شیعر و مەجهول
تەیب جەبار
شیعر كه‌شفی مه‌جهوله، ئه‌م ڕسته‌یه لای كورد و عه‌ره‌ب زۆر ده‌وترێت و ده‌نووسرێت. ئه‌م ڕسته‌یه له سێ وشه‌ی عه‌ره‌بی پێكهاتووه، به‌ڵام به داڕشتنێكی كوردی. وشه‌ی شیعر، له زمانی كوردییدا دوو وشه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌یه، ئه‌وانیش ( هۆنراوه و هه‌ڵبه‌ست)ن. ئێستا هۆنراوه زیاتر و هه‌ڵبه‌ست كه‌متر به‌كارده‌هێنرێت. ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌ر وشه‌ی شیعر به‌كاربهێنرێت، چونكه هه‌موو خه‌ڵكی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌و وشه‌یه‌دا راهاتووه و تێیده‌گا. هه‌روه‌ها میلله‌تانی ده‌وروبه‌ریش هه‌مان وشه به‌كارده‌هێنن. له زمانی كوردییدا، كه‌شف به واتای دۆزینه‌وه یاخود ئاشكراكردن دێت، مهجهولیش واتا نادیار و هه‌ست پێنه‌كراو. ڕسته‌كه به كوردی ده‌بێته "هۆنراوه دۆزینه‌وه‌ی نادیاره" یاخود بڵێین "شیعر دۆزینه‌وه‌ی نادیاره". له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌ی شیعر و وشه‌ی مه‌جهولی عه‌ره‌بی زیاتر له‌سه‌ر ده‌می خه‌ڵكه، ئێمه له‌م نووسینه‌دا، هه‌ردوو وشه عه‌ره‌بییه‌كه به‌كارده‌هێنین، واتا رسته‌كه ده‌بێته "شیعر دۆزینه‌وه‌ی مه‌جهوله". ئێمه ئه‌م رسته‌یه به ڕاست نازانین و شیعر دۆزینه‌وه‌ی مه‌جهول نییه! به‌ڵكو شتێكی تره، كه له كۆتایی نووسینه‌كه‌دا ده‌یسه‌لمێنین. ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه، به‌شێكه له زنجیره‌یه‌ك نووسین له‌سه‌ر هونه‌ری شیعر، هه‌روه‌ها ڕا و بۆچوونی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌ره. له‌به‌ر ئه‌وه، لێره‌دا زۆر باسی هونه‌ری شیعر ناكه‌ین، به‌ڵام حه‌زده‌كه‌ین هه‌ندێ پێناسه‌ی جیاجیای شیعرتان پێشكه‌ش بكه‌ین. عه‌ره‌ب ده‌ڵێ: (شیعر قسه‌یه‌كه كێش و سه‌روای هه‌یه، مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت). شاعیری عه‌ره‌ب (ابو العلاء المعری) ده‌ڵێ: (شیعر قورئانی شه‌یتانه). هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: (شیعر وێنه‌كێشانه به وشه، شیعر جریوه‌ی چۆله‌كه‌یه، شیعر كه‌لامی فریشته‌یه، شیعر وه‌رگێڕانی بێده‌نگییه، شیعر زمانی جومبازه…هتد)، هه‌موو ئه‌م پێناسانه جوانن بۆ شیعر، به‌ڵام ئێمه له‌ناو هه‌موویاندا پێناسه‌ی (شیعر وێنه‌كێشانه به وشه) مان لا جوانتر و په‌سه‌نده. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه زیاتر قسه‌كردنه له‌سه‌ر مه‌جهول و دۆزینه‌وه‌ی مه‌جهول و په‌یوه‌ندی مه‌جهول به شیعره‌وه. مرۆڤ له رۆژی په‌یدابوونییه‌وه له‌گه‌ڵ مهجهولدا ده‌ژی و مامه‌ڵه‌ی به‌رده‌وام یان پچڕ پچڕی له‌گه‌ڵ مهجهولدا هه‌بووه و هه‌یه. به بێ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مهجهولدا هه‌ڵناكا و ئاسووده نابێت. به‌ڕای ئێمه مرۆڤ له سه‌ره‌تای په‌یدابوونیه‌وه تاكو ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ چوار مهجهولدا مامه‌ڵه ده‌كات، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه چوار مهجهولهكهن: ١) مه‌جهولی ئه‌فسانه‌یی: ئه‌فسانه به‌شێكی گرنگی مه‌عریفه‌ی مرۆڤه به درێژایی مێژوو. مه‌عریفه‌ی مرۆڤ به ئه‌فسانه ده‌ستی پێكردووه، ئه‌فسانه ئه‌و حیكایه‌ت و چیرۆكانه ده‌گرێته‌وه كه له لایه‌ن خوداوه‌ند یاخود پاڵه‌وانی خورافییه‌وه ده‌وترێته‌وه یاخود ده‌كرێت، به‌ڵام هیچ له‌و حیكایه‌ت و چیرۆكانه ناتوانرێت له واقیعدا جێبه‌جێ بكرێت و راستییه‌كه‌ی بسه‌لمێنرێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌فسانه كۆمه‌ڵێ رووداو و پاڵه‌وانی مه‌جهولی هه‌یه، مرۆڤـ به‌كاریهێناوه بۆ روونكردنه‌وه‌ی دیارده و ڕاستی، یاخود بۆ گوێڕایه‌ڵی و ترساندن و عیبره‌ت وه‌رگرتن، هه‌روه‌ها بۆ خۆشنودی و ئاسووده‌یی رۆحی. ئیتر ئه‌و پاڵه‌وانانه زینده‌وه‌ری خه‌یاڵی بن وه‌ك ئاژه‌ڵ و دار و دره‌خت، یاخود خوداوه‌ند و كه‌سایه‌تی جیاواز كه ده‌سه‌ڵاتی راده‌به‌ده‌ریان هه‌یه له به‌ڕێوه‌بردن وگۆڕینی ژیانی مرۆڤ و سروشتدا. ئه‌فسانه هه‌ر به مه‌جهولی ده‌مێنێته‌وه و كه‌شف ناكرێت. لای خه‌ڵكانێك هه‌ندێكیان پیرۆزن و گوێڕایه‌ڵی ده‌بن، لای خه‌ڵكی تریش ده‌قی جوان و چێژبه‌خشن. به‌ڵام هه‌ندێك ئه‌فسانه‌ش هه‌یه به پێی به‌ره‌وپێش چوونی زانست پووكاونه‌ته‌وه و ده‌پووكێنه‌وه. مه‌جهولی ئه‌فسانه‌یی به‌رهه‌می خه‌یاڵه. ٢) مه‌جهولی ئایینی: مه‌جهولی ئایینی، ئه‌و شته مهجهولانه ده‌گرێته‌وه كه له ئاییندا (زه‌مینی بێت یان ئاسمانی) باسی كراوه، مرۆڤ رۆژانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات وه‌ك (به‌هه‌شت، دۆزه‌خ، رۆح، شه‌یتان، جنۆكه، پردی سیرات، ژیانی پاش مردن… هتد) ئه‌م مهجهولانه له كتێبی ئایینی‌دا باسیان كراوه و ناویان هاتووه و پیرۆزن، لای خه‌ڵكی باوه‌ڕدار وجودیان هه‌یه و نادیارن، ئه‌م مه‌جهوله ئایینیانه یه‌كێكن له كۆڵه‌كه‌كانی باوه‌ڕداری. هه‌موو مرۆڤ به گشتی، باوه‌ڕداران به تایبه‌تی، مامه‌ڵه‌ی ته‌واویان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن بۆ رێكخستنی ژیان و گوزه‌ران و هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژانه‌یان، هه‌روه‌ها بۆ گوێڕایه‌ڵی و ترساندن و عیبادهت و دڵخۆشی و ئاسووده‌یی رۆحی. نابێت مرۆڤ خۆی له قه‌ره‌یان بدات بۆ كهشفكردنیان. هه‌روه‌ها تا ئێستا زانست نه‌یتوانیوه هیچ شتێكیان له باره‌وه كه‌شف بكات، ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین، زانست، نه ئێستا و نه دواڕۆژیش، ناتوانێت هیچ شتێكیان له باره‌وه بڵێت، هه‌ر به پیرۆز ونادیار ده‌مێننه‌وه. ئایین و مه‌جهولی ئایینی به‌رهه‌می عه‌قڵ و خه‌یاڵن. ٣) مه‌جهولی زانستی (مادی): مه‌جهولی مادی ئه‌و مهجهولانهیه كه له سروشت و مرۆڤدا بونیان هه‌یه، وه‌ك ( سروشت به هه‌موو پێكهاته و دیاردهكانییهوه، جه‌سته و ده‌روونی مرۆڤ به هه‌موو پێكهاته و دیاردهكانییهوه). ئه‌م مه‌جهوله مادیانه دیار و نادیارن، له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی سروشت و مرۆڤه‌وه وجودیان هه‌یه، به‌ڵام پێكهاته و بۆندی نێوانیان به نیسبه‌ت مرۆڤه‌وه نادیار بووه، مرۆڤ له سه‌ره‌تای په‌یدابوونیه‌وه تاكو ئێستا، له رێگای زانسته‌وه، مامه‌ڵه‌ی وردی له‌گه‌ڵیاندا كردووه، توانیویه‌تی پێكهاته و بۆندی نێوانی به‌شێكیان بدۆزێته‌وه و ئاشكرای بكات و له خزمه‌تی مرۆڤدا به كاریان بهێنێت. ئه‌م مه‌جهوله مادیانه پیرۆز نین و قابیلی دۆزینه‌وه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و جارێكی تر لێكدانه‌وه و دروستكردنهوهن، هه‌روه‌ها له رێگای زانسته‌وه توانراوه، زۆر هاوكێشه و دیارده، ته‌فسیری جیاواز و پێچه‌وانه‌یان بۆ بكرێت، وه‌ك چۆن جاران وایان ده‌زانی خۆر به ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌ستێره‌ناس و فه‌یله‌سوفی ئیتالی گالیلۆ گالیلی (1564 – 1642ز) هات و له رێگای زانسته‌وه توانی ئه‌و هاوكێشه‌یه راست بكاته‌وه كه زه‌وی به ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێته‌وه، هه‌روه‌ها جاران دیاریكردنی ره‌گه‌زی منداڵ له سكی دایكدا به شتێكی مه‌جهول و حه‌رام ده‌زانرا، به‌ڵام ئێستا له رێگای ئامێرێكی ساده‌ی وه‌ك(سونار)ه‌وه، ده‌توانرێت ره‌گه‌زی منداڵ دیاریبكرێت. هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ماده و پێكهاته‌كانی، هۆكاری دیارده‌كانی سروشت، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ و ده‌روونی مرۆڤ و دیراسه كردنیان، بۆ دۆزینه‌وه و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی. به‌ڵام ئه‌م مهجهولانهی سروشت و جه‌سته و ده‌روونی مرۆڤ، به ملیاره‌هان و جارێ زۆربه‌یان كه‌شف نه‌كراون و پیرۆز نین، له‌گه‌ڵ ره‌وتی به‌ره‌وپێشه‌وه چوونی زانست‌دا ورده ورده كه‌شف ده‌كرێن و بۆ خۆشگوزه‌رانی و ئاسوده‌یی و ئارامی مرۆڤ سودیان لێ وه‌رده‌گیرێت. كه‌شفی سروشت و پێكهاته‌ی له‌گه‌ڵ كه‌شفی پێكهاته‌ی جه‌سته و ده‌روونی مرۆڤ به‌رهه‌می عه‌قڵ و زانستن. به‌ڵام له بواری داهێنانی زانستیدا، خه‌یاڵ ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌بینێت. ٤) مه‌جهولی هونه‌ری (شیعر): من لێره‌دا ته‌نها قسه له‌سه‌ر مه‌جهول له شیعردا ده‌كه‌م، مه‌جهول له به‌شه‌كانی تری ئه‌ده‌ب و به‌شه‌كانی هونه‌ردا جێده‌هێڵم بۆ نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی ئه‌و بابه‌تانه. مه‌جهولی شیعرانه كه بابه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه‌یه، مهجهولێكه په‌یوه‌ندی به مه‌جهولی ئه‌فسانه‌یی و ئایینی و مادییه‌وه نییه، مهجهولێكه پیرۆز نییه و له گه‌ردونیشدا بوونی نییه، شاعیر له رێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه دروستی ده‌كات، مهجهولێكه تایبه‌ته به شاعیر خۆی، كه‌سی تر بۆی نییه ئه‌م مه‌جهوله به‌كاربهێنێت، چونكه ئه‌و مه‌جهوله كه شاعیر ده‌یخوڵقێنێت تایبه‌ت ده‌بێت به خۆی و ته‌نها لای خۆی پیرۆزه، مهجهولێكه له واقیعدا نایه‌ته دی، به‌ڵكو له زه‌ینی شاعیر و وه‌رگردا به‌رجه‌سته ده‌بێت و چێژ ده‌به‌خشێت، راسته شاعیر له رێگای هه‌سته‌وه سوود له ماده و دیارده‌ی سروشت هه‌روه‌ها جه‌سته و ده‌روونی مرۆڤ وه‌رده‌گرێت، به دروستكردنی بۆندی تازه له‌نێوان شتی هه‌ستپێكراوی سروشت و ژیانی مرۆڤدا، له رێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه سروشتێكی تازه‌ی ناواقیعی دروستده‌كات، به‌شێوه‌ی وێنه‌ی شیعرانه‌ی به‌رجه‌سته و ئاشنا پێشكه‌شمان ده‌كات، كه به‌نیسبه‌ت ئێمه‌ی وه‌رگره‌وه وێنه‌ی تازه و چێژبه‌خشن. مه‌جهولی هونه‌ری (شیعر) به‌رهه‌می خه‌یاڵه. * * * هێنانه‌وه‌ی نمونه و شیكردنه‌وه‌ی، بۆ مه‌جهولی ئه‌و چوار بواره‌ی سه‌ره‌وه، زۆرمان هه‌یه به‌ڵام ئێمه له سه‌ره‌وه وتمان مه‌به‌ستمان له‌م نووسینه زیاتر مه‌جهولی شیعرانه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه هێنانه‌وه‌ی نموونه و شیكردنه‌وه‌ی بۆ مه‌جهولی ئه‌فسانه‌یی و ئایینی و زانستی هه‌ڵده‌گرین بۆ هه‌لێكی تر، ئێستا نموونه و شیكردنه‌وه‌ی مهجهولێكی شیعرانه‌تان بۆ ده‌هێنینه‌وه. دلاوه‌ر قه‌ره‌داغیی شاعیر له شیعری (رێبوارێكی به‌ربه‌ری به ته‌پوتۆزی بیابانه‌وه) ده‌ڵێ: (دێمه بانێژهكه داده‌نه‌ومه‌وه و به چرپه‌یه‌ك كه به‌سه‌ر به‌فره‌كه‌دا ده‌خلیسكێ بهزوبانێكی ته‌پوتۆزاوی كه خۆیشم تێی ناگه‌م رێبواری به‌ربه‌ری بانگ ده‌كه‌م) (١). ئه‌م كۆپله شیعره، كه شاعیر خۆی بكه‌ره‌كه‌یه‌تی، له چه‌ند جووڵه‌یه‌ك پێكهاتووه و به چه‌ند وێنه‌یه‌ك ده‌ریبڕیوه، له دێڕی یه‌كه‌م و دووه‌م و پێنجه‌مدا، سێ جووڵه و سێ وێنه هه‌یه، وێنه‌كان ئاسایین، وه‌رگر به ئاسانی وێنای ده‌كا و وه‌ریده‌گرێت. دێمه بانێژهكه داده‌نه‌ومه‌وه و …………………………….. …………………………….. رێبواری به‌ربه‌ری بانگ ده‌كه‌م. (هاتن بۆ بانێژه) و (دانه‌وینه‌وه) و (بانگكردن)، جووڵه و وێنه‌ی ئاسایین، رۆژانه پیاده‌یان ده‌كه‌ین، ده‌یانبینین و هه‌ستیان پێده‌كه‌ین. به‌ڵام قووڵایی بابه‌ته‌كه و داهێنان له كۆپله شیعره‌كه‌دا له جووڵه و وێنه‌ی دێڕی سێیه‌م و چواره‌مدایه. وه نه‌بێ دێڕی یه‌كه‌م و سێیه‌م و پێنجه‌م رۆڵیان نه‌بێ، چونكه ته‌واوی پێنج دێڕه‌كه به‌یه‌كه‌وه، جووڵه و وێنه‌ی كۆپله شیعره‌كه ته‌واو ده‌كه‌ن. له دێڕی سێیه‌مدا وێنه‌یه‌كی مهجهولمان پێشكه‌ش ده‌كات (به چرپه‌یه‌ك كه به‌سه‌ر به‌فره‌كه‌دا ده‌خلیسكێ)، چرپه ده‌نگه، ده‌بیسترێ، به‌ڵام نابینرێ و كێشی نییه، شاعیر وای وێنا كردووه، هه‌م ده‌بینرێ و هه‌م كێش و قه‌باره‌ی هه‌یه، كاتێ چرپه‌كه له ده‌می ده‌رده‌چێ و ده‌كه‌وێته خواره‌وه و به‌سه‌ر به‌فری به‌رده‌م باڵه‌خانه‌كه‌دا ده‌خلیسكێ. دروست ئه‌م وێنه‌یه مه‌جهوله، له واقیعدا نایه‌ته دی، شاعیر دروستیكردووه، لای وه‌رگر زۆر سه‌رسامكه‌ر و چێژبه‌خشه. له دێڕی چواره‌مدا شاعیر وێنه‌یه‌كی تری مهجهولمان پێشكه‌ش ده‌كا (به زوبانێكی ته‌پوتۆزاوی كه خۆیشم تێی ناگه‌م)، زوبان-زمان-قسه‌كردن، ده‌نگه، ده‌نگیش ده‌بیسترێ به‌ڵام نابینرێ، شاعیر خه‌سڵه‌تی ته‌پوتۆزاوی داوه به زمان، وه‌ك بڵێی ده‌بینرێت، كه ئه‌مه دووره له واقیعه‌وه، چونكه زمان قه‌ت ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی نه‌بووه و وه‌ریناگرێت، ده‌كرێت له واقیعدا هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی تر به زمان-قسه‌كردن بدرێت، وه‌ك زمانی نه‌رم یاخود زمانی توند، به‌پێی به‌رزی و نزمی تۆن و چڕی ده‌نگی ئاخاوتن. به‌ڵام هه‌رگیز خه‌سڵه‌تی ته‌پوتۆزاوی وه‌رناگرێت، چونكه ده‌نگ نابینرێت، له ده‌مه‌وه ده‌رده‌چێ و ته‌پوتۆزاوی نییه، كه له ده‌میش هاته ده‌ره‌وه له هه‌وادا نابینرێت تاكو بزانین ته‌پوتۆزی لێ نیشتووه یاخود نا. داهێنانی شاعیر له‌وه‌دایه به گۆرینی خه‌سڵه‌تی زمانه‌كه له نه‌بینراوه‌وه بۆ بینراو و قه‌باره‌دار دروستكردنی وێنه‌یه‌كی مه‌جهول، كه لای وه‌رگر سه‌رسامكه‌ر و چێژبه‌خشه. ئه‌م دوو وێنه‌یه (خلیسكانی چرپه به‌سه‌ر به‌فردا) و (زوبانی ته‌پوتۆزاوی)، خه‌سڵه‌ت و بۆندی ئاساییان تێكشكاندووه و خه‌سڵه‌تی تازه و بۆندی تازه‌یان دروست كردووه، شتی ناباویان كردووه به باو، ئه‌م دوو وێنه‌یه له واقیعدا وجودیان نییه، شاعیری داهێنه‌ر دروستی كردوون. له زه‌ینی وه‌رگردا سه‌رسامی دروست ده‌كه‌ن و به چێژه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بن. ئه‌م دوو وێنه‌یه به‌رهه‌می خه‌یاڵی مرۆڤن، خه‌یاڵدانێكی كارا و داهێنه‌رانه‌ی شاعیر دروستی كردوون. ئه‌م دوو وێنه‌یه تایبه‌تن به شاعیر دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، هی كه‌سی تر نییه، هه‌ردووكیان لای شاعیر پیرۆزن، هه‌قی خۆشییه‌تی شانازییان پێوه بكات، چونكه موڵكی خۆیین، پێش ئه‌م كه‌سی تر دروستی نه‌كردوون. وه‌رگریش ده‌توانێت به پیرۆز وه‌ریان بگرێت، ئه‌گه‌ر وه‌رگرێكی به‌سه‌لیقه بێت و خه‌یاڵدانێكی كارای هه‌بێت. به‌پێی ئه‌و شیكردنه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر كۆپله شیعره‌كه كردوومانه، ده‌ركه‌وت كه شیعر كه‌شفی مه‌جهول نییه (وه‌ك له سه‌ره‌وه وتمان)، به‌ڵكو دروستكردنی مه‌جهوله. چونكه ئه‌و دوو وێنه‌یه له‌و كۆپله شیعره‌دا وێنه‌ی مه‌جهولی دروستكراون، له واقیعدا وجودیان نییه، خه‌یاڵدانی شاعیرێكی داهێنه‌ر دروستی كردوون، نه‌ك ئه‌وه‌ی له سروشت یاخود ژیانی مرۆڤدا هه‌بووبن، تا ئێستا كه‌س هه‌ستی پێ نه‌كردوون، دلاوه‌ری شاعیر هاتبێ كه‌شفی كردبن. * * * زۆرجار ده‌وترێت شاعیر په‌یامبه‌ره، منیش ده‌ڵێم، به‌ڵێ وایه. به‌ڵام به مه‌رجێ ئه‌و شاعیره شاعیرێكی ره‌سه‌ن بێت، خاوه‌ن خه‌یاڵدانێكی كارا و داهێنه‌رانه بێت، بتوانێت وێنه‌ی مه‌جهول دروستبكات، له زه‌ینی وه‌رگردا به ئاسانی به‌رجه‌سته ببێت، نه‌ك وێنه‌ی ئاڵۆز و ره‌ق و ته‌ق، شتی باو بگۆڕێت بۆ ناباو، شتی ناباویش بگۆڕێت بۆ باو. دروستكردنی بۆندی تازه له‌نێوان شتی هه‌ستپێكراوی سروشت و ژیانی مرۆڤدا، كارێكی ئاسان نییه و به هه‌موو كه‌س ناكرێت، جگه له شاعیر و هونه‌رمه‌ندی داهێنه‌ر. هه‌موو ئه‌و په‌یامبه‌رانه‌ی به‌درێژایی مێژوو به نه‌مری ماونه‌ته‌وه، ئه‌و پهیامبهرانهن كه مهجهولیان دروستكردووه، بۆ هه‌ر مه‌به‌ست و مه‌رامێك بێت، په‌یامه‌كه‌ی خۆی له رێگای ده‌قی ئه‌فسانه‌یی و حیكایه‌ت و وێنه‌ی مهجهولهوه گه‌یاندووه، خۆی و په‌یامه‌كه‌ی به نه‌مری ماونه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌و په‌یامبه‌رانه‌ی نه‌یانتوانیوه ده‌قی ئه‌فسانه‌یی و حیكایه‌ت و وێنه‌ی مه‌جهول دروستبكه‌ن، خۆیان و په‌یامه‌كانیان له‌بیركراون، مه‌گه‌ر له كتێبی مێژوودا باسبكرێن. شاعیری ئه‌مڕۆ ئه‌ركێكی قورسی له‌سه‌ره، كه ده‌بێت رۆڵی په‌یامبه‌ر ببینێت، شیعرێكمان بۆ بنووسێت پڕ بێت له وێنه‌ی مه‌جهول و په‌یامی خۆی بگه‌یه‌نێت، به پێچه‌وانه‌وه حسابی شاعیری په‌یامبه‌ر و په‌یامداری بۆ ناكرێت و له‌بیرده‌چێته‌وه. مه‌جهولی ئه‌فسانه‌یی و مه‌جهولی ئایینی ماون و كاری خۆیان ده‌كه‌ن و به‌رده‌وامن، له هه‌موو جیهاندا خه‌ڵكێكی زۆر پابه‌ندن پێیانه‌وه و په‌یڕه‌ویان ده‌كه‌ن. به‌ڵام لای هه‌ندێ خه‌ڵكیش كاڵ بوونه‌ته‌وه، لای هه‌ندێ كه‌سیش بیریان لێناكرێته‌وه. ئه‌مڕۆ به‌هۆی پێشكه‌وتنی زانست و ته‌كنه‌لۆجیاوه، دروستكردنی ئه‌فسانه‌ی تازه و هاتنه‌كایه‌ی ئایینی تازه، كارێكی زه‌حمه‌ته و ده‌توانین بڵێین مه‌حاڵه. مه‌جهولی ئه‌فسانه‌یی و ئایینی، هه‌زاران ساڵه هه‌ن، ده‌قی خۆیان وه‌رگرتووه و به‌كارده‌هێنرێن و گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا نایه‌ت، ده‌توانین بڵێین خه‌ریكه ببنه شتێكی ئاسایی و ساده، به‌ڵام پیرۆزن، خه‌ڵكانێكی زۆر پێیانه‌وه پابه‌ندن. ژیان به‌رده‌وام له گۆڕاندایه، زانست و ته‌كنه‌لۆجیا به‌رده‌وام له پێشكه‌وتندایه، مرۆڤی ئه‌مڕۆ، رۆژ به رۆژ هه‌ست به نامۆبوونی زیاد ده‌كات، بۆیه مرۆڤ پێویستی به مه‌جهولی تازه‌یه، وه‌ك له سه‌ره‌وه وتمان به‌بێ مه‌جهول هه‌ڵناكا و ناسره‌وێ، به‌رده‌وام پێویستی به مه‌جهولی تازه‌یه بۆ چێژ وه‌رگرتن و ئاسووده‌یی رۆحی. ئه‌ركی شاعیر و هونه‌رمه‌نده، كه هه‌میشه مه‌جهولی شیعرانه و هونه‌رییانه‌ی تازه‌ی په‌تی بۆ مرۆڤ دروستبكه‌ن، تاكو هه‌تی نامۆیی كه‌مبكاته‌وه یاخود لێی رزگار ببێت، هه‌ست به ئارامی و دڵخۆشی بكات و رۆحی ئاسووده بێت. پوخته‌ی مه‌به‌ستی بابه‌ته‌كه‌مان به چوار خاڵ، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه كۆتایی پێ ده‌هێنین: ١) ئه‌فسانه: به‌رهه‌می خه‌یاڵه، دروستكردنی مه‌جهوله. ٢) ئایین: به‌رهه‌می خه‌یاڵ و عه‌قڵه، دروستكردنی مه‌جهوله. ٣) زانست: به‌رهه‌می خه‌یاڵ و عه‌قڵه، كه‌شفی مه‌جهوله. ٤) هونه‌ر (شیعر): به‌رهه‌می خه‌یاڵه، دروستكردنی مه‌جهوله، نه‌ك كه‌شفی مه‌جهول. پەراوێز: (1) دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی/ لێره‌وله‌وێ باران. دووراودوور هه‌تاو/ كۆشیعر/ سلێمانی-چاپخانه‌ی تاران/ چاپی یه‌كه‌م-2020/ ل 590.