بۆ دلاوەر قەرەداغی
ئازاد سوبحی
لەبەر کورد ڕێ نییە بڕۆین لەبەر کورد ڕێ هەیە بمرین سەیری نەخشەکانی ناو دەستت بکە بزانە چەند ( شۆڕش ) دەبینی چەند پەیکەر دەبینی سەیری قەبرەکەت بکە و بە ئارەزووی سنوورەکانی، مردن بژمێرە نا ... بگەڕێوە بۆ ئاوە ڕووت و قووتەکەت .... بۆ ماڵەکەت تۆی مناڵ نەتتوانی لەناو ئەم بەردانە یاری بکەی تۆ ماڵێکت هەبوو لەناو زەریا .... ماڵێکیش لە تەنیشت بیابان ئەگەر هەناسەیەک لە ئاسمانیش وەربگریت هێشتا بیابان نزیکترە زەحمەتە لە فیزیای بیابان بگەیت زەحمەتە لە باخچەی ئەم ئەندازیارانە گوڵ بدۆزیتەوە زەحمەتە لە هەندەسەی ئەم گوڵانە پەپوولەیەک بڕوێت زەحمەتە ئەم مامۆستا بەردینە لە ئاو بگات هاوڕێم .... پەپوولەیەک لەسەر قەڵەمەکەتە ئاگاداری بە هیچ ڕێگەیەک نەماوە تاریکیی نەبێت هیچ سنوورێک نەماوە تاریکیی نەبێت ئەم مامۆستایە قەڵەمەکەت نابینێ کوان پەپوولەکانت؟ کوان کوردەکانت؟ تۆش هەموو تاریکییەکانت بکەرەوە .... با دوایەمین دەرگاشت لێ بزر نەبێت دەرگاکەت جوانە ... وەک ماڵەکەت پڕە لە ئاو پڕە لە بێدەنگیی تۆ هێندە ڕووتیت قسەت پێ ناکرێت یەک ئاوێنەت هەیە ئافەرین ... ئافەرین کە توانیت ڕۆژێک بە کوردی باسی سەفەر بکەیت ئافەرین .... کە توانیت شەوێک لە ڕۆما باسی عەشق بکەیت تۆم بینی لەگەڵ حاجی قادری کۆیی ڕاکشابوون و بە بێدەنگیی لەسەر سەقفی کاتدرائیەک خەونتان دەنووسی ئەو لەودیوی زەمەن .... تۆ لەمدیوی ژیان بەڵام هاوڕێم ... ئەمە تابووتێکە بە کوردی لەسەری نووسراوە: لەبەر ڕووتیت ڕێ نییە بڕۆیت!