
رانانێکی کاک «میران سیروان» بۆ ڕۆمانی «ژنێک بۆ خۆشویستن» ی «تیۆدۆر کالیفاتیدێس»
___________
یەكێك لەو ڕۆمانانەی پاش دیتنی دیزاینی بەرگ و، ناو و، ناوی نووسەر، ناوەند و كتێبخانە و كتێبفرۆش و وەشانخانەی ئەدەبیی شار نەما سۆراغی نەكەم، تا بەشێوەیەكی ئەستەم و زەحمەت توانیم دەستیبخەم، ئەویش ڕۆمانی “ژنێك بۆ خۆشویستن”ی گەورە نووسەری یۆنانی سوێدی “تیۆدۆر كالیفاتیدێس” بوو، كە لەلایەن شاعیر و وەرگێڕ و مامۆستای ئازیزم “دلاوەر قەرەداغی”یەوە كراوە بەكوردی…
زۆرجار هەبووە، ناوی كتێب و، ناوی نووسەر و، دیزاینی ڕەنگاوڕەنگی بەرگەكەی كاریگەری خستۆتەسەر سەرنجی گەڕانەكانی خوێنەر تا وا هەستبكات كتێبێكی بەپێز و گرنگی چنگكەوتووە، بەڵام وەختێك ڕۆچۆتە قوڵایی خوێندنەوەیی، تێگەیشتووە ناوەڕۆكەكەی هاوشێوەی ناوەكەی هاوسەنگ نییە لە ماناداریدا. خۆشبەختانە ناوی ئەم كتێبە و نەخشەسازی بەرگەكەی هیچ سیحرێكی لەچاوانی من نەكرد و، بنچینەی ناوەڕۆكەكەشی هاوئاستی ناوەكەی بوو…
وەك مامۆستا دلاوەر قەرەداغی لەپێشەكی ڕۆمانەكەدا ئاماژەی پێ دەدات “دەكرا ژانری كتێبەكە، كتێبی ژانری یادەوەری لێ بنرایە”. بێگومان ڕاستە، چونكە دیمەنی ڕووداوەكان، گەڕانەوەیە بۆ زەمەنی ڕابوردوو و، باس لە خۆشەویستییەكی سی ساڵە دەكات لەنێوان تیۆدۆر و ئافرەتێكی یۆنانی بەناوی “ئۆڵگا”…
تیۆدۆر بەزمانێكی سادە و ساكار كە هەمیشە پێی دەناسرێتەوە لە بەرهەمەكانیدا، پێناسەی عەشقێكی ئاڵۆز و نائاسانمان بۆ دەكات. ئەو عەشقە بەمردن دەست پێدەكا و، بەمردن كۆتایی پێ دێ! چونكە مردنی “ئۆڵگا” دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی لەدایكبوونی گێڕانەوەی سەرگوزشتە تاڵ و شیرینەكانی نێوانیان و، خاڵی زانینی كاتی كۆچی دواییەكەشی، خاڵی كۆتایی بۆ تەواوبوونی ڕۆمانەكە دادەنێت…!
“تیۆدۆر” بەشێوەیەكی تەواو وردكارانە، لۆژیكی هەموو كات بەسەربردنەكانی لەگەڵ “ئۆڵگا”دا خەرمانە كردووە، كە ڕەنگە ئاماژەی بە هەندێكیانیش نەدابێت بۆ باسكردن! بەڵام هەرگیز كات بەسەربردنێكی كاتیی نا! لەبەرئەوەی تیۆدۆر بەردەوام كاری لەسەر هێڵەڕەوتێك بەئەنجام گەیاندووە، ژن دەبێ خۆشبویسترێ، نەك تەنیا لەگەڵی ڕاببوێردرێ…!
“تیۆدۆر” بەشێوازێکی پڕ لە هەستناسکییەوە، تیشک دەخاتە سەر پێگەی ژن لە پەیوەندییە سۆزداریەكاندا، بەو واتایەی توانای ژن لە دروستکردنی مانای نوێ لەژیانی پیاواندا! هەندێك لە ژنان هەن، ئیلهامداری بنەڕەتی چنینەوەی سەركەوتنەكانی پیاوانن لە واقیعی ڕۆژانەی ئاسایی و كایەی نێوبانگبووندا. بەڵام ژنگەلێكیش بوونیان هەیە، چەمكی داڕووخاندنی كەوتنی پیاوانن بەچەند چركەیەك لەجووڵە و ئاخافتن و بڕیاردان!. بەڵام مامەڵەی كارەكتەری “ئۆڵگا” بەو جۆرە ژنە ناوزەند دەكرێ، هەردەم ژیانی “تیۆدۆر” بەرەو بەرزی هەڵدەكشێنێ…!
كەڵە نووسەرەكەی سوێد و یۆنان لەم ڕۆمانەیدا، بەدەر لە ورووژاندنی پرسەكانی ژن، پرسیارگەلێك دەهێنێتەبوون، كە فیكری مرۆڤ دەبێ بەشێوەیەكی قوڵئامێزانە عەوداڵی دۆزینەوەی وەڵامەكانیان بێت. بۆ نموونە دەربارەی زمان دەڵێ “مرۆڤ ئەدەبییات دروست دەكات، یان زمان؟”. دەربارەی مردن دەڵێ “مردن كتوپڕە، یان دەزانین كە هەر دێت؟”. دەربارەی ژیان دەڵێ “مرۆڤ دەبێت زۆر بەناو ژیاندا تێپەڕێت تا لێی تێر دەبێت؟”. یاخود دەربارەی هاوڕێیەتی دەڵێ “مرۆڤ دەتوانێ ببێتە هاوڕێی كەسێك كە خۆشی ناوێت؟”…
بەڵێ زمانی گێڕانەوە و فۆڕمی نووسینی ڕۆمانەكانی سادە و ساكارن بۆ كاتی خوێندنەوە و تێڕامانی تێگەیشتن، بەڵام خاڵی نین لە ڕەنگدانەوەی فەلسەفی! ئێ لەراندنەوەی عەرشی پرسیار لەبارەی ژیان، مردن، هاوڕێیەتی، زمان و خۆشەویستی، دەڕۆنە خانە جەوهەرییەكانی فەلسەفگەرایی. چونكە لەیادیشمان نەچێت، زێدی هاتنەدونیای نووسەرە پایپكێشە قژسپییە بەفراوییەكە، مەملەكەتی هەڵكەوتنی كەڵە فەیلەسوفە كۆن و هاوچەرخەكانی مێژووە…!