لە بارەی نووسینەوە
سەڵاح فایەق
وەرگێڕانی: دلاوەر قەرەداغی
من پێویستم بە نووسین نییە، بەڵکو ئەوە نووسینە کە لەبەر هەر هۆیەک بێت؛ پێویستی بە منە، جا لەبەرئەوەی من بە سروشتی خۆم و پەروەردەی دایکم، حەزم لە ئیشی خێرە و حەز دەکەم کەسێکی بە سوود بم و یارمەتی دەوروبەرەکەم بدەم، بۆیە بە پیرییەوە دەچم. ئەگەر تۆ پێویستت بە نووسین بێت، ئەوا باجێکی قورسی لە کات و شکۆی خۆت بۆ دەدەی. هیچ شتێک لەگەڵ نووسین و هەلومەرجە توندوتیژەکەی و داواکارییە زۆرەکانیدا، بە خۆڕایی نییە. نووسین عەزابە. بۆچی پێویستم بە نووسین بێت؟ خواردنە؟ ژوورە؟ سەگە دوام بکەوێ؟ ژنە ئیغوام بکا؟ نەء! من خواردنی ڕۆژانەی خۆمم هەیە. گۆشتی باڵندە و مار و تیمساح و ئاژەڵانی تریش ناخۆم. پاشان ژووری خۆمم هەیە، سەگەکەم دوام دەکەوێ و ناوبەناو من دوای دەکەوم و یاری دەکەین، ژنەکەشم جوانە، نەختێ فرەوێژە. هەن ڕۆمان دەنووسن، شیعر و توێژینەوە و هتد.. پارە و پاداشت لە پەخشیارانی پیسکە، یان لە داودەزگای دەوڵەت وەردەگرن. من نە ئەمیان دەکەم و نە ئەویان، چونکە ڕقم لە پارەیە، بە تایبەتی پارەی ڕووناکبیریی و شیعر و گەڕان بەدوای جوانیی. نووسین پێویستی پێمە: باوەڕ ناکەم کەس تاوانبارم بکا بە بەرچاوتەنگیی لەگەڵ نووسین. من ژمارەیەک کتێبی شیعرم داوەتێ؛ وەرگێڕان، کۆلاج، توێژینەوە، چاوپێکەوتن لەگەڵ خۆم، ڕۆیشتن بەسەر پردەکاندا و جنێودان بە سەرکردەکانی جیهان. ئەوانەش هەمووی نووسینن. من بە نووسین دەدەم، نووسین نامداتێ و پرسیاری ناکەم. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان پێویستم پێی بوو، ئەوسا لە نووسین دەوەستم. دەڕۆم بۆ خۆم لە بەندەرێکدا ئیش دەکەم؛ وەک ئەوەی لە گەنجییدا کردوومە. وام پێ باشترە هەمیشە من چاکەم بەسەر نووسینەوە هەبێ، نەک بە پێچەوانەوە