حیكایەتەكانی ئەنفال لەپرۆسەی خوێندن و پەروەردەدا

جەمال نوری

تابلۆ: ھانز تۆمبرۆک

شیعری”منداڵێك كە لەوێ هاتەوە … وای گوت” ی دلاوەر قەرەداغی، بەوەرگێڕانی خاتوو چۆمان هەردی، دەچێتە كتێبی پرۆگرامی دوا قۆناغی خوێندنی ئامادەییەوە لە هەرێمی ڤیكتوریای ئوستورالیا.

ئەگەر مۆسیقا زمانێكی تربێت، وێنە زمانێكی تربێت، ئەگەر هونەری پەیكەرتاشیش لەخۆیدا زمانێك بێت، شیعریش بۆخۆی زمانێكی ترە، بەڵام لەناو زمان خۆیدا، واتای ئەوەیە كە شیعر زمانێكی ترە لەناو زمان خۆیدا بۆ هەموو زمانێكیش راستە، لەهەر رۆژگار و رێباز و قوتابخانەیەكدا، چونكە شیعر تەنها زمانێكی ئامڕازیی نییە و ئایدۆلۆژیا و پەیامەكان چەند بەهێزیش بن لەشیعردا، زمانیان بۆ دەستەمۆ ناكرێت تا لەبۆتەی تاك مانایی بەستێنێكی دیاریكراو  قەتیسی بكەن، چونكە شیعرییەت بۆ خۆی ئەوەی لەباردایە و لێی دەوەشێتەوە زمان لەمانا دیاریكراو و باوەكاندا تێكبشكێنێت بۆ مانای تر و ئەگەری پەیبردن و خەیاڵێ نوێ و بیری نوێ بسازێنێت، وەك هیگڵ دەڵێت «ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین تەعریفی حەقیقەت بكەین پێویستمان بەزمانێكی باڵا هەیە«بەهەمان شێوە بۆ كاری شیعر و شیعرییەت پێویستمان بەزمانێكی هەڵكشاو و ناباو هەیە و هانماندەدا ئاسۆی‌ بیركردنەوەمان فراونتر بكات. وەرگر پێویستی‌ بەپاشخانێكی‌ رۆشنبیریی‌ دەوڵەمەند هەیە تا لەماناو  دەلالەتی واتاكانی پشت دەقە شیعرییەكانی دلاوەر تێبگات، بەمەرجێ بەكارهێنانی زمانی شیعر لای دلاوەر هێندە ئاڵۆز و دژوار نییە وەك لای زۆرێك لەشاعیران بەجۆرێك وشە شیعرییەكانیان ریزدەكەن لە رووی فۆڕمەوە وەرگر جەنجاڵ دەكات، كە لەبازنەی  وشەیەكی وەرگیراوەوە خول بخوات و بگەڕێت بەشوێن ماناو واتاكەیدا، بەمەش  خوێنەر دوور دەخاتەوە لەماناو واتاكانی دەقە شیعرییەكە.
لای دلاوەر ئەگەرچی وشەی ساكار بەكارهێنراوە بۆ نووسینی دەقە شیعرییەكەی، بەڵام لە رووی واتا و مەدلولی ماناوە هەڵگری دالێكی سەنگین و پڕكێشە، كاتێك  دەكەوێتە بەردیدەی  رەخنەگرەوە  دەبێت  هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیەكی  تایبەتی  بۆ بكات، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە گەر لە رووی فۆڕمەوە تەماشای دەقەكانی بكەین، دەبینین چنراوە بەكۆمەڵێك وێنەی شیعریی كە زمان تیایدا شیعرێكە و چاو نووسیوێتی، داستانێكە نیگاركێش بە رەنگ و تۆنی رووناكی و هێڵەكان وخاڵەكان و فیگورەكانی لەوێنە شیعرییەكەیدا گوێزاویەتییەوە بۆ چاوی خوێنەرانی.


دەقی  شیعری  دلاوەر و  میتۆدی  رەخنەیی

میتۆد لەبری ئەوەی ببێتە دەروازەیەك بۆ ناسینی دەق، بەڵكو لای ئەو كەسانە دەبێتە رووپۆشێك بۆجوانكردنی سیمای تێكست. ئەمە بێجگە لەوەی بەشێك لەوانەی بەحساب میتۆد بەكاردێنن ناتوانن پەنهانەكانی تێكست بپشكنن و قووڵایی، یان بۆشایی تێكست پیشانبدەن. لەنێو دەقەكانی دلاوەردا  هەست بەدۆزینەوەی میتۆدی رەخنەیی دەكرێت، بەشێوەیەك وشە لەسەرووی‌ مانای‌ خۆیەوە هەڵگری‌ مانای‌ دیكەش بێت، لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی میتافۆر گرنگترین رەگەزە وێنەی‌ شیعری‌ بەرهەم بهێنێ و توانای‌ نوێ بەزمان ببەخشێت. بۆ رامان هانمانبدات و ئاسۆی‌ بیركردنەوەمان فراونتربێ كاتێك بەر دەقە شیعرییەكانی دلاوەر دەكەویت. وەك شیعری (مندالێك كە لەوێ هاتەوە … وای گوت)  بە روونی بوونی میتافۆر  ئامادەگی  هەیە و بەشێوەیەكی هونەری شیعریی شاعیر ئیشی لەسەركردووە.
ئەو جینۆسایدەی لەسەدەی پێشوودا لەلایەن رژێمی عێراقەوە بەسەر گەلی كوردا  هێنرا، دلاوەر قەرەداغی زۆر بە شێوەیەكی سادەوساكار بە زمانی منداڵ تێماندەگەیەنێ ئەو پرۆسەیە چ واتا و مەدلولێكی لەپشت خۆیەوە حەشارداوە، كاتێك ئەنفال لەپرۆسەیەكی رەشەكوژییدا كە بێبەزەییانە بە بەرچاوی وڵاتانی زلهێزی دنیاو مافی مرۆڤ و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە  ئەنجامدرا و هیچ كاردانەوەیەكیان نەبوو، لەودەمەدا دلاوەر قەرەداغی، ئەنفال وەك رەگەزی مرۆڤ بەكاردەهێنێ و موخاتەبەی  منداڵانی گوندە سووتاوەكانی پێدەكات و دەڵێ:

ئەنفال گوتی: منداڵینە سەیركەن
چی دەبینن؟
گوتمان: هیچ
جگە لە سەحرا هیچ!


شاعیر لێرەدا بەجوانیی كاری لەسەر شیعریەت كردووە، هەرچی وشە و دەستەواژە و  فۆڕم وئیقاعە، تێكی دەشكێنێ و بەشێوەیەكی تر لە زمانی شیعردا بەكاریان دەهێنێ، كە مانا و واتا شیعرییەكە وێنا و زمانێكی نوێی بەرهەمهێناوە، لێرەدا میتۆدی رەخنەیی دەست پێدەكات، بۆ رەخنەگر روون بێ و بتوانێ هەڵكۆڵین لەناو دەق و خوێندنەوەیەكی نوێیان بۆ بكات.
تێكشكاندنی وشە و بەكارهێنانی زمانی شیعری بەشێوەیەكی دژەباو لەفۆڕمە گشتیەكەی شیعردا بەرگێكی نوێیان بەخشیوە بەدەقە شیعرییەكە، بەجورێك رەخنەگر سەرسام بكات و رابمێنێ لەمانا و هێما و دەستەواژە شیعرییەكانی.
لە دێڕێكی تردا شاعیر دەڵێ:

ئەنفال درۆی كرد
جگە لەسەحرا هیچمان نەدی
بەڵام گوێمان لەترپەی دڵی خۆمان بوو
كە مردین!


دلاوەر بەشێوەیەك زمانی تێكشكاندوە، بەكارهێنانی منداڵ لەپرۆسەی جینۆسایدی ئەنفالدا لەناو زمانی شیعردا و بەزمانی  منداڵێكی  گەرمیانی وەك ئەوەی بانگهێشتی فیلمی سینەما كرابێ و فیلمەكەش مایەی دڵخۆشیی منداڵان بێ و لەماوەی نمایشی فیلمەكەدا تەواوی منداڵانی گوند لەوپەڕی خۆشیی و كامەرانیدا بن، هەربۆیە كاتێك  پەردەی هۆڵی سینەما دادەرێتەوە و كۆتایی بەفیلمەكە دەهێنرێ، تەواوی منداڵان لەكۆتاییدا هەموو بەیەك دەنگ دەڵێن: ئەنفال درۆی كرد، خۆ لەسەحرا و كاسەسەر و  ئێسكوپروسك و رووفات و خامی سپی و جامەدانی و  شەڕواڵ و مراخانی و دەسرازە و جلوبەرگی ژنی كورد و  مێخەك و ئەنگوستیلەی كچی مارەبڕاو، هیچی ترمان  نەدی، تەنها و تەنها گوێمان لەترپەی دڵی خۆمان بوو كە دەمردین.
لەكۆتاییدا دەڵێم مایەی سەربڵندی و شكۆیە دلاوەر قەرەداغی وەك شاعیرێكی بەئەزموون بتوانێ داهێنانێكی گەورە بكات لەدنیای شیعردا رەنگدانەوەی هەبێ و كاریگەریی بەجێبهێڵێ لەلای گەلانی دنیا، شیعری “منداڵێك كە لەوێ هاتەوە… وای گوت” دەچێتە كتێبی پڕۆگرامی دواقوناغی خوێندنی ئامادەییەوە لە هەرێمی ڤیكتۆریا لە ئوستورالیا، واتە ئەم دەقە بەمیتۆد لەناو پەروەردەی ئەو وڵاتەدا و  نەوەكانیان  لە رێگای ئەم دەقەوە  لەپرۆسەی ئەنفال و جینۆسایدی كورد  تێدەگەن و پەروەردەی میتۆدێكی قووڵی ئینسانیی دەكرێن، كە تەواوی مرۆڤایەتی وەك خێزانێك تەماشا بكەن، لەنزیكەوە هەست بەئازار و ژانەكانی یەكتر بكەن.

ئەنفال داری بەسەر بەرد و
هیچی بەسەر هیچەوه نەهێشت
ئەنفال گوتی: مناڵینە سەیركەن
چی دەبینن؟
گوتمان: هیچ
جگە لەسەحرا هیچ!
ئەنفال درۆی كرد
جگە لەسەحرا هیچمان نەدی
تەنها گوێمان لە ترپەی دڵی خۆمان بوو
كە مردین!