دلاوەر بۆچی هاتووە؟

محەمەد كوردۆ

دیوانە تازەكەی (دلاوەر قەرەداغی) دەخوێنمەوە: (ڕۆژانێك من ئۆكۆردیۆنم دەژەند)، هەستێكی سەیرم بۆ دروست بووە. هەست دەكەم ئەوە دیوانێك نییە لای من، بەڵكو ئەوە (دلاوەر) خۆیەتی لە تەنیشتم دانیشتووە و دەیەوێت بە هەمان ئەو ئارامییەی بەشێكە لە كەسێتی ئەو، قسەم بۆ بكات. ئاخۆ (دلاوەر) بۆچی هاتووە؟ وا بزانم هاتووە بمباتەوە بۆ سەردەمی منداڵیی، ئەو سەردەمەی تیایدا مرۆڤ دەتوانێت لە پشتی عامودێكەوە خۆی بشارێتەوە، بەڵام كاتێ‌ بەر نەفرەتی گەورەبوون دەكەوێت، ئیتر هیچ پەنایەك نییە خۆی تێدا بشارێتەوە. ئەوەتا دەڵێت: ئەها دوا جار كە (تەهای كەریمی) مەرگ یەخەی پێگرت، تەنها هاوڕێكانی سەردەمی منداڵیی، خەمی ئەوەیان بوو بە تەنیا نەكوژرێت؟ (دلاوەر) لە سەر باسی منداڵیی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئەگەرچی هاوڕێكانی منداڵییم منیان لە گەڕەكی منداڵیی دەرپەڕاند و خۆیان تا ئەبەد لەوێ‌ مانەوە، ئەگەرچی بە گەورەبوون فریویان دام و بە برینداری بۆ شەڕیان ناردم و دوعایان لێكردم لە شەڕی گەورەبووندا بپێكرێم، ئەگەرچی هاوڕێكانی منداڵییم منیان بۆ دوكان و بازاڕی قەرەباڵغی پڕ لە بازرگانانی دڵڕەق و بێویژدانی كوردبوون نارد و بە جوانی ئەودیو سنوورەكانی كۆڵان مێشكیان بردم، بەڵام من هێشتا ئامادەم بە پێی خۆم و بە جلكی چۆلەكەوە، بگەڕێمەوە ناویان و ئەگەر ئەوان هیچ لە منداڵیی خۆیان نەدەنەوە بە ڕوومدا، منیش هیچ گلەییەكیان لێ‌ نەكەم. (دلاوەر) دەڵێت: (كوردۆ گیان) با من و تۆ لە دوو شاری جیاوازیشدا منداڵیی خۆمان بە سەر بردبێت، بەڵام ئێمە پێكەوە ژیاوین. لە بەر ئەوەیە باسی منداڵییت بۆ دەكەم. بەڵام ئاخۆ هەر باسی منداڵیم بۆ دەكات؟ نەخێر، هاتووە بۆنی (قەزوانی خاو)یشم بیر بخاتەوە. هاتووە باسی (شینی غەریب) و (دەفژەنینی هەور) و (سنگكوتانی باران) و (بەهێی نەخۆش)یشم بۆ بكات. هاتووە (كۆڵانی كۆتر) و (جادەی مەرجان) و (جیگەپێی پەشیمان) و (حەوشەی پشتەوەی دڵ)یشم پێشان بدات. هاتووە ئەوەیشم بۆ باس بكات كە چۆن (خوا ئێواران خۆری بۆ هەڵداوەنەتە خوارەوە یاریی پێبكەن)، چۆن ئەوانیش (سبەینان زوو هەڵگژاونەتە ئاسمان بۆ لای خوا و بە سوپاسێكی زۆرەوە خۆرەكەیان داوەتەوە). هاتووە پێم بڵێ‌: (كوردۆ گیان) دڵدارەكان دوو دڵیان بۆ چییە؟ دوو دڵ زۆر نییە بۆ ڕاچەنین؟ دڵدارەكان یەک دڵیان بەس نییە؟