
شوێنانێک بۆ نووسین دەست نادەن…
یحیی الشیخ
ئەنووسم لەبەرئەوەی حەزم لە نووسینە، خۆبەخۆ و بەبێ بیرکردنەوەی پێشوەخت، وەک سێکس و، وەک نانخواردن کە کاتێ برسیم دەبێ ئەنجامی ئەدەم. شیعر نانووسم کاتێ “پێڵاوە تەسکەکەم ئازارم دەدا”، بەڵکو دایدەکەنم و بە پێی پەتی دەڕۆم. بەرکەوتنی پێوپلم بە گژوگیا یان لمی کەنار، بڕوانامەی ئەوەم پێدەبەخشێ مرۆڤێکم دەڕوات، بیر لە نووسینی شیعر ناکاتەوە، بەڵکو دەڕوا و هیچی تر، سەرقاڵە بە بەرکەوتنی گژوگیا بە بەری پێی، بۆ ڕایەڵی ئەرزی، کە لەوەتی پێی پەتییە و لێی جیا بووەتەوە، دەگەڕێنێتەوە…
بەرەو دەشت دەڕۆم تا هەوای نۆبەرە، کە لە کرۆکی زەوییەوە دێتە دەرەوە، هەڵمژم. تۆڵەکە و کنێری بە لەتکەی سوور و نەعنا کێویلەی دوژمنی مار دەڕنم….باعەی مەڕ و زەڕەی گوێدرێژ کۆ دەکەمەوە و بە دەستکەوتەکانمەوە دەگەڕێمەوە، تەنها شاعیرانێک ئیرەییم پێ دەبەن کە میتافۆری وشککراوە دائەخرمێنن.
من و ڕووبار پێکەوە لەدایک بووین. هەمان لەحزە کە لەگەڵمدا لە ڕەحم هاتە خوارەوە، مامانە جووەکە کاتێ بینیمی نقوم لە ئاوی ڕووبارەکەدا دابەزیم، یەکێکی کێشا بە گێپەڕەی ملمدا و ڕزگاری کردم؛ ئیدی ڕووبار لە دەممەوە هاتە دەرەوە و قوڵپەقوڵپ لە بیاباندا هەڵقووڵا…. کاتێک زانیم لەودیو ماڵمانەوە گەمە دەکا، لە یەکێ لە گێژەنە بەهارییەکاندا براکەمی قووت دا و نەیداینەوە، دایکم ئاگاداری کردمەوە زیاتر لە هەنگاوێک لە خەرەندەکەی نزیک نەبمەوە. بەڵام منی کوڕە جوامێرەکەی، کە مردنم نەدەناسی، نیوەڕۆیەکیان ڕووبارم کە سەرخەوی دەشکاند، خافڵگیر کرد و خۆم هەڵدایە نێو قووڵاییەکەی، نقوم بووم و هانکەهانکی خنکانم پێکەوت، هەموو ڕووبارەکەم قووت دابوو، سەگەکەم پەلاماری دام و ڕزگاری کردم…دوای چەند چرکەیەک لە مردنێکی سپی و نەرم و تەنک، ڕووبار لە سییەکانم هاتە دەرەوە و بۆ شوێنی خۆی گەڕایەوە.
و/ دلاوەر
تابلۆ: یحیی الشیخ