تای شیعر
ڕێبوار سیوەیلی
تام هەیە تای شیعر تای ناکاو... خافڵگیر تای جار جار وەک ئاگر سووتێنەر جاروبار فێنک وەک شنە و جارجارەش تەزیو وەک زەمهەریر ئێمە وادەزانین هەستەكان و دڵ لە خودی خۆمانەوە نزیكترن، كەچی شاعیران ئەم تێگەیشتنە هەڵدەوەشێننەوە و پێماندەڵێن: شیعر لە تۆوە نزیكترە، بگرە ئەوە شاعیرە لە شیعریش زیاتر لە تۆوە نزیكترە بۆ ئەوەی لە خۆت تێبگەیت. شاعیربوون ئاگاییەكی پێش جەستەیی و پێش هەستە و بەرلەوەی ئێمە لە ڕێگەی هەست و جەستەمانەوە، پێشئەوەی بەهۆی زمان و دەربڕینەوە لە جیهانی دەوروبەر و ناخی خۆمان تێبگەین، شیعرییەتی جیهان لە وێیە و شاعیر ئەم شیعرییەتە تێكەڵ بە ژیانمان دەكاتەوە. شاعیران ئەو مرۆڤانەن كە ئامۆژگارییمان دەكەن شیعرییەت لە خودی خۆماندا بدۆزینەوە. ئەمە ئەو شیعرەی دلاوەرە كە بەرەو ئەو شوێنە شاراوەیەمان دەبات كە جگە لە خودی خۆمان شوێنێكی دیكە نییە. سەرەتا هەمووشتێك ڕاگەیاندنی دۆخەكەیە. سرووشتی تای شیعر خۆی بەیان دەكات و ناكۆك و دژوازییەكانی دەناسێنێت. تای شیعر پڕە لە ناكۆك و دژوازی پێكەوە بەستراو، ناكاو و خافڵگیر، سوتێنەر، فێنك و بەشنە و تەزیو. هەموو ئەم وشانەش كە ئەم وەسفەی تای شیعریان پێدەكات شاعیرانەن و دەنگەپیتەكانی وەك: (ر، س، ش، ج و ز) دەبنە قارەمانە دەنگە نەرمەكان كە زۆربەیان لە ناخ و زارەوە دێنە دەرێ.. بۆیە یەكسەریش ئاراستەی شیعرەكە بەرەو ناخ و دڵ دەگۆڕن: لە دڵم دەنۆڕم و هەست دەکەم تام هەیە تای شیعر تای ئاشنا تای ناحەز تای هاوڕێی کولەکەی ڕۆحەکەم تای نەیار .. دوژمنی سەرسەخت و خوێنەخۆر هەست دەکەم تام هەیە تای قورس تای هاسان تای ڕۆیشتن ... تا مەرزی دیارنەمان تای ونبوون ... تای خنکان .. تای گران، بەڵام جوان ناكۆك و دژوازەكان و جیاوازییەكان بەردەوامن چونكە ژیان خۆی ناكۆكی و جیاوازیی و بەردەوامییە. بەڵام لە دڵی دەنۆڕێت و نابینێت، بەڵكو هەست دەكات! ئەمە گەمەیەكی زمانییە لە شیعردا. تۆ كە دەنۆڕیت دەبێت ببینیت، یان تەماشا بكەین، ئەوە دەستلێدانە كە هەستت دەداتێ.. كەواتە جیاوازیی دۆخە دەروونییەكە نابێتە هۆكاری كەمكردنەوە لە گەمە شیعرییەكە. دلاوەر هەر مانا ڕیز ناكات، بەڵكو جوانكاریش لە بەیانكردنی مانادا دەكات. ئەو وەك مرۆڤێكی تالێهاتووی ئاسایی نایەتە دەنگ، بەڵكو تا لێهاتنیش دەكاتە ساتەوەختێكی داهێنەرانە و هونەرمەندانە. هەر بۆیەشە وشەی تا، زیاتر لە سی و چوار جار دووبارە دەبێتەوە، خۆ ئەگەر دووجار بە هەمان مانا دووبارە باوە دەبووە وشە ڕیز كردن. دلاوەر چونكە شاعیرێكی ڕەسەنە، ئەوەندەی جیاوازیی دەخوڵقێنێت، ئەوەندە دووبارەیی ناڵێتەوە. بەڵام جیاوازییەكانی هەر جیاوازیی نین، بەڵكو دەرخەری ناكۆكی و دژوازییەكانیشن: تای حوزن و تای شادی، تای قاقا و تای گریان، تای تووڕە و تای نیان.. لێرەوە شیعر دەبێتە بەیانكەری دۆخێكی بوونخوازانە، لە ژیانەوە ئاڵاو نەك دوور لە ئەزموون و دروستكردنی ئایدیۆلۆژیا و گەشبینییەكی ساختە و مەكیاژاوی: تای لەبەر پەنجەرە ڕاوەستان بە خەیاڵ، فڕین بە، جێباڵی مەلێکدا و لە خاڵی دوور ڕامان تام هەیە تای حوزن تای شادی و خەنیبوون تای قاقا گریان و تای هۆن هۆن پێکەنین تا دێت و تای شیعری گا تووڕە و گا نەرم و نیان و میهرەبان تای شیعر وردە وردە دەبێتە فێ لیهاتن و بەرەو مەستبوونێكی عاریفانە دەچێت. زمان لە دژی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە و لە جیاتی نواندنەوەی مانای وشەكان، پێچەوانەیان دەكاتەوە: بەستنی دەست بە هەور چ مانایەكی هەیە جگە لە ئازادكردن؟ كلێتەی خەیاڵ، لە جیاتی داپۆشین، ئازادییەكی دیكەیە. وەزیفەی كلێتە هەڵدەگێڕێتەوە لە شاردنەوە و داپۆشینەوە بۆ خەیاڵ! ملپێچی زوقم، خۆشی زەندەقبەر و ئیتر بەو جۆرە تایەكە بەرەو حاڵ لێهاتنمان دەبات. زمان خۆی لە مانا جێگیرەكان ئازاد دەكات و ڕەدووی خەیاڵ دەكەوێت و خەیاڵیش بەرەو داهێنان. ئەمە سرووشتی شاعیرانی ڕەسەن و بێ دەمامكە. دلاوەر چل ساڵ زیاترە بێ دەمامك شیعر دەنووسێت، بەڵام بەدەگمەن ئەوەندەی ئەم دەقە گەشبین و ژیاندۆستانە لە بوونی ڕوانیووە. كۆتایی ئەم دەقەشی بەڵگەیە لەسەر ئەم قسەیە. ئەو لە كۆتاییدا خۆی ناهاوێتە باوەشی مەرگ و ونبوون و ڕەشبینی و حوزنەوە، بەڵكو تێپەڕین دەكاتە ڕێچكە. بە هەورێک دەیبەستێ توند دەستم کلێتەی خەیاڵێک ڕەنگاوڕەنگ دەکاتە سەر هەستم دەینێتە بەر چاوم دووربینێک... نزیکبین بۆ بینین، ملپێچێک لە زوقم دەپێچێ لە ملم کتوپڕ خۆشییەک زەندەقبەر دەخورپێتە دڵم دەڵێ ها ئەوەتا.. ئەسپێک چون برووسکە دەی سوار بە! دەڵێ ها ئەوەتا... دوو باڵ لە ڕەشەبا پێی بفڕە ... مەوەستە تا / ناکۆتا! بێئەوەی هیچ بڵێم قوڕوقەپ، بە هەرا دردۆنگ و دڵنیا بەپێی خۆم بە سام و ترسێکی خۆشەوە زەلیل و سەرفراز لەگەڵی دەڕۆم و لەرزەلەرز ... قنج و قیت ئازاد و دیل ئاسا پێش و دوای دەکەوم هەتا تای شیعر زیاتربێت، زمان سنوورەكان دەبەزێنیت. تا دەبێتە ڕاڕایی و گومان، دەبێتە دوودڵی و سەرەتای بەردەوامییەك، دەبێتە نوقڵ و خۆی دەنێتە سەر زمان و زاری شاعیرەكە و ئیتر خۆی خۆی دەگێڕیتەوە. زمان خۆی زاخاو دەداتەوە و خەریكی لاقەكردنی شاعیرە و ڕووت و قووتی دەكاتەوە. زمان خۆی خۆی بەیان دەكات، نەك شاعیرێك زمان جڵە و بكات. بەم حاڵەشەوە ئاگایی شیعری بەردەوامە و شاعیرەكە بەرەو سنوورەكانی هەڵوەشاندنەوە دەبات تا دەگاتە نێوان مەرگ و ژیان. شوێن و كات، مانایان نامێنێت و لەوێدا وەك هەر عارفێك بەدەستی بەتاڵ و دڵی پڕەوە لەنگەر لە (تێپەڕین)دا دەگرێت، واتە لە دۆخێكی هەمیشەییدا، نە دەمرێ و نە دەژی، بەڵكو بەردەوامی وەردەگرێت. دەبێتەوە ڕۆح و لە دنیای ماتەریاڵی خۆی ڕزگار دەكات و دەبێتە و ڕۆحێكی زیندوو، ڕۆحێكی مەییوو نا، بەڵكو تێپەریو: تام هەیە تای شیعر تای دوعای خەراپ و نوشتەی ڕەش لێ گیران تای بلەز چوون بۆ شەڕ خۆکوتان بۆ بەرەی پێشەوە و لە یەکەم هەڵمەتدا گلان و هەڵدێران تام هەیە تای قسەی سەیر و جوان ئاقڵ و هاروهاج تای پەیڤی خۆمانە و خۆڵاوی و ئارنگدار تای قسەی تیفتیفە دراو و سەنگین و سادە وەک سادەیی و شکۆدار وەک شکۆ و ڕیتمدار وەک ستران تا دێت و هێور و لەسەرخۆ پەیڤەکان یەک دوای یەک وەکو نوقڵی نەعنا دەنێتە زارم تام هەیە دەیبینم کە دێت و دەمگرێ ڕووخۆش و مڕومۆچ باوەشم دەکات و ئامبازم دەبێت و زۆرانم لەگەڵدا دەگرێت و سەر دەکاتە سەرم کلێتە و ملپێچم دەڕفێنێ، عەینەکم دەشکێنێ، جلکم بە / بەرەوە ناهێڵێ، وەک منداڵ تەنگم پێ هەڵدەچنێ و بە ڕاستی و بە گاڵتە تام دەگرێ تا دێت و، تا هەبم تای شیعر، ساردتر و گەرمتر توندتر و نەرمتر دەمگرێ و چ هەدادانم نییە و ئاشت و زیز لە خۆمدا ناحەجمم کات کەمە و زۆر کەم و ڕێ دوورە و زۆر دوور و شوێن تەنگە و زۆر تەنگە بە بەرم ناچارم بڕۆم و نەوەستم قەدەرمە بەم تایەی شیعرەوە لە خۆمی ڕۆژانە بە نێوان مردن و ژیاندا بە نێوان تاریکی و ڕووناکی بە نێوان باران و هەتاودا غەمگین و شادمان بە دەستی بەتاڵ و دڵی پڕ پڕەوە، بڕۆم و تـ ێــــ پــــ ــــە ڕ م! دلاوەر قەرەداخی یەكێك لە شاعیرە هەرە دیارەكانی نەوەی ئێمەیە، شاعیرێك پڕ لە حوزن و ماتەم. پڕ لە دەربڕینی تایبەت بەخۆی، پڕ بەهێمنی. ئەو خۆی وەك كەسایەتی، بەرجەستەكەری وشەی (هێمنی)یە، ئەگەر گوتت دلاوەر، واتە هێمنی. بەڵام شاعیر كە ئەوەندەی دلاوەر هێمن بوو، واتە دەست بە وشەوە دەگرێت. ئەو ئابووری لە زماندا دەكات، بەڵام كاتێك دەدوێت شەتاوێكە لە وشە و خەیاڵ.. دلاوەر داهێنەرێكە هەرگیز گەمە بە شیعر ناكات و نایشیخاتە خزمەت هیچ شتێكی دیكەوە. دلاوەر بەرگرییەكی پێشمەرگانە لە شیعر دەكات.