچرپێنم: ئێوە دۆستی ئازیز ئیتر وەختێتی هەستن وەختێتی بۆ خۆتان ببنە پەپوولە و تا دڵتان بڕ ئەکا بفڕن. دلاوەر قەرەداغی، لێرە و لەوێ باران، دووراودوور هەتاو، ل٦٦٧ ئیسلام ئایدۆلۆجیایە، ئەوە توانایەکی مەزنی دەوێت، بتوانیت بە کۆمەکی ئایدۆلۆجیا، شیعرێکی نوێ بنووسیت، شیعرێکی ڕوون و ساف و بێ خڵتە. موسوڵمانم من گوڵی سوور ڕووگەمە لە کانی نوێژ دەکەم لەسەر ڕووناکی کوڕنووش دەبەم بەرماڵم دەشتە بە ترپەی دڵی پەنجەرە دەستنوێژ دەگرم. * نە بەلەمەکەم تۆڕی تێدایە نە دڵم تامەزرۆیی بۆ مرواری. سۆهراب سپێهری لایەنێکی هاوبەشی سوهراب سپێهری و دلاوەر قەرەداغی ئەوەیە، خوێنەر کە شیعری هەر یەکێکیان دەخوێنێتەوە، هەست دەکات ئەوە یەکەم جارە شیعری لەو چەشنە دەبینێت، هەست دەکات بە زمانێکی تەنک، باسی مەسەلەی قووڵ دەکرێت. لای سۆهراب سپێهری زیندەوەرێک یان بێگیانێک نییە، هێژا نەبێت، هەموو شتێک بایەخی هەیە، هەموو شتێک جوانە، بە ڕێزەوە سەرنجی دەدرێت و ئینسان مافی ئەوەی نییە، سووک سەرنجی بەردێک یان دارێک بدات، چ جای ئاژەڵێک یان باڵندەیەک، بەڵام کە مەحموود دەرویش دەڵێت: ئەگەر ڕاوچییەکی دلۆڤان بیت لە نزیک کانییەوە مامز ڕاو ناکەیت کەواتە لەکن وی، هەر سەروەختی ئاو خواردنەوە، دەبێت دەست بپارێزین، ئەگەرنا ڕشتنی خوێنی ئاژەڵان ئازادە. من هیچم نەبوو بۆ نووسین لە وشە زیاتر هیچم نەبوو بۆ پیاسە لە هەنگاو زیاتر هیچم شک نەدەبرد بۆ ڕوانین لە پەنجەرە زیاتر هیچم لە هزردا نەبوو بۆ مانەوە لە خەیاڵ زیاتر دلاوەر قەرەداغی، لێرە و لەوێ باران ... ل٦٧٧ شیعری دلاوەر قەرەداغی هەر شیعر نییە، هاوزەمان شیعرە و گێڕانەوەیشە. لەکن پۆڵ ڕێکۆر (١٩١٣- ٢٠٠٥) گێڕانەوە بریتییە لە یادگە، دلاوەر قەرەداغی بۆ نووسینی گێڕانەوە شیعرییەکانی، پشت بە یادگەی دەبەستێت. کە دەست بە خوێندنەوەی شیعری دلاوەر قەرەداغی دەکەین، بە جۆرێک وابەستەی تێکستەکەی دەبین و درێژە بە خوێندنەوەی دەدەین، دەرفەتی ئەوەمان بۆ نامێنێتەوە هەناسە بدەین، ئەمەیش زادەی ئەو شێوازە هونەرییە کڵپەدار و مەحکەم چنراوەیە کە پێی دەنووسێت. جەنگ لاسکی گوڵەکانی قرتاند دەخیلەی پاشەکەوتی ڕیشۆڵەی دزی پاسارییەکانی فێری جگەرەکێشان کرد ژەنگی بە عیشق هەڵهێنا. دلاوەر قەرەداغی، لێرە و لەوێ باران ... ل١٢٣ * ئەنفال داری بەسەر بەرد و مناڵیی بەسەر گڕوگاڵ و درەختی بەسەر جریوە و ئاسمانی بەسەر ئەستێرە و گوندی بەسەر شاخ و ڕووباری بەسەر هاژەوە نەهێشت. دلاوەر قەرەداغی لێرە و لەوێ باران ... ل١٤٠ ئۆدن (١٩٠٧ - ١٩٧٣) کە بە شاعیرێکی لاوی گوتووە: (ئەگەر شتێکت پێیە و دەخوازیت لە ڕێی شیعرەوە بیڵێیت، نابیت بە شاعیر، چونکە شیعر حەوسەڵەی هەڵگرتنی هیچ بارێکی نییە، بەڵام ژانری دیکەی ئەدەبی هەن، دەتوانیت لە ڕێیانەوە قسەی خۆت بکەیت،) مەبەستی ئەوە نەبووە، شیعر لە مانا داببڕێت، بەڵکوو خواستوویەتی بڵێت، لە شیعردا جێی وەعز و ڕاشکاوی و ڕاستەوخۆیی نابێتەوە، ئاخر شاعیر لەڕێی میتافۆر و ڕەمز و ئاماژەوە پەیامی خۆی دەنێرێت. دلاوەر قەرەداغی دەڵێیت دەرسی لای ئۆدن خوێندووە، ئاخر کە باسی شەڕی ناوخۆ و تراژیدیای هەڵەبجە و ئەنفالیش دەکات، هیچ ڕستەیەکی بارگاوی نییە بە ئایدۆلۆجیا. لەوێ بوویت ئەو ڕۆژەی (گوڵان) دڵی تێکەڵ هات و (سیروان) لە پێ کەوت؟ ل ١٣٥ لێرە و لەوێ باران ... * دەڵێی بەفرین لە کاتی بارینا دەڵێێ باڵین لە کاتی فڕینا دەڵێی پەلکە سەوزەکانی (کانیئاشقان)ین لە کاتی وەرینا. ل ١٣٨ لێرە و لەوێ باران ... وەک چۆن شیعر هەیە زەمانبڕە، لە زەمانێکدا گیر ناخوات، وەکوو شیعری مەولانا، شیعری زمانبڕیش هەیە، زمانبڕ بەو مانایەی بە ئاسانی بەرچڤە دەکرێت، وەک شیعری هەمزاتۆڤ. دلاوەر قەرەداغی چونکە شیعری پڕمانای ئاسان دەنووسێت، نەک ئاڵۆز، چونکە گەلێک لە ڕەمزەکانی گەردوونیین، بۆیە چاوەڕوانکراوە لە زمانەکانی دیکەدا پێشوازیی لێ بکرێت. دووبارەکردنەوە ئەگەر هونەری نەبێت، دەکەوێتە خانەی درێژدادڕییەوە، دلاوەر قەردەداغی بە سێ جۆر سوود لە تەکنیکی دووبارەکردنەوە وەردەگرێت: یەک: دووبارەکردنەوەی کۆپلەی یەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە شیعرەکەی. دوو: سەرەتای هەموو کۆپلەکانی شیعرەکە بە هەمان ڕستەی شیعری دەست پێ دەکات. سێ: لە ڕێی شیعری بازنەیییەوە. شێرکۆ بێکەس شتەکانی دەهێنایە قسە، دلاوەر قەرەداغی قسە بۆ شتەکان، بۆ بەرد و ئاو، بۆ گیا و دررەخت، قسە بۆ ئاژەڵ، باڵندە، خشۆک و مێروویش دەکات. ڕق و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە شیعریدا نییە، بەو زمانە نیان و پاکژە، شیعرێک دەنووسێت، خوێنەر لەگەڵ شیعردا ئاشت دەکاتەوە. لە داڵغەی خانووە نیوە تەواوکراوەکەمدام لە گوندی ڕەیحانی خواروو بە خۆم دەڵێم وا باشە تا باران نەباریوە دەستوبردێکی لێ بکەم و بچم ساپیتەکەی جریوەڕا بکەم بە موزیک و ژوورەکانیشی تریفەکاری بکەم بە زریوە. ل ٦٣٠ ڕەنگ پێکهاتەیەکی گرنگی شیعرە، هەڵگری مانایە و ئاوێنەیەکە باری دەروونیی شاعیر پیشان دەدات، ئیدی لە هێوری و هەڵچوونەوە، تا دڵنیایی و خەم و شادی. شاعیر لە خۆڕا ڕەنگێک ناخاتە ڕستەی شیعرییەوە، ئەرکێکی پێ دەسپێرێت و پەیامێکی پێدا دەنێرێت. وەک چۆن نیگارکێش بە وریایییەوە ڕەنگ بەکار دەهێنێت، شاعیریش هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ڕەنگدا دەکات و دەشێت ڕەنگەکە ڕەمزێک بێت، کلیل ئاسا دەرگای تێکستەکەی پێ بکەینەوە. ڕەنگی سەوز دەشێت ڕەمزی ژیان بێت، یان ڕەمزی دڵنیایی و گەشبینی بێت، یان ڕەمز بێت بۆ فەڕ و بۆ بەهار و بۆ سروشت. ڕووخساری مەیلە و شینی بەختەوەری ل٢٤٦ دامنێ لەناو گوڵدانێک شین ل٢٧٥ تۆ لە زەینی شینی کۆترێکدای ل٢٩٣ ئەی بانیژە شینەکەی هیجرەت ل٣٩١ هێندە تەماشای ئاسمانی کرد چاوانی پڕ بوون لە قووڵاییەکی شین ل٦٣٨ ڕۆژێک کز و مەلوول بە جانتا و مەتارە شینەکەی مناڵییەوە دێمەوە ناوتان. ل٧٢٤ ڕەنگی شین، ڕەنگی هێوری و بێدەنگییە، ڕەنگی ڕامان و حیکمەتە، ڕەنگێکە بۆ بەگەرخستنی خەیاڵ و بۆ خامۆشبوونەوەی هەڵچوون هانمان دەدات. ڕەنگی شین هەر یەک چەشن نییە، وەک چۆن شینی کاڵ هەیە، شێنی تۆخیش هەیە کە ئەگەر لە ڕەش نزیک ببێتەوە، پەیامێکی دیکەی پێیە، پەیامی خەمۆکی و نائومێدی و تەنانەت مەرگیش. شینی کاڵ، ئاوی هێمن و ئاسمانی ساماڵمان وەبیر دێنێتەوە. شینی کاڵ سیمبۆڵی پاکیزەیی و متمانەیشە. ئاسمان چونکە هەم شینە و هەم دووریش، بۆیە شین بە مانای (دووری)یش دێت، زەریا چونکە هەم شینە و هەم قووڵ، شین بە مانای قووڵییش دێت. مەحموود دەرویش کە زۆر لە شیعرەکانی بە شین ڕەنگ کردووە، دەڵێت: دەڕۆییشتم و خەونم بە شیعرێکی شینی دوو دێڕێیەوە دەبینی. یان: هەر چیتنان گەرەکە لە ڕەنگی شینی زەریا و یادگە بیبەن. وەک چۆن بەوە لە نهێنیی فڕین تێناگەین، ئەگەر ئەندامەکانی جەستەی باڵندەیەک لە یەکدی جوێ بکەینەوە، بە هەڵوەشاندنەوەی پێكهاتەکانی، لە شیعریش تێناگەین، ئاخر هەموو پێکهاتەکان بە یەکەوە، شیعرەکە نمایش دەکەن. ئەوە کورتبینییە ئەگەر شیعری دلاوەر قەرەداغی بە سادە لە قەڵەم بدەین، ئاخر سادەەیی لای ئەو، بەسەر چەندان ئەگەردا کراوەیە و ناچارمان دەکات، هەر شیعرێکی چەند جارێک بخوێنینەوە، بۆ ئەوەی دەرک بەو مانا شاراوانە بکەین، کە لەودیو سادەیییەوە خۆیان حەشار داوە. نووسەر بە گشتی و شاعیر بە تایبەتی، بۆ هەڵاتن لە واقیعی تاڵ و تاریک، بە خەیاڵ واقیعێکی نوێ دەخوڵقێنێت، واقیعێک تێیدا ڕۆحی ماندووی پشوویەک بدات. ئەگەر ڕۆحت ماندووە، بچۆ شیعری دلاوەر قەرەداغی بخوێنەوە. سوارە (١٩٣٧ - ١٩٧٦) کە دەڵێت: لە شارەکەت زەلیلە شێر باوی ڕێوییە. ئەوە سووک سەرنجدانی ڕێوییە، کە ڕەمزی ژیرییە نەک فرتوفێڵ، کە ئەگەر بە پیرمانەوە بێت، بەخت یارمان دەبێت. دلاوەر قەرەداغی لە یەکەمین کۆشیعریدا (پەیکەرێک لە باران ١٩٩٢) دەڵێت: کەنارییە خاینەکان دێن و لە ڕۆخی سووری برینەکانماندا دادەنیشن باسی دونیای قەفەز بۆ یەک دەکەن کەڵەشێرە شەلەکان دێن و مێژووی قووقاندن موتاڵا دەکەن هەنگە خێلەکان دێن و لای پەپوولەکان بوختان بە دەمی گوڵەکانەوە هەڵدەبەستن چۆلەکە سیخوڕەکان دێن و جریوە لە دەخیلەی دزراوی منداڵە ئیفلیجەکاندا پاشەکەوت دەکەن. ل ٧٣ لێرە و لەوێ .... کەنارییە خاینەکان، کەڵەشێرە شەلەکان، هەنگە خێلەکان و چۆلەکە سیخوڕەکان! دلاوەر قەرەداغی لە سەرەتای نووسینییەوە، شاعیرێکی ئیکۆلۆجی نەبووە، هێدی هێدی لە کەناری زەریای شیعری ئیکۆلۆجیدا لەنگەری گرتووە و بووە بە ڕێبەری شیعری ئیکۆلۆجیی کوردی. لە شیعری ئیکۆلۆجیدا هەموو گیاندارێک ڕێزلێگیراوە، جۆرج ئۆروێل (١٩٠٣ - ١٩٥٠) لە ڕۆمانی (کێڵگەی ئاژەڵان)دا، ستەمی لە بەراز کردووە کە ڕۆڵی دەسەڵاتداری ستەمکاری پێ سپاردووە. گێڕەرەوە هێرش ناکاتە سەر هیچ کام لە کارەکتەرەکانی، ئیدی ئینسان بن یان هەر گیاندارێکی دیکە. گێڕەرەوە هەلی یەکسان بۆ هەموو کارەکتەرەکانی دەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی ئازادانە ڕای خۆیان دەرببڕن، بە مەرجێک دەقێک پێشکەش بکات، بەژن زراڤ و گورجوگۆڵ، نەک ناوقەد ئەستوور و خاووخلیچک. خودا بەردی بۆ ئەوە خەڵق نەکردووە بیگرینە سەری کەس خودا بۆیە بەردی داهێناوە تا بیخوێنینەوە. ل ٧٠٩ لێرە و لەوێ ... لە خەفەتی نەهاتنی تۆدا، لە باغچەکانتا هۆن هۆن مردین. ل٤٧٧ خوێنەر چاوەڕێیە شاعیر بڵێت: هۆن هۆن فرمێسکمان ڕشت، بەڵام سیحری ڕستەکە لەوەدایە، خۆی لە دەربڕینی باو لا دەدات و خوێنەر بەرەو ڕووی کوتوپڕی دەکاتەوە. یان: هەر دەڵێی سێوێکن و کراون بە دوو دڵەوە، ل٨١٩ نەک بە دوو لەتەوە، وەک خوێنەر چاوەڕێیە. شیعری ئیکۆلۆجی کە چیرۆکی پێوەندیی نێوان ئینسان و دەوروبەر دەگێڕێتەوە، بە چاوی ڕێزەوە سەرنجی گژوگیا و کرم و مێروویش دەدات و شاعیری ئیکۆلۆجییش کەسێکە هەم ڤیگیتاریان و هەم ئەنتی ڕاسیست. دلاوەر قەرەداغی بە زمانێک دەنووسێت، هەر دەڵێێت بۆ ئەوە خوڵقاوە شیعری پێ بنووسرێت. بەو زمانە ناسک و ڕەوان و باڵایە، شیعری ئیکۆلۆجی دەنووسێت، بۆیە دوای خوێندنەوەی دیوانەکەی، هەست دەکەیت دلۆڤانتریت لە جاران، مرۆڤدۆستتر، ئاژەڵدۆستتر، ژینگەدۆستتر و سروشتدۆستتریت لە جاران. (١) دلاوەر قەرەداغی، لێرە و لەوێ باران، دووراودوور هەتاو، شیعر، چاپی یەکەم، چاپی تاران ٢٠٢٠ پرۆژەی قەفتان. (٢) د. یوسف حلاوي، المؤثرات الأجنبیة في الشعر العربي المعاصر، دار العلم للملایین ١٩٩٧ بیروت. (۳) د. یوسف حلاوي، المؤثرات الأجنبیة في الشعر العربي المعاصر، دار العلم للملایین ١٩٩٧ بیروت. (٤) د. محمد الأسدي، أبجدیة الماء (٥) ألاء عثمان، ماذا یفعل المبدع حین ینخفض سقف الحیاة؟ (٦) د. رسول بلاوي، دلالات الألوان. (*) شیعرەکانی سۆهراب سپێهریم بە سووکە دەستکارییەکەوە تەرجەمە کردووە.