
سەبارەت بە
ڕۆمانی” گەزنەک گوڵ دەکا”
سەرۆک فەرەج
ڕۆمانی “گەزنەک گوڵ دەکا” لە نووسینی “هاڕی مارتینسون” و ەرگێڕانی “دلاوەر قەرەداغی” سەرگوزشتە و تراژیدیای سەرەتاکانی ژیانی ئەو مناڵەیە کە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و پاش ماوەیەکی کەمیش دایکی ئەم مناڵانەی جێدەهێڵێت و ڕوو لە ئەمریکا دەکات
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا خەڵکانێکی زۆر لەبەر هەژاری و لەتاو چەوساندنەوەی کڵێسا سوید جێدەهێڵن و بۆ دابین کردنی ژیانێکی ئاسودەتر بۆ خۆیان و خێزانیان ڕوو لە ئەمەریکا دەکەن بەڵام دایکی “هارری مارتینسۆن”، ئەم و یەکێک لە خوشکەکانی جێدەهێڵێت و ڕوو لە ئەمەریکا دەکات و چیتر چاویان بەیەک ناکەوێتەوە. مارتینسۆن هەر لەوکاتەوە دەکەوێتە ژیانێکی دژوارەوە و وەک منداڵی شارەوانی لە پای پارەیەکی کەم دەنێررێتە چەند ماڵ و کێڵگەیەکی جیاواز. دواتر لە تەمەنی گەورەییدا دەبێت بە یەکێک لە بەناوبانگترین نوسەرانی سوید و ئەندامی ئەکادیمیای شاهانەی سوید و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات. ئیتر بە شێوەیەکی ئۆتۆبایۆگرافی ڕوداوەکانی ئەو ڕۆژگارانە لە دووتوێی ئەم ڕۆمانەدا دەگێڕیتەوە، وەک خۆی لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبەدا دەنوسێت: هەوڵمدا بیکەم بە شتێک کە لە هونەر بچێت، نەک تەنها ڕیپۆرتاژێک لەبارەی سەختییەکانەوە
ئەم ڕۆمانە یەکێکە لەو ڕۆمانانەی کە من لە سەرەتای ژیانمەوە لەم وڵاتەدا ناوم بیستبوون و چەندەها جار بەتەمای خوێندنەوەی بووم بەڵام سەیرە هەر بۆم نەڕەخسا. کاتێک شاعیر وەرگێڕی بە توانا “دلاوەر قەرەداغی” لە پایزی پارساڵدا بۆی باسکردم کە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی زۆر خۆشحاڵ بووم. خۆشبەختانە هاوین کە لە کوردستان بووم پەیدام کرد و چەند مانگێک لەمەوپێش لە خوێندنەوەی ئەو وەرگێڕانە جوانەی بوومەوە و چێژێکی لەڕادەبەدەر زۆرم لێ بینی
وەرگێڕان کارێکی ئاسان نییە بەتایبەتی وەرگێڕانی هونەری وشەسازی “هارری مارتینسۆن”. لەبارەی سەختی وەرگێڕانی وشەسازییەکانی ئەم نوسەرەوە بەگشتی وە بەتایبەتی بۆ زمانی ئەڵمانی کە زۆریش لە زمانی سویدییەوە نزیکە، دۆرۆتێیا لایبل” لە تێزی دکتۆراکەیدا دەڵێت: (لەکاتی وەرگێڕانی وشە نوێکانی ئەوە بەس نییە کە تەنها ناوەڕۆکەکەی بگۆڕیتە سەر زمانێکی تر، و لەم حاڵەتەدا ئەڵمانی. بەڵکو دەبێت پارێزگاری لە قاڵبی وشەکانیش بکەیت. بێگومان مارتینسۆن مەبەستێکی هەبووە بە شێوازە شاعیرانەکەی و بەکارهێنانی ئەو هەموو وشە تازانە.)
بە پێویستی دەزانم سەر لە نوێ دەستخۆشی لە کاکە دلاوەر بکەم بۆ ئەم کارەی جوانەی. کتێبەکە لە کتێبخانەکانی کوردوستان بەردەستە و لەلایەن دەزگای سەردەمە وە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. تۆش ئەگەر حەز لە خوێندنەوەی یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبی سویدی و جیهانی دەکەیت ئەم ڕۆمانە بە کوردییە جوانەکەی دلاوەر قەرەداغی بخوێنەوە و بێگومانم ئەو کاتانەی لەگەڵ ئەم کارەدا بەسەری دەبەیت کاتێکی خۆش و پڕ سود دەبێت